وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: حکومەتی عێراق پابەندە بە گەرەنتیکردنی مووچەی دواکەوتووی فەرمانبەران و لەو چوارچێوەیەشدا مستەفا کازمی پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردووە و داوای لێکردون پەلە بکەن لە دەرچواندنی پڕۆژەی قەرز لە پەرلەمان.
ئەحمەد مەلا تەڵال، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: حکومەتی عێراق پابەندە بە دابینکردن و گەرەنتیکردنی مووچەی دواکەوتووی فەرمانبەران، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانیش سەرەڕای ئەوەی داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە رێگەچارەی خێرا بۆ پرسی موچە بدۆزرێتەوە، هاوکات پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیش کردووە و داوای لێکردوون پەلە بکەن لە دەرچواندنی پڕۆژەی قەرز لە پەرلەمان.
لەبارەی رێککەوتنی بەغدا - قاهیرەش لەسەر دۆسیەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان باسی لەوەکرد، بەغدا رێککەوتنی نەوت بەرامبەر ئاوەدانکردنەوەی لەگەڵ میسر واژۆ نەکردووە ، ئەو رێککەوتنانەی واژۆکراون لەژێر رۆشنایی کۆبوونەوەی لوتکەی (عێراق-ئوردون-میسر)دا بوون.
پەیوەست بە ساڵی نوێی خوێندن وتەبێژی کازمی وتی، پرسی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن دەگەڕێتەوە بۆ ئەو رێکارانەی کە وەزارەتی تەندروستی پێشنیازیان دەکات و لە ئێستادا لیژنەیەکی باڵای تەندروستی تاوتوێی چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی دەوام دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.