Erbil 38°C یەکشەممە 06 تشرینی یەکەم 23:36

وه‌زیری ناوخۆ: لەگەڵ نوێنەری UN و عێراق کۆبوونەوەمان دەبێت بۆ میکانیزمی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال

کوردستان TV
#7
100%

رۆژی ھەینی 9-10-2020، شاندێكی حكوومه‌تی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان  سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ به‌رپرسانی باڵای به‌غدا كۆبوونه‌وه‌ له‌باره‌ی  ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال رێككه‌وتن.

بەمەبه‌ستی گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکكەوتنی شنگال و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، ئەمڕۆ لیژنەى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداره‌ى ھەرێم، بەسەرپەرشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنەو بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه‌، له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆو خالید شوانی وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغداو دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێكردن و سەرۆکی گشتیی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەره‌وەی ئیداره‌ى ھەرێم كۆبووه‌وه‌.

دوای کۆبوونەوەکە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی سەردانیكردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رێبەر ئەحمەد رایگەیاند: ئامادەبوونمان لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر بانگهێشتی لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوو، کۆبوونەوەیەکی دوورودرێژمان کرد و روونکردنەوەی پێویستماندا، هەردوولامان کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە یەکڕیزی ناوخۆیی هەبێت بۆ ئەو داواكاریانەی كە تایبەتن بە ماددەی 140، بە ھەموو لایەكمان چ لە حکوومەت چ لە پەرلەمانی کوردستان چ لە نوێنەرانمان لە بەغدا، ھەوڵێكی چڕ و جددی بدەین لەگەڵ حکوومەتی عێراق کە لیژنەی تایبەت بە ماددەی 140 دروست بكرێتەوە.

وه‌زیری ناوخۆ گوتیشی: لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەگرتووەكان و حكومەتی عێراق كۆبوونەوەمان دەبێت، بۆ میكانیزمی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: زۆربەی خەڵكی شنگال پشتیوانی لە ڕێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا ده‌كه‌ن بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌كه‌، هەرچەندە، دەنگێكی نەشاز لە پێناو بەرژەوەندیی هەندێك لایەنی ناوخۆیی و دەرەكی، ناڕەزایی دەردەبڕن.

وەزیری ناوخۆ گوتیشی: ئێمە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پلانمان ھەیە کە داوا لە حكوومەتی فیدراڵ بكەین بەدەم داواکارییەکەی ئێمەوە بێت ئەو لیژنەی تایبەتە بە ماددەی 140 دەستبەكاربێتەوە بۆ ئەوەی بەپێی دەستوور و بەپێی ئەو رێکارانەی لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دانی پێدانراوە ئەو ماددە و بڕگانە جێبەجێ بكرێن.

رێبەر ئەحمەد گوتیشی: پاڵپشتی پەرلەمانی کوردستانمان وەرگرت بۆ هەموو ئەو هەنگاوانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ناویەتی تایبەت بە رێککەوتنی شنگال. لە هەمان کاتدا پشتگیرییان لە هەوڵ و تێکۆشانی ئەو لیژنەیە کرد کە تایبەتە بە دانوستان لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە.

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.