Erbil 38°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 16:16

جێگرى سه‌رۆکی په‌رله‌مان: هێرش و دەستدرێژیی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکۆنە دەکەین

کوردستان TV
100%

لەبارەی رووداوەکەی ناحیەی چەمانکێ لەپارێزگای دهۆک كه‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هیدبوو، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند: خەڵکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی هەمیشە دووپاتیان کردووەتەوە کە پێویستە پەکەکە نەبێتە هۆکارێک بۆ هێنانەناوەوەی کێشەکان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان.

هێرش و دەستدرێژیی ئەمڕۆی چەکدارانی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرکۆنە دەکەین و داوا دەکەین پەکەکە دەست لەپێشێلکاری و هێرش و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی بۆ سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان هەڵگرێت و چیتر نەبێتە کێشەو گرفت بۆ قەوارەی دەستووری و خەڵکی کوردستان.

هێرش و دەستدرێژیی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە تاکە هێزی شەرعی و دەستووریی هەرێمی کوردستانە، بەڵگەی ئەوەیە کە پەکەکە هەرگیز سڵ لەتێکدانی گیانی برایەتی و تەبایی و یەکڕیزیی کوردستانییانە ناکاتەوەو بەمەنتیقی هێرش و پەلاماردان و دەستدرێژی مامەڵە دەکات.

خەڵکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی هەمیشە دووپاتیان کردووەتەوە کە پێویستە پەکەکە نەبێتە هۆکارێک بۆ هێنانەناوەوەی کێشەکان بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بیانو نەداتە وڵاتانی دراوسێ، بەڵام سەرکێشییەکانی پەکەکەو گرفت دروستکردن هەرگیز دواییان نایەت و لەبری وەڵامدانەوەی دامەزراوە شەرعییەکان و هێزە کوردستانییەکان بەئەرێنی، کەچی هێرش و دەستدرێژی دەکەنە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە کۆتاییدا وێڕای هاوخەمیمان بۆ خانەوادەی ئەو پێشمەرگانه‌ی کە ئەمڕۆ بەهۆی دەستدرێژی و پەلاماردانەکەی پەکەکە شەهید بوون، هاوکات داوا لەخوای گەورە دەکەین بەبەهەشتیان شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

هەرێمی کوردستان لەئێستادا لەهەوڵی بەردەوامدایە بۆ ڕووبەڕووبوونه‌وه‌ی قەیرانی ئابووری و تەندروستی و پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هاوکات بەرپرسیارێتیی هەموو لایەنە سیاسییەکانیشە بەرگری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بکەن و خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان بپارێزن.

هێمن هەورامی
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
2020/11/4

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.