Erbil 38°C یەکشەممە 06 تشرینی یەکەم 13:36

رۆشنبیری مندڵ چیە؟

بایەخدان بە رۆشنبیری منداڵان وەك ئامانجێكی ستراتیژی وڵاتانی دونیا سەیر دەكرێ
کوردستان TV
100%

دەمێكە قسەو باس لەسەر رۆشنبیری منداڵان دەكرێ ئاخۆ غەریزەیەكە بەپێی فۆناغ و ئاستی گەشەكردنی كۆمەڵگا فێر دەبێ یان ئەوەتە بۆماوەییەو هیچ پەیوەندیەكی بە ژینگەو جمو جۆڵ و چالاكی و گۆڕانكاریەكانی دەوروبەر نییە؟

هەڵبەتە پسپۆرانی بواری پەروەردەیی لەمەڕ پێناسەی رۆشنبیری منداڵان، هەر یەكە خوێندنەوەی جیا جیای بۆ ئەو پرسە كردووەو هەر یەكە لە گۆشەنیگایەوە تیشكی خستۆتە سەر ئەو چەمكەو هەموو خوێندنەوەكان تەواو و راستن بۆ گوزارشتكردن لەو دنیا پاك و بێگەردە.

گومان لەوەدا نییە رۆشنبیری حاڵەتێكی غەریزەیی نییە لەگەڵ لەدایك بوونی منداڵ بێتە كایەوەو پەیتا پەیتا بەپێی قۆناغەكانی تەمەن لەگەڵی گەورە ببێ و گەشە بكات، ئەوەش بەو مانایە نیە كە هیچ لە حاڵە بۆماوەییەكانی تێدا نەبێ، بەڵكو ئەم هەنگاوە لە ئەركە بنەڕەتیەكانی (پەیوەندی خێزان و دەوروبەریەوە) پەل و پۆ دەهاوێ كە بەخێرایی میتۆدەكانی رۆشنبیری كۆمەڵگاكەی هەرس بكات و لە گیانلەبەرێكی بایۆلۆژیەوە بۆ گیانلەبەرێكی كۆمەڵایەتی( لە كەسێكی نارۆشنبیر بۆ كەسێكی رۆشنبیر) بگۆڕێ، ئەوەش لەو شتانە رەنگڕێژ بووە كە ئەو رۆشنبیریە لە چەندین كەناڵ و سەرچاوەی جۆراو جۆر وەری دەگرێ، چونكە منداڵ بەقۆناغە هەستیارەكانی ژیان گوزەر دەكات، كەواتە پێویستی بە رۆشنبیری هەمەچەشن و جیاواز هەیە، بەكڵۆجێ لە روانگەی زمان و فۆڕم و ناوەڕۆك و شێوازەوە لەگەڵ ئاستی بیركردنەوەو گەشەی ئەقڵی بسازێ تا ئەو كارانەی ئەنجامی دەدات یان ئەو كارو پیشانەی بۆی دەخرێتە روو، تام و چێژو سوودو خۆشی لێوەربگرێ و لەگەڵ تایبەتمەندیەكانی بگونجێ و هاوتەریب بێت.

رۆشنبیری منداڵان بریتیە لە ئاوێتەو تێكەڵەیەك كە لە چەند شەپۆڵ و ئاڕاستەو لایەكەوە بۆی دێ و وەری دەگرێ، وەك خێزان و یاساو رێساو داب و نەریتی كۆمەڵگاو ئەو زانست و زانیاری و هونەرانەی كاریان تێ دەكات یان خۆی ئەنجامی دەدات لەگەڵ ئەو بیرو باوەڕەی بەناوی ڕەوشتەوە باوەڕی پێیەتی و هەست بە بوونی دەكات و كاریگەری لەسەر كەسایەتی دروست دەكات بۆ ئەوەی ببێتە كەسێكی خودان رۆشنبیر.

لەم سۆنگەوە منداڵ بەپێی فاكتەرەكانی ژینگەی دەوروبەرو رەگەزو قۆناغ و جیاوازی ئاستی رۆشنبیر هەر خێزانێك بە لەبەرچاوگرتنی باری ژیان و گوزەرانی ئابووری و كۆمەڵایەتی سەرچاوەی گرتووە، بۆ نموونە ئاستی رۆشنبیری و زانیاری لەنێوان بابای شارنشین و گوندنشین جیاوازە، وەك چۆن هەمان شت بۆ خێزانێكی دەوڵەمەندو هەژار جیاوازە، ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێ كە دوو جۆر رۆشنبیری بوونی هەیە، یەكێكیان گشتی و ئەویتر تایبەتیە، كەواتە ژینگە رۆڵی كاراو كاریگەر دەگێڕێ بەتایبەت لەرووی دەستەبەركردن و فەراهەمهێنانی كەرەستەو پێداویستەكان، وە ئەگینا لەرووی پێكهاتەوە كەسێكی شارنشین یا دەوڵەمەند هەر ئەو مێشك و ئەقڵەی هەیە كە كەسێكی گوندنشین یا هەژار هەیەتی، وەلێ ژینگەی لەبارو گونجاو بە دابینكردنی هۆكارەكان زەمینەسازی زیاتر دەڕەخسێنێ تا زیاتر پەرە بە ئاستی بیركردنەوەو رۆشنبیری خۆی بدات.

رۆشنبیری منداڵان بەلای زۆربەی توێژەران بریتیە لەو شتانەی لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە وەری دەگرێ لە چالاكیەكانی ناو پۆل و دەرەوەی پۆل لە بەشداریكرد لە یاریە وەرزشیەكان و كاری بەكۆمەڵ و نمایشی شانۆیی چ بینینبێ یا بەشداربوون و خوێندنەوەی چیڕۆك و سەگوزشتەو هۆنراوەو سروودو ئەو گۆرانیانەی گوێبیستی دەبێ و چێژی لێ وەردەگرێ و شوێنێ لە هزرو زەین و هۆشی جێ دێڵێت.

رۆشنبیر منداڵان لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكی تر جیایە، وەك چۆن رۆشنبیری منداڵ یەك ڕەنگ و شێوە نیە، كەچی بەشێوەیەكی گشتی، ناسنامەو مۆرك و تایبەتمەندی و سیماو خەسڵەتە جیاوازەكانی منداڵان ئایندەی كۆمەڵگا بنیاتدەنێ كە لە ژێر سایەو سێبەری رۆشنبیری گشتی هەمووان كۆبكاتەوە.

لەم رۆژگارە بایەخدان بە رۆشنبیری منداڵان وەك ئامانجێكی ستراتیژی وڵاتانی دونیا سەیر دەكرێ، ئەركێكی پێویست و لە پێشینەیەو هەمووان كۆك و هاوڕان كە رۆشنبیری منداڵان زامنی داهاتوویەكی گەش و پڕشنگدار بۆ وڵات دەستەبەر دەكات.

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی
 

شێوازی ژیان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.