Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 12:32

ئه‌مڕۆ  چلەی هونەرمەند عەباس ژاژڵەیی به‌رێوه‌ده‌چێت

لە بواری هونەریدا لە دەیان دراما و شانۆ و فیلم و كورتە فیلم و درامای ڕادیۆدا كاری كردووە
کوردستان TV
100%

لقی سلێمانی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان،رایگه‌یاند" لەچلەی هونەرمەند عەباس ژاژڵەیی، ئه‌مڕۆ شەممە 31-10-2020، سەعات 03:30 دەقیقەی پاشنیوەڕۆ لەهۆڵی رۆشنبیری سلێمانی مەراسیمێك سازدەكرێت". 

هونەرمەند  "عەباس ژاژڵەیی" لە ساڵی شەستەکانی سەدەی رابردوەوە بە لاوێتی دەستی بەکاری نواندن کردووەو لە حەفتاو هەشتاکانی سەدەی رابردوودا بووە بەیەکێک لەهونەرمەندە ناسراوەکانی کوردستان و لەچەندان شانۆگەری و درامای تەلەفزیۆنیدا بەشداری کردووە

ناوی تەواوی (عەباس مەلا معروف مەلا علی مەلا مەمەد چاومار)ە ، ناسراوە بە عەباس ژاژڵەیی.

لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی ژاژڵەی سەر بە قەزای ماوەت لەدایكبووە، قۆناغی منداڵی و سەرەتایی لە گوندی ژاژڵە تەواو كردووە و پاشان بۆ خوێندن ڕوو لە شاری سلێمانی دەكات و قۆناغەكانی تری قوتابخانەی لە سلێمانی تەواو كردووە. لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ خاتوو گەلاوێژ كەریم هاوسەرگیری دەكات و دەبنە خاوەنی پێنج منداڵ، دوو كچ و سێ كوڕ بە ناوەكانی (سوهەیلە، سیروان، سروە، سۆران، سیڤان) و هەر لە سلێمانی دەەمێنێتەوە و ئیتر نەگەڕاوەتەوە بۆ گوندی ژاژڵە تا ساڵی ١٩٧٤ لەو ساڵەدا مامۆستای قوتابخانەی گوندی (گوڵێ) بووە تاكو نسكۆی شۆڕشی ئەیلول پاشان گەڕاوەتەوە سلێمانی و لەلایەن ڕژێمەوە (نەفی) دووردەخرێتەوە بۆ شاری بەسڕە و دوای گەڕانەوەی بۆ شاری سلێمانی دەبێتە فەرمانبەر لە فەرمانگەی بیناسازیی، لە ساڵی ١٩٩٠ لەبەر ئەوەی نەبووە بە بەعسی لە كارەكەی دوور دەخرێتەوە و تا لە ساڵی ١٩٩٠ دەگەڕێتەوە سەر كارەكەی و بەردەوام دەبێت تا ساڵی ٢٠١٤ خانەنشین دەكرێت.

لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ هونەرمەندی كۆچكردوو حاجی مەكی و چەند هونەرمەندێكی تر تیپی هونەری میللی یەكێتی نەقابەكانی كرێكارانی سلێمانیان دامەزراندووە و پاشان بووە بە سەرۆكی تیپەكە، دواتر دەبێتە سەرۆكی تیپی شانۆی ئاشتی و دامەزرێنەری تیپی شانۆی ( ژاژڵە و ماوەت) و سكرتێری سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بووە.

لە بواری هونەریدا لە دەیان دراما و شانۆ و فیلم و كورتە فیلم و درامای ڕادیۆدا كاری كردووە وەك ئەكتەر و دەرهێنەر، نموونە کارەکانی وەک ( بووكی ژێر دەواری ڕەش، شەوێك لە ژیانی خانزاد، گڵكۆی تازەی لەیل، بوون بە خۆر، ژیلەمۆی ئەوین) و چەندین كاری تری بۆ تەلەفیزیۆن دەرهێناوە.

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەهۆی نەخۆشی درێژخایەن ناتوانێت چیتر لە كاری هونەری بەردەوام بێت و لە ٢٥ی ئەیلول ٢٠٢٠ بەهۆی نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

عەباس ژاژڵەیی هه‌رچوار  منداڵەکانیشی سیروان ، سروه‌ ، سیڤان ، سۆران رێچكه‌ی هونه‌ریان گرتوه‌.

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.