Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 06:11

شاعیری ناسراوی کوردستان (جەلالی مەلەکشا) کۆچی دوایکرد

بە جەڵتەی دڵ لە شاری سنە کۆچی دواییکرد
کوردستان TV
100%

‌جەلال مەلەکشای شاعیرى ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە تەمەنی 69 ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ لە شاری سنە کۆچی دواییکرد.

 ماوەیەک لە شاری هەولێر لە گۆڤاری پرشنگ سەرقاڵی کاری رۆژنامەڤانی بووە، لە شاری سنەش لەگەڵ چەند هەفتەنامە و گۆڤارێکدا کاری کردووە.

 
جەلال مەلەکشا، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کوردی خەڵکی سنە، چەند ڕۆژێکە باری تەندروستیی ناجێگیرە 
 
كۆچی دوایی جەلال مەلەکشا لە ئاستی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە 
 
جەلال مەلەکشا سالی 1333ی هەتاوی (1964ی زایینی) لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایک بووە. ھەر لە شاری سنە خوێندوویەتی و بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرتووە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە.

مەلەکشا شاعیرێکی دەرەوەست و نەتەوەییە کەلە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی نووسیوە و لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، کراوەتە ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران.

مەلەکشا لە بواری شیعر و چیرۆکی کوردی و فارسیدا خاوەن گەلێک بەرهەمە و هاوکات لە بواری وەرگێڕانیشدا دەستێکی باڵای هەبووە و چەند بەرهەمێکی گرنگی وەرگێڕاوە، بەڵام بەهۆی بێدەرەتانی و هاوکات سانسۆری دامودەزگا فەرهەنگییەکانی ئێران، تەنیا دوو کۆمەڵە شیعر و کۆمەڵە چیرۆکێکی بەناوی (زڕەی زنجیری وشە دیلەکان، بەشێک لە شێعرەکانی جەلال مەلەکشا و کارەسات) چاپ و بڵاو کراونەتەوە.

ktv

شیعرەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سویدی و... وەرگێڕدراون.

جەلال مەلەکشا ماوەی چەند ساڵێکیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە، سەرنووسەری گۆڤاری (پرشنگ) بووە کە پێنج ژمارەی لێ چاپ کراوە و پاشان لە دامەزراوەی فەرهەنگیی ئەندێشەی ئەحمەدی خانی لە ورمێ چالاک و سەرقاڵی ڕاهێنان و پەروەردەوی نووسەر و ئەدیبانی گەنجی کورد بووە.
بەرهەمی مەلەکشا هیچکات لە هەمبەر نەریت و تایبەتمدندیییە ڕۆژانەکاندا کۆڵی نەداوە و هەر ئەم خەسڵەتە بووەتە هۆی ئەوەی شیعرەکانی هەردەم نوێ بن. عەشقی ڕۆمانتیک لە شیعری مەلەکشادا لە خزمەتی ئەندێشەی ڕزگاربوونە لە ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەییدایە. جەلال سەرکوت و ستەم و دیکتاتۆری بە بەربەستێکی بەردەم گەیشتن بە ئەشقی خەیاڵیی خۆی دەزانێت. لەخۆبردوویی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، هیچکات لە شیعری مەلەکشا جیا نەبۆتەوە، چاوەڕوانی، بێ مانایی سەردەم و جۆرێک لە نهێلێزم لە سەرەتای شیعری جەلالدا دەبینرێت، کە سەرەنجام پاش چەشتنی ئازار و ڕەنجی زۆر، شاعیر چەشنی کێوی ئاویەر، هێشتا سەربەخۆ، خۆڕاگر و کۆڵنەدەرانە لە نووسین بەردەوامە و هیچکاتێ شیعر و نووسین و قەڵەمەکەی نەکردووەتە قوربانیی ناوونیشان و پلە و پایە.

 نموونەیەک لە شیعرەکانی مەلەکشا:


ئاواتێک
جەلالی مەلەکشا
ئاخۆ کەی بێ ئەورۆژە بێ 
کاوەی کوڕم جانتای سەفەر کاتە شانی 
دەڵاڵانی بەرگەراجی شاری سنە
هاوار بکەن 
سلێمانی......سلێمانی

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.