سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومهتی هەرێمی کوردستان له دیمانهیهكی میدیاییدا تیشك دهخاتهسهر چهند پرس و بابهتێكی ههنوكهیی.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لهبارهی تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەکەکە رایگەیاند، جێگەی داخە پەکەکە ئەو کارانە ئەنجام دەدات، ئەوە دووژمناکارییەکی ئاشکرایە بەرامبەر خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان. شەهیدکردنی بەڕێوەبەری ئاسایشی سەرزێڕ و تەقاندنەوەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان کرداری دووژمنکارانەیە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و مەترسیدارن. روونیشی دهكاتهوه كه، ئەو شوێنەی بۆڕی نەوتی کوردستانی تێدا تەقێندراوەتەوە چەکدارانی پەکەکە بە ئاسانی ناتوانن بگەنە ئەوێ، رەنگە دەستی دیکە لەگەڵ پەکەکە لەو کارەدا هەبووبێت و پەکەکەش پیلانی پێشوەختەی بۆ دانابێت، ئەوانە دەیانەوێت ئەزموونی هەرێمی کوردستان تێکبدەن و بیڕوخێنن. سهربهست لهزگین راشیگهیاند، پەکەکە مەترسی لەسەر هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو حیز بە کوردستانییەکان هەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر ئەوان دەیکەن دژی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ههروها دهڵێ، داوا دەکهین پەکەکە چەکدارانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان دەربکەن و دەست لەو سیاسەتە هەڵبگرن.
بریكاری وهزارهتی پێشمهرگه دهربارهی جوڵاندنی هێز له ناوچهی دینارتهی سهر به قهزای ئاكرێ روونیكردهوه، ئاڵوگۆڕ بە هەندێک هێز کراوە و پێشتریش هێزی پێشمەرگە لەوێ بوون، ئەو گۆڕانکارییانە بۆ ئەوەیە پەکەکە خۆی لەو ناوچانە دووربخەنەوە کە ناوچەکان ئاوەدانییان تێدایە.
سەربەست لەزگین سەبارەت بە رێککەوتنی شنگال دەڵێت ، رێککەوتنی شنگال لە نێوان ههردوو حکومەتی هەرێم و عێراق پێشوازییەکی نێودەوڵەتی لێکرا و خەڵکیش پێی خۆشبوو. بەڵام بەداخەوە ئاستەنگی گەورە لەنێو ئەو رێککەوتنە بوونی چەکدارانی پەکەکەیە. لەبەرئەوە پەکەکە هەوڵدەدەن لە شنگال بمێنن و زیاتر شوێنی خۆیان جێگیربکەن.
لهبارهی گفتوگۆكان لهگهڵ حكومهتی عێراق سهربهست لهزگین ئاشكرای كرد، گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامن و لە ماوەی داهاتوودا دوو ناوەندی هاوئاهەنگی دەکرێنەوە و چەندین لیژنەی هاوبەش دەستنیشانکراون و هیوادارین وەزارەتی بەرگریی عێراق باشتر بێتەپێش و بەپەلەتر ئەو هاوکارییەی لەنێوانماندا هەیە بەهێزتری بکەین.
سەبارەت بە هێرشەکانی سەر هاوپەیمانان لە عێراق لەلایەن گرووپە شیعییەکانەوە، سەربەست لەزگین وتی ، رەوشی عێراق رەوشێکی ئاڵۆزە و کێشەی عێراقیش زۆرن، لەبەرئەوە هەنێک لەو گرووپانە دەرفەت دەدەنە ئەمریکا بۆ دەرکردنی ئەمریکا. ئەمریکا بۆخۆیشی پێش هەڵبژاردن هەوڵی ئەوەی دا کە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا دابخات، لەبەرئەوە هەرشتێک رووبدات کاردانەوەی زۆری دەبێت.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوەش دەدات كه، ئەمریکا ئەو هەماهەنگیەی لەگەڵ پێشمەرگە هەیەتی درێژخایەنە و پلانیان هەیە تاوەکو دوو ساڵی دیکە کارکردنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت و هاوکارییکردنی پێشمەرگەش ماوە و لە رۆژانی داهاتوودا بڕیارە دوو لیوای وەزارەتی پێشمەرگە پڕچەک بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.