بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتی تایبەت لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی و تاووتوێكردنی هۆكار و زیانەكانی تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 2/11/2020، لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان، بەسەرپەرشتی زیاد جەبار سەرۆكی لیژنە و بە ئامادەبوونی جێگر و بڕیاردەر و ئەندامان و راوێژكارانی لێژنەکە، كۆبوونەوە.
لهراگهیاندراوێكدا لێژنهكه بڵاوی كردهوه كه لە تەوەری یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، تاووتوێی ئامادەكردنی راپۆرتێكی تایبەت لەسەر جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشین لە هەرێمی كوردستان – عیراق، كرا،و پێشنیازی ئەوە كرا بەمەبەستی دیاریكردنی خاڵە گرنگەكان و هەنگاوەكانی جێبەجێ بوونی یاسای چاكسازی لیژنەی دارایی بەوردی كار لەسەر راپۆرتەكە بكات، هاوکات لێژنەکە پێشنیازی ئەوەی كرد كە راپۆرتەكە ئاڕٍاستەی لیژنە تایبەتمەندییەكانی تری پەرلەمانی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی بەپێی تایبەتمەندییەکانیان هەر لێژنەیەک راپۆرتی خۆی ئامادە بكات.
لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری پەرلەمانی كوردستان ئاماژه بهوهش دهكهن كه لە تەوەرێکیتری كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێم لە سنووری توركیا كرا، كە لەچەند رۆژی رابردوو ئەنجامدراوە، و ئەندامانی لیژنەكەش تیشكیان خستەسەر ئەوەی زیانێكی گەورەی بەئابووری هەرێم گەیاندووەو بەپێی زانیارییەكان ئەم رووداوە رۆژانە نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار زیان بەهەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.
شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.