Erbil 38°C ھەینی 04 تشرینی یەکەم 18:27

دکتۆر کەمال کەرکوکی به‌رپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک -گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان پرسەنامەیەکی بڵاو کردەوە

کوردستان TV
100%


 دکتۆر كەمال كەركووكی به‌رپرسی  ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک -گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان پرسەنامەیەكی بە بۆنەی كۆچی دوایی فاتیح محەمەد ئەمین بەگ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان بڵاو كردەوە.


 دەقی پرسەنامەكە:


بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر بەداخەوە هەواڵی کۆچی دوایی هەڤاڵی تێکۆشەر و ماندوونەناس و کەسایەتی دیاری شاری کەرکووک، برای یەکەمین شەهیدی شۆرشی ئەیلوولی مەزن، مامۆستا فاتیح محەمەد ئەمین بەگ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان و بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنپێمان گەیشت.

کاکە فاتیح لە بنەماڵەیەکی شۆرشگێڕ و رۆشنبیری شاری کەرکووک لە ساڵی ١٩٣٧هاتووەتە ژیانەوە، لە سەرەتای لاوێتیەوە دەچێتە ریزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە و لە رێکخستنە نهێنیەکانی ناو شاری کەرکووک دەست بە خەبات دەکات، بەوپەری توانا و چاونەترس و خۆنەویستیانە بەردەوامی بەکار و چالاکی دەدات بۆ هۆشیارکردنەوە و کۆکردنەوەی جەماوەر دژ بە داگیرکەرانی خاکی کوردستان لە پێناو وەدیهێنانی مافی رەوای گەلەکەمان لەسەر رۆشنایی رێبازی پارتی و بارزانی نەمر.

‌مامۆستا فاتیح کۆڵێژی ئەدەبیاتی زانکۆی بەغدا بەشی کوردی تەواو دەکات و دەبێتە مامۆستا، لەگەڵ یەکەمین چرکەساتی هەڵگیرساندنی شۆرشی ئەیلوولی مەزن، کاک فاتیح و بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان بەشداری شۆرش دەکەن لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی خاکی پیرۆزی کوردستان، کاک حەسیب برای مامۆستا لە شەڕێکی بەرگریی کەموێنەدا لە ساڵی ١٩٦١ دەبێتە یەکەم شەهیدی شۆرشی ئەیلوولی مەزن لە کوردستاندا.

کاکە فاتیح وەکو مامۆستایەک و کادیرێکی خەمخۆری کوردایەتی بە هەموو توانایەکیەوە لێهاتووانە و دڵسۆزانە کارەکانی ڕایەڵە دەکرد لە پارێزگای کەرکووک، بۆیە دەکرێتە بەرێوەبەری بەشی کوردی لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکووک، دوای رێکەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ی مێژوویی لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠-١٩٧٤ رۆڵی بەرچاوی بینی لە چەسپاندنی خوێندن بە زمانی دایک و کردنەوەی قوتابخانەی کوردی لە شارەکە، جگە لەوەش ئەندامێکی کارای یەکێتی مامۆستایانی کوردستان - لقی کەرکووک بوو.


لە دوای نسکۆی شۆرشی ئەیلوولی مەزن ساڵی ١٩٧٥ مامۆستا فاتیح ئاوارەی باشووری عێراق دەبێت، لە دوای راپەرینی بەهاری ١٩٩١ مامۆستا بەردەوام دەبێت لە تێکۆشان و لە تەمەنی لاوێتی دەبێتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان بە ئەندام پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ و لە کابینەی یەکەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە بەرێوەبەری پەروەردەی سلێمانی، لە ساڵی (١٩٩٣) دەبێتە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی کوردستان و لە ساڵی ٢٠١١ لەبەر دڵسۆزی و پێگەی کۆمەڵایەتی و پیشەیی و ئەزموون و خزمەتکردن و ماندووبوونی، مامۆستا دەکرێتە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک-گەرمیان و دەبێتە بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.


بە داخەوە بەرەبەیانی ئەمرۆ بەهۆی نەخۆشی کۆرۆنا لە هەولێری پایتەخت دوور لە زێدی خۆی کەرکووکی دڵی کوردستان، ماڵئاوایی دەکات و دەچێتە بەر رەحمەتی خوای گەورە، لەدەستدانی مامۆستا فاتیح کە خاوەنی مێژوویەکی پر لە خەبات و ئەزمون و فیداکاری و سەروەریە، خەسارەتێکی گەورەیە بۆ پارتیمان لە کوردستان و بە تایبەتی لە سنووری کەرکووک -گەرمیان.

بەم بۆنە خەمناکەوە بەناوی خۆم و دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمان لە سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک -گەرمیان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خێزانە بەرێزەکەی و بنەماڵە و هەڤاڵانی ئەنجوومەن و گشت دۆستانی مامۆستا دەکەین دواکارین لە یەزدانی مەزن جێگای رەحمەتی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.