Erbil 38°C پێنجشەممە 03 تشرینی یەکەم 09:24

جیهانی منداڵان وەک لقێک لە ناسنامەو رۆشنبیری گشتی کۆمەڵگا

خاوەنی هەست و نەست و میتۆدو بیركردنەوەی تایبەت بەخۆیانن
کوردستان TV
100%

جیهانی منداڵان بە بەراورد لەگەڵ گەوران، جیهانێكی تایبەت و جیاوازە، تەنانەت خودی یاساو دەربڕین و گوزارشتكردنیان بۆ پێداویستی و داخوازیەكانی ژیان جیاوازە، بۆ نموونە لە دەربڕینی هەست و ناخی خۆیاندا، خاوەنی زمانێكی سادەو ساكاری وشەو ئەدەب وهونەرن، لە شێوازی تێڕامان و وردبوونەوەی دیاردەو شتەكانی دەوروبەریاندا، خاوەنی هەست و نەست و میتۆدو بیركردنەوەی تایبەت بەخۆیانن، چونكە خاوەنی گرنگترین توێژی كۆمەڵگان، لەوەشدا شتێكی سروشتی و ئاساییە ئەگەر خاوەنی زانیاری و رۆشنبیریەكی تایبەت بەخۆیانبن.

لەم روانگەوە رۆشنبیری منداڵان كۆت و پێوەندی بەربەستەكانی پەیبردن بە هەقیقەت و جوانیەكان دەشكێنێ، بوار لەبەردەم خۆناسین دەڕەخسێنێ كە هەست بە بوونی خۆیان بكەن، نەك بوونی خۆیان وەك ئامێرێكی پلەیستەیشن، چۆن ویسترا، ئاوا ئاڕاستە بكرێن.

هەڵبەتە وەدەستخستنی زانست و زانیاری و سەركەوتن لەخودی قوتابخانە بەرتەسك نابێتەوە كە ئەوەی نەخوێندەوارە هیچ نازانێ و هیچی لێ بەرهەم نایەت، لە كاتێكدا رام و گۆشكردنی مێشك و پەروەردەكردنی هزرو بەگەڕخستنی توانا شاراوەكان، دڕ بە هەموو سنوورو مەوداكان دەدات و بەستەڵەكی بێ هیوایی دەشكێنێت.

كاتێك باس لە رۆشنبیری منداڵان دەكەین وەك پێویستیەكی هەنووكەیی و هەمیشەیی ژیان، دەبێ هەڵوێستە لەسەر ئامانج و گرنگی ئەو رۆشنبیریە بكەین كە بەو هۆیەوە دەتوانین كەش و هەوایەكی ئەرێنی بۆ منداڵان بڕەخسێنین بۆ ئەوەی منداڵان بتوانن ئازادانە گوزارشت لەو جیهانە پاك و بێگەردە بكەن كە لەو قۆناغەدا تێیدا گوزەر دەكەن.

مرۆڤ كە لە رۆشنبیری داشۆرا، وەك دارێكی زڕو بێ بەر، سوودی بۆ دەوروبەری خۆی نابێ، بەتایبەت لە سایەو سەردەمی كرانەوەی جیهانگیری دا، رەوشی تەكنەلۆژیاو تازەگەی بە فرە رۆشنبیری جیاوازی گەلانەوە هەنگاوی خێرای بە هەموو كایەكانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە سەرتاسەری دونیا تەنیوە، نەخاسمە پایەكانی پەروەردەو گەشەكردنی منداڵ كە رۆشنبیری گرنگترین هۆكارە تاوەكو یارمەتیەكی زۆری منداڵان بدات لە بەدەستهێنانی سەركەوتن لە سێ ئاستی: پیشەیی و زانیاری و كۆمەڵایەتی.

رۆشنبیری منداڵ لە هەمووكۆمەڵگاكان لقێكی بنەڕەتی و سەرەكی شێوازی بچووك كراوەی سەربەخۆیە لە ناسنامەو رۆشنبیری گشتی كۆمەڵ كە تا ئێستا پێناسەیەكی دیاریكراوی نییەو لەلایەن شارەزایانی بواری پەروەردەوە لە رووی شێوەو فۆڕم و ناوەڕۆكی سەرچاوەی ئەو رۆشنبیریە، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ كراوە، وەلێ دۆزینەوەی بەهرە لە هەر یەك لە شیعرو چیڕۆك و شانۆو وێنەكێشان و سروودو گۆرانی و دەستڕەنگینی و تەنانەت قسەی خۆشیش بە هەڵقوڵاوی بەرهەم و سەرچاوەی رۆشنبیری منداڵان دادەندرێ بۆ ئەوەی لەو رێگەوە پانتایی توانستی ئەقڵی و جەستەیی و لایەنی دەروونی بەگەڕ بخات دوور لە كۆپی پەیسی بیری گەوران، هەرچەندە گەوران دەتوانن ببنە پردو دەستبار، هاوكارو هەماهەنگی هەر هەنگاوێكی منداڵان بكەن كە منداڵ بتوانێ پەرە بە رۆشنبیری خۆی بدات كە لە داهاتوودا پشت بەخۆی ببەستێ و ببێتە كەسێكی رۆشنبیرو داهێنەر.

كەواتە ئەگەر تواندرا ئامانجەكان دیاری بكرێ، كەواتە هەنگاوەكان بەرەو خۆناسین رێچكەی خۆیان دەگرنە بەرو رۆشنبیری لە ناخی منداڵ بەرهەم دێنن.

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی
 

كوردستان TV

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.