هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی كۆچی دوایی د. نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك سەرەخۆشی لە خاواده‌ی دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كه‌ركوك دەكات.
ده‌قی په‌یامه‌كه:
په‌یامی هاوخه‌میى هێمن هه‌ورامی بۆ كۆچی دوایى نه‌جمه‌دین كه‌ریم
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتڤان و ئەکادیمیستی ناوداری کوردستان و پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك، دکتۆر نەجمەدین کەریم-مان بیست.
نەجمەدین کەریم، لەتەمەنی خۆیدا هەمیشە بەرگریکارێکی سەرسەختی مافەکانی خەڵکی کوردستان بووە، ئەو لەتەمەنی گەنجییەوە لەکەرکوک دەستی داوەتە خەباتکردن بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکان، ئەو لەشۆڕِشی ئەیلول لەنزیک رابەری بزاڤی رزگاریخوازیی کوردستان مەلا مستەفا بارزانی بووەو هاوەڵی ئەویش بووە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەر تا کۆچی دوایی.
نەجمەدین کەریم لەتاراوگە لەچالاکی و هەوڵدان بۆ بەرگری لەخەڵک نەپساوەتەوەو كۆنگره‌ى نیشتیمانیی کورد (كه‌ى ئێن سى) لەئەمەریکا لەدیارترین هەوڵەکانییەتی.
پێداگیریی ئەو لەسەر بەیەکەوە بەستنەوەی کەرکوک لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەڕیفراندۆمی سەربەخۆیی و بەرگریکردن و وەستانەوە لەدژی داگیرکاری، مەزنترین هەڵوێستی ئەو بوون و ناوی بەبەرزییەوە لەمێژووی نەتەوەکەی دەمێنێتەوە.
بەو بۆنە خەمناکەوە پرسه‌و سەرەخۆشی لەخۆمان و سەرجەم سەربەخۆییخوازان و رێبوارانی رێگه‌ی رزگاریی کوردستان دەکەین، له‌خوداى گه‌وره داواكارین كۆچكردوو به‌به‌هه‌شتی به‌رینى خۆی شاد بكات و سه‌بوورى و ئارامی به‌هه‌موولایه‌ك ببه‌خشێت.
"أنا لله وأنا الیه را‌جعون"
هێمن هه‌ورامی
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان
2020/10/31
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.