Erbil 38°C ھەینی 04 تشرینی یەکەم 16:25

ئەمساڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا کورسى پێویستى بۆ 100%ى دەرچووان دابینکردووە

کوردستان TV
100%


بۆ یەکەمجار لەمێژوى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخاندەکات. بۆ ئەمەش لە ئێستادا (٨٧%) دەرچوان لە زانكۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون، بە پڕکردنەوەى کورسیە بەتاڵەکانیش ڕێژەى وەرگرتن دەبێتە (١٠٠%).

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتى (١/١١/٢٠٢٠) لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بە وەکالەت و ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن، وردەکارى و داتاى وەرگیراوانى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لەهەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندن ڕاگەیاند.

لەدەسپێکدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى پیرۆزباى لەدەرچوانى پۆلى دوانزە کردو ڕایگەیاند قوتابيان سەرمایەى مرۆیى گرنگى ئەم هەرێمەن و ئێمە وەک وەزارەت تەواوى ئامادەکارى و پشتیوانیان دەبین بۆ سەرکەوتنیان لەپرۆسەى خوێندن.

لەبارەى دواکەوتنى ڕاگەیاندنى ناوى دەرچوان وتى، بەو هۆیەى پرۆسەى وەرگرتن پڕۆسەیەکى وردو تەکنیکیە، لەلایەکى دیکەشەوە ئەمساڵ لە بارودۆخێکى تەواو جیاواز هەم تاقیکردنەوەکان هەمیش پرۆسەى خوێندن بەڕێوەچو ئەویش بەهۆى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆناو ڕاگرتنى پرۆسەى خوێندن لە بەشێکى ساڵى ڕابردو لە ناوەندەکانى خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە لەسەر هێڵ بوین و ئەمڕۆش ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین. بۆیە جێگەى خۆیەتى سوپاسى وەزارەتى پەروەردەو تەواوى زانکۆکانى کوردستان بکەین.

لەبارەى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، د. خەتاب ئەحمەد شێخانى وتى: لەسەر راسپاردەى  د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەمەبەستى ڕەخساندنى زۆرترین دەرفەتى خوێندن و زیادکردنى کورسى خوێندن بۆ دەرچوان، چەند جارێک پلانى وەرگرتن بۆ دەرچوان زیادکرا، لەو پێناوەشدا بۆ یەکەمجارە لە مێژوى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان پلانى وەرگرتن بۆ (٥٦٨٠٤) کورسى زیادکرا، ئامانج لە زیادکردنى پلانیش رەخساندنى زۆرترین دەرفەت بو بۆ پێشکەشکاران.

بۆ ئەمەش ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، دواى ڕاگەیاندنى زانکۆلاین بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى (٥٤٣٩٦) دەرچو داواکاریان پێشکەشکرد جگە لەوەش (٥٣٠٢) دەرچوى ساڵانى ڕابردوش داواکارییان پێشکەشکرد. لەئەنجامدا (٤٧١٧٦) دەرچو کە دەکاتە ڕێژەى (٨٧%) لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران لە ئێستادا.

وتیشى: (٧١١٨) دەرچو بەهۆى هەڵە پڕکردنەوەو هەڵنەبژاردنى شوێنى گونجاو لەگەڵ نمرەکانیان لە قۆناغى یەکەمدا وەرنەگیراوان کە ڕێژەکەیان بریتیە لە (١٣%). لەهەمان کاتیشدا (٨١١٩) کورسى بەتاڵ ماوتەوە، بۆیە ئەم ژمارەى کە وەرنەگیراوە لە ڕێگەى سیستمەکەوە دەتوانن یەکێک لەو بەشانە هەڵبژێرن کە کورسى بەتاڵى هەیە، ئەمەش لە ڕێگەى پرۆسەى سکاڵا و وێبسایتى ڕێگەى زانکۆ دەبێت کە لەڕۆژى سێشەمەوە کارا دەکرێت، کاتێک پێشەکەشکارەکە بەهەمان یوزەرنەیم و پاسۆرد دەچێتە نێو سیستەمەکە ئەوا سیستەمەکە بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى کورسەیە بەتاڵەکان دەخاتە بەردەست کە مافى وەرگرتنى تێدایە، دواى تەواوبونى ئەم پرۆسانە ڕێژەى وەرگرتن هاوشێوەى ساڵى ڕابردو دەبێتە (١٠٠%). 

سەبارەت بە وەرگیراوان بەپێى سیستمەکانى وەرگرتن، لە خوێندنى گشتى (بەخۆرایى)، پارالێل،  ئێواران، بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، (٦٥%) وەرگیراوان بریتین لە خوێندنى گشتى واتە بەخۆڕایى، (١٧%)ى بریتین لە وەرگیراوانى پارالێل، (١٨%)ى بریتین لە وەرگیراوانى ئێواران.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا د. خەتاب ئەحمەد شێخانى ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، (٥٣٠٢) پێشکەشکارى ساڵانى ڕابردوش داواکارییان پێشکەش کردوە بۆ وەرگرتن، لە ئەنجامدا (٢٣١٨) پێشکەشکار بۆ ئەمساڵى خوێندن وەرگیراون، بەمەش کۆى وەرگیراوان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) لە ئێستادا بریتیە لە (٤٩٤٩٦) وەرگیراو لە زانکۆو پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بە وەکالەت ئاماژەى بۆ ئەوە کرد سەرەڕاى وەرگرتنى ئەم ژمارە لە دەرچوان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بەشێکى تر لە دەرچوان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە ڕێگەو میکانیزى جیاوازتر وەردەگیرێن کە بریتیتن لە: (سیستمى پۆلیتەکنیک، پێشکەشکارانى کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، خوێندنگە نێودەوڵەتیەکان، یەکەمى پەیمانگەکان، دەرچوانى ئامادەییە پیشەییەکان). بەم پێیەش ژمارەى وەرگیراوانى ئێستا کە بریتیە لە (٤٩٤٩٦) ژمارەکە زیاد دەبێت بۆ سەرو ٥٠ هەزار وەرگیراو.

د.خەتاب ئەحمەد شێخانى دەرچوانى پۆلى دوانزەی ئامادەیی ئاگادار كرد، كه‌ ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (١/١١/٢٠٢٠)، لە سەعات (٤) بەدواوە لە ڕێگەی وێبسایتی ئەلیكترۆنی  (www.regayzanko.com)  بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمەکانیان پێ‌ بڕكردبوە دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.

لەبارەى پێشکەشکردنى سکاڵا، د.خەتاب شێخانى وتى: ئەو دەرچوانەى سکاڵایان هەیە بەهەمان پاسۆرد و یوزەرنەیمەوە دەچنە ناو سیستمەکەو دەتوانن سکاڵا پێشکەش بکەن تاکو کۆتاى ئەم هەفتەیە پێشکەشکردنى سکاڵا بەردەوام دەبێت. بۆ ئەوانەشى وەرنەگیراون سکاڵا لە ڕۆژى سێشەمەوە بۆ وەرنەگیراوان کارا دەبێت و دەتوانن سکاڵا و داواکارى بۆ کورسیە بەتاڵەکان پێشکەش بکەن.

سەبارەت بە پەیوەندى کردن بە زانکۆکان، ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن وتى: وەرگیراوان بە جێبەجێکردنى ڕێککارە تەندروستیەکان لە سبەینێ وە خۆیان لە زانکۆکان تۆمار بکەن، کە تاکو (١٥/١١/٢٠٢٠) بەردەوام دەبێت، بۆیە دواى ڕاگەیاندنى ناوەکان پێویست ناکات هیچ وەرگیراوێک سەردانى وەزارەت بکات بەڵکو بۆ هەر پرسیار و مامەڵەیەک سەردانى تۆمارى گشتى زانکۆکان بکەن، ئەویش بە جێبەجێکردنى ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ پاراستنى گیان و سەلامەتى سەرجەم دەرچوان.

لە کۆتاى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، د. خەتاب ئەحمەد شێخانى بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى ئەنجومەنى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و مامۆستایانى کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان و هاوکاریان بۆ وەزارەت بەمەبەستى دابینکردنى زۆرترین ژمارەى کورسى بۆ دەرچوان، هەروەک سوپاسى ناوەندى وەرگرتنى لە دیوانى وەزارەت کرد بۆ هەوڵەکانیان لەم ماوەیەدا بۆ وەرگرتنى دەرچوان.
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.