بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر رایگهیاند: ئەو کەسانهی هەڵیان کوتابووە سەر دەرمانخانەیەک لە لاوان و هەروەها کافتریایەک لە ناو هەولێر، ئەوانە دەستگیرکراون و ئێستا پەڕاوى لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
عەمید دلێر نەجار بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر له لێدوانێكی بۆ کوردستان تى ڤی گوتی: ئەو كەسانەی هێرشیان كردە سەر دەرمانخانەو كافتریاکەی هەولێردەستگیر كران و گوتیشی: هیچ تاوانبارێك لە ژێر دەستی ئێمه ڕزگاری نابێت.
بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر ئەوەى ڕوون کردەوە کە ئەو کەس و گروپ و تاقمانەى کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەڵیان کوتابووە سەر دەرمانخانەیەک لە لاوان و هەروەها کافتریایەک لە ناو هەولێر، ئەوانە دەستگیرکراون و ئێستا پەڕاوى لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە تەنها چەند کەسێک ماوە دهستگیر بكرێن، ئەوانیش لە ڕۆژانى دادێت دەستگیر دەکرێن و بەهیچ شێوەیەک لە ژێر دەستى ئێمە ڕزگاریان نابێت.
عەمید دلێر نەجار گوتیشی: ئێمە ڕۆژانە مەفرەزەى تایبەتمان هەیە بە ووردى چاودێری ئەو کەسانە دەکەین کە کارى نەشیاو دەکەن بەردەوامیش پشکنین و بۆ کۆمەڵێک شوێن دەکەین کە گومانمان هەبێت لەوێ خەڵکێک هەبێت دەرمان خۆر یا چەقۆ کێش بن، هەموو ئەوانە دەستگیر دەکرێن و هەریەکەو بە ماددەى یاسیایی خۆیان بەند دەکرێن.
هاوکات ئەو لێدوانەى بەڕێوەبەرى پۆلیسى هەولێر دواى ئەوە دێت کە لە ژمارەیەک پەیج و ماڵپەر ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هەولێر بۆتە شاری مافیاکان و یاسا بوونى نییەو هەر بە هەوەس خەڵکانێک هەڵ دەکوتنە سەر بازاڕو دوکان و کافتریاى خەڵکی.
ئا/ فەرمان عەلی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.