ماوهیهكه چەکدارانی داعش دزەیان کردووەتە ھەندێ ناوچەی کەرکووک کە بۆ یەکەم جارە داعش دەگاتە ئەو ناوچانە و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش ھۆشداری دەدات و دەڵێت، زانیاریمان ھەیە فەرمان کراوە بە ھێزە عێراقییەکان تەقە لە چەکدارانی داعش نەکرێت.
نووری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووکی پێشمەرگە لهبارهی دزهكردنی چهكدارانی داعشهوه بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان و کەرکووک زۆر زیادی کردووە و چەکدارانی داعش گەیشتوونەتە ناوچەکانی سێگردکان و شێخ بزێنی و ناوچەی شوان، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئەو ناوچانە و ڕێگەی کەرکووک- ھەولێریش لەژێر مەترسیدایە، چونکە ئەو ناوچانە دەکەونە نزیک ڕێگەی سەرەکی."
ڕاشیگهیاند: زانیاریی ھەوالگەریمان ھەیە ھێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق لە ناوچەکانی کەرکووک چەکدارانی داعش دەبینین و تەقەیان لێ ناکەن، ھەتا زانیاریمان ھەیە ئەفسەرانی عێراقی داوایان لە کارمەند و سەربازانی عێراقی کردووە تەقە لە چەکدارانی داعش نەکرێت، ئەمەش جێگەی گومان و پرسیارە، بۆچی چەکدارانی داعش بە ئاشکرا لە ھەندێ ناوچەی کەرکووک جووڵە دەکەن و ھێزەکانیش بەرەنگاریان نابنەوە."
نووری حەمە عەلی ههروهها جەختیشى کردەوە: "گەیشتنی دەستی داعش بۆ ھەندێ ناوچەی کەرکووک زۆر مەترسیدارە، بەتایبەتی ئەو ناوچانە پێشتر داعشیان تێدا نەبووە، ھەموو ئەو ناوچانە دەکەونە سنووری دەسەڵاتی ھێزە عێراقییەکان و ئەگەر بێت و پێشمەرگە لەو سنوورە ھەبووایە دەستی خۆی دەوەشاند."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.