ئەنجومەنی وەزیران هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش و دوو پەیڕەوی تایبەت بە ماف و ئیمتیازاتەکانی زیندانیکراو و گیراوی سیاسیی و میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان تاووتوێ دەکات .
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/10/28 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بابەتی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و هەوڵەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش ( یونیتاد UNITAD ) خستەڕوو . دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجومەنی وەزیران کۆمەڵێک پێشنیار و بڕیاری لەمبارەیەوە پەسەند کرد.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕەشنووسی پڕۆژەی تایبەت بە دوو پەیڕەوی خستەڕوو، کە بریتی بوون لە (پەیڕەوی ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان) و (پەیڕەوی دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالکراوان) .
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، لە کاتێکدا جەخت لە دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و ستایشکردنی خەباتی شەھیدە سەربەرزەکان کە گیانی خۆیان لە پێناوی گەل و نیشتیماندا بەختکردووە و خەباتی زیندانی سیاسیەکان دەکاتەوە.
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ڕاسپارد کە درێژە بە پرۆسەی چاکسازیی بدات لە لیستی ناوی ئەوانەی کە بە ناشایستەیی سوودمەندن لەو ماف و ئیمتیازاتانە و جەختکرایەوە لە پاراستنی ماف و ئیمتیازاتی ئەوانەی شایستەی وەرگرتنی ئەو ماف و ئیمتیازاتانەن.
ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆکردن، لە ڕووی مەبدەئیەوە هەردوو پەیڕەوەکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو تێبینی و سەرنجانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو، بە ئاراستەی باشترکردنی ژیان و بژیۆی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسی و پاراستنی مافەکانیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.