راوێژكاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە رایگەیاند تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێم لەلایەن پەكەكەوە، لێدانە لە بەرژوەندیی خەڵكی كوردستان و برینی قووتیانە، هاوكات پەكەكە پێی ناخۆشە هەرێم و بەغدا لەسەر شنگال گەیشتوونەتە رێككەوتن.
بێوار خنسی، راوێژكاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە و شارەزای نەوت و گاز ڕایگهیاند: تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان، بەهیچ شێوەیەك لێدان نییە لە بەرژوەندییەكانی توركیا و ئەنقەرە تەنیا باج لە بۆرییەكە وەردەگرێت، كە بە خاكی توركیادا دەڕوات، ئەگەر نا زیانەكە بە هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان دەكەوێت.
زیاتر گوتیشی، ئەوەی پەكەكە كردوویەتی لێدانە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و برینی قووتی خەڵكی كوردستانە، كە رۆژانە بە ملیۆنان دۆلار زیان لە هەرێمی كوردستان دەدات، چونكە قووتی خەڵكی كوردستان لەسەر داهاتی نەوتە و ئەوانیش بۆری نەوتیان تەقاندووەتەوە و هەناردەكردنی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە راگیراوە.
خنسی روونیكردەوە، ئەوەی دەكرێ پیلانێكە و ئەجیندایەكی دەرەكییە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، كە گوشار لەسەر هەرێم دروست بكەن بەهۆی ئەوەی رێككەوتنی لەگەڵ بەغدا كردووە بەتایبەت لەسەر شنگال بۆ ئەوەی جێبەجێ نەكرێت، ئەگەر نا چەندان بۆری نەوتی ئێران بە خاكی توركیا دەروا و هەرێمی كوردستان یەك بۆری نەوتی هەیە، ئەویش بەتەنیا كراوەتە ئامانج، بۆیە مەبەست لە تەقاندنەوەی بۆری نەوتەكە هەرێمی كوردستان بووە نەك توركیا.
رۆژی چوارشهممهی (28ی تشرینی یهكهم/ ئۆكتۆبهری 2020)، پارتی كرێكارانی كوردستان (چهكدارانی پهكهكه) پرۆسهی ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستانی له رێگهی هێڵی نهوتگوێزهرهوهی بهندهری جهیهانی توركیا تهقاندهوه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.