دوای پێداچوونەوە بە رەوشی تەندروستی، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاری دا بۆ ماوەی یەك مانگ قوتابخانەكان دابخرێن، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردەش دەڵێ، مەرج نییە مانگی داھاتووش قوتابخانەكان بكرێنەوە، چونكە رەوشی تەندروستی لە بەرچاو دەگیرێت.
د. گەلاوێژ عوبێد بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: راگرتنی دەوامی قوتابخانەكان بۆ قۆناغی ئێستا ھەنگاوێكی باش بوو، چونكە بەپێی راپۆرتی پزیشكی، بڕیار لەسەر رەوشی قوتابخانەكان دراوە و تەنیا لە ماوەی یەك مانگاندا زیاتر لە شەش ھەزار مامۆستا و قوتابی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، ئەمەش ژمارەیەكی زۆرە.
بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە دهشڵێت بڕیارە لە سەرەتای مانگی داھاتوودا دیسان ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی بكرێت و راپۆرتێك لەبارەی رەوشی تەندروستی ئامادە دەكرێت، كە لە چوارچێوەی ئەو راپۆرتەدا دواتر بڕیار لەسەر كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان دەدرێت".
پەیوەست بە سیستمی ئەلیكترۆنی، د. گەلاوێژ ئاماژە بۆ ئهوهش دهكات كهبە شێوەیەكی گشتی پڕۆسەكە باشە، سەرەڕای ھەندێ گلەیی، بۆ نموونە ھەندێ ماددە ھەن نەخراونەتە نێو سیستمی ئەلیكترۆنی و ئەو مامۆستایانەی وانەكان دەڵێنەوە، ھەموو قوتابییەك لێیان تێناگات، بە تایبەتی لەوانەی ئینگلیزیدا، ھەڵەی زۆریش ھەیە لەو سیستمەدا و پێویستە كار بۆ باشتركردنی بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.