تەنها یهك رۆژ ماوە سبهی سێشهممه 3 ى 11 ى 2020 هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کە تیایدا سەرۆکی نوێی وڵات و ئەندامانی نوێی کۆنگرێس دیاریی دەکرێن بهرێوهدهچێت
گەرچی هەڵبژاردنی دوو باڵەکەی کۆنگرێس کە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران-ن، بەئەندازەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا گرنگ نییە، بەڵام رۆڵێکی کاریگەری دەبێت لە ئاراستەکردنی سیاسەتی ئەو وڵاتەدا، چونکە هەرکام لە پارتەکان کۆنترۆڵی هەرکام لەو دوو باڵە بگرنە دەست، بەشێوەیەکی بەرچاو رووبەری دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا دیاریی دەکەن.
ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ٤٣٥ کورسی پێکدێت هەر دووساڵ جارێک و ئەنجوومەنی پیران کە لە ١٠٠ کورسی پێکدێت، هەر شەش ساڵ جارێک هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، پارتی دیموکرات زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستهێنا.
لە بەرامبەردا ئەنجوومەنی پیران زۆرینەی ئەندامەکانی سەربە پارتی کۆمار-ین، بەم هۆیەشەوە لە چوار ساڵی رابردوودا، ئاسانکاری زۆریان بۆ تێپەڕاندنی بڕیارەکانی ترەمپ کردووە. لەئێستاشدا راپرسییەکان ئاماژە بە سەرکەوتنی پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەن، بەجۆرێک پێشبینی دەکرێت ئەو پارتە ٢١٤ کورسی و پارتی کۆمار ١٨٢ کورسی بەدەستبهێنن.
ئەو ٣٩ کورسیەی دەشمێنێتەوە هەردوو پارت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانیان دەکەن و ئەم کورسییانەش سەرکەوتنی یەکێک لە پارتەکان یەکلایی دەکەنەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە هاووڵاتییانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران، دەنگدەدەن.
وا پێشبینی دەکرێت پارتی دیموکرات ٤٥ کورسی و پارتی کۆمار ٤٦ کورسی بەدەستبهێنێت، ئەو نۆ کورسییەی دەمێنێتەوە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کام پارت دەبێتە زۆرینەی ئەنجوومەنەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.