Erbil 38°C دووشەممە 07 تشرینی یەکەم 03:21

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: 996 هەزار و 861 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن

کوردستان TV
100%


 رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان، لە پرێسكۆنفرانسێكدا تیشكی خستە سەر رەوشی پێكهاتەكان، تیرۆر، هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد، پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ، رەوشی ئاوارە و پەنابەران، ناوچە جێناكۆكەكان، ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندان و ناوچە سنوورییەكان.

رۆژی ١٠/١١/٢٠٢٠ دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، تیشكی خستە سەر چەند بابەتێكی تایبەت بە بوارەكانی: ئازادیی ئایینی، رەوشی پێكهاتەكان، تیرۆر، بازرگانیكردن بە مرۆڤ، هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد)، هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی لە بارەی رێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان، بێسەروشوێنكردنی زۆرەملێ، رەوشی ئاوارە و پەنابەران، ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لە  ناوچە جێناكۆكەكان، ئازادیی رادەربڕین لە كوردستان، مافی گردبوونەوە وخۆپیشاندان و لە دواییشدا سەقامگیریی ناوچە سنوورییەكان.

سەرەتا رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان تیشكی خستە سەر بەدواداچوون بۆ راپۆرتی رێكخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەكان و گوتی، لە ماوەی رابردوودا توانیمان بەدواداچوون و روونكردنەوەی حكوومەت بە لایەنە بیانی و ناوخۆییەكان بگەیەنین دوای بڵاوكردنەوەی تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی جیاجیا بەتایبەتی لەلایەن ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، هیومان رایتس وۆچ، كۆمیتەی پاراستنی مافی رۆژنامەنووسان، گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، بڵاوكراوە وەرزییەكانی یۆنامی و سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، رۆژنامە بیانییەكان، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئازادیی ئایینی و بازرگانیكردن بە مرۆڤ.

ئاوارە و پەنابەران بەشێكی دیكەی گوتەكانی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان بوو و لەم رووەوە ئاماژەی دا، سەرەڕای نەمانی دەسەڵاتی راستەوخۆی داعش، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان ماون، بەپێی دوایین ئاماری ئاوارە و پەنابەران لە ئێستادا نزیكەی (٩٩٦,٨٦١) ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمن، لەوانە (٧٣٧,٣٦٥) ئاوارە و (٢٥٩,٤٩٦) پەنابەر بەم شێوەیە: (٢٣٩,٧٤٠) سووری، (٨,٤٤٠) توركی، (١٠,٦١١) ئێرانی و (٧٠٥) فەلەستینی لە هەرێم هەن، و لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٠ نزیكەی (٨٥٣) ئاوارە و پەنابەر هاتوونەتە هەرێم. هەروەها نزیكەی (١٧٤) خێزان و (٨٢٧) كەس دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ هەولێر و (٤١) خێزان و(١٩٤) كەس بۆ سلێمانی و (٩٢) خێزان و (٣٣٢) كەس بۆ دهۆك. لەلایەكی دیكەوە نزیكەی (١,١٣٣) خێزان و (٥,٥٦٠) كەس لە ئاوارە و پەنابەران گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.

زێباری ئاماژەی بە هەماهەنگی نێوان حكوومەتی هەرێم و تیمی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد) كرد و رایگەیاند، بەپێی میكانیزمی نێوانمان لەگەڵ یونیتاد ژمارەیەك وۆركشۆپیان لە هەرێم ئەنجامداوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە بواری بە دیجتاڵ كردنی داتا و بەڵگەكانی ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامیداوە، لێپێچنەوە و لێكۆڵینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەكان و یاساكان و بڕیار وایە بەم نزیكانە مەشقی تایبەت بۆ بەهێزكردنی توانای دادوەران و پسپۆڕان لە لێكۆڵینەوە لە تاوان و یاسا نێودەوڵەتییەكان دەستپێدەكات بەتایبەتی لە بواری تاوانەكانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و كۆمەڵكوژی كە داعش ئەنجامیانداوە، لەلایەكی دیكەوە بڕێكی زۆر زانیاری و وتەی شایەدحاڵەكان لەسەر تاوانەكان لەلایەن یونیتادەوە وەرگیراوە.

زێباری لە بارەی ئەم هەماهەنگییە زیاتر گوتی، تا ئێستا زیاتر لە (٧٢)  گۆڕ لە ناوچەی شنگال دۆزراوەتەوە، لەوانە  كاری هەڵدانەوە و كردنەوەی (١٦) گۆڕی بەكۆمەڵ لە گوندی كۆجۆ تەواو كراوە و لە كۆی (٣٢٥) روفات (٦٢) روفات ناسراون، (٣٢٥) روفات نێردراوە بۆ بەغدا بۆ ناسینەوەی ناسنامەیان. و بڕیارە تیرۆریستانی داعش دادگایی بكرێن و یەكەم دادگاییش لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ دا دەبێت.

سەبارەت بە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان روونی كردەوە، لە حكوومەتی ئیتیحادی لیژنەیەكی باڵا دامەزراوە بەدواداچوون لە چارەنووسی (١٦٤٢٠) كەسی بێسەروشوێنبووی سەردەمی رژێم  كە (٩٥)یان چارەنووسیان ئاشكرا بووە و لە هەرێم تۆمار كراون وەك وەجبەی یەكەم، هەروەها هەماهەنگی بەردەوام هەیە بۆ زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنبووانی دەستی داعش و  چارەنوسی ژمارەیەكی زۆریان ئاشكرا كراوە.

زێباری، تیشكی خستە سەر ژمارەیەك لە دانیشتووانی گوندنشینەكانی دەوروبەری مووسڵ كە تۆمەتبارن بە هاوكاریكردنی داعش و گوتی، بەشێك لە دانیشتووانی هەندێك لە گوندەكان چەكداری داعش بوون پێویستە وردبوونەوەی ئەمنییان بۆ بكرێت لەوانە: گوندی قاهیرە (٣٧) خێزان،  گوندی سوفییە زیاتر لە (٢٠) خێزان پەیوەندییان، گوندی سعودیە نزیكەی (٧٠) خێزان، گوندی مەحموودیە زیاتر لە (٨٠) پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و بەشێكی زۆریان خۆكوژ بوون. سەبارەت بە گیراوانی داعش، گیراوان بە تۆمەتی تیرۆر لە ساڵی ٢٠٢٠ نزیكەی ٤٤٦ كەس هەبوون، لەوانە (٣٩٨) یان دادگایی كراون و سزایان بۆ دەرچووە و  (٤٨) گومانلێكراو بەهۆی نەبوونی بەڵگەوە ئازاد كراون و  (٢٩ )  نەوجەوان  و (٢٣) ئافرەت لەنێو گیراوەكاندا بوون.

دیندار زێباری باسی لە ئازادیی رادەربڕینی رۆژنامەنووسی كرد و رایگەیاند، لە هەرێمی كوردستان كاری رۆژنامەنووسی و گردبوونەوە و خۆپیشاندان بە یاسا رێك خراوە و رۆژنامەنووسان و دەزگاكانیان دەتوانن بە ئازادی كارەكانی خۆیان بكەن لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەكان و رۆژنامەنووس مافی دەستەبەركراوە، بەڵام ئەگەر لە چوارچێوەی كاری رۆژنامەنووسی دەربچێت و پیشەكەی بۆ مەرامی تایبەت بقۆزێتەوە و ببنەوە هۆی تێكدانی سەقامگیری و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و زیانگەیاندن بە موڵكی گشتی و تایبەت، ئەوا وەك هەر هاووڵاتییەكی دیكە بەپێی یاسا بەركارەكان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، لەوانەش یاسای سزاكانی عێراق ژمارە (١١١) ی ساڵی (١٩٦٩) و  یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠٠٨ . لە هەمان كاتدا وەك هەر راگیراوێكی تر گشت مافێكی دەبێت وەك سەردانی خزم و كەس و بوونی پارێزەر.

سەبارەت بە هەماهەنگی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ئیتیحادی لە بارەی ئەو رێككەوتننامە و پەیماننامانەی كە عێراق ئەندامە تێیدا و و راسپاردە و ئیلتیزام دەخاتە سەر هەرێم و عێراق، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتی، لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەك راپۆرتمان پێشكەش كردووە تایبەت بە رێككەوتننامەكانی: رێككەوتننامەی پاراستنی هەموو كەسەكان لە شوێنبزربوونی زۆرەملێ. پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە  مافە ئابووری و كەلتووری و كۆمەڵایەتییەكان،  رێككەوتننامەی مافەكانی منداڵان، بەڵێننامەی عەرەبی بۆ مافەكانی مرۆڤ، هەروەها بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی خولی (١٩) لیژنەی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە پاراستنی هەموو كەسەكان لە شوێنبزركردنی زۆرەملێ.

دیندار زێباری، سەبارەت بە پاراستنی مافی پێكهاتەكان رایگەیاند، لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش، حكوومەتی هەرێم بەپێی توانای خۆی هاوكاریی هەمەلایەنەی پێشكەش بە ئاوارەكان كرد كە زۆربەیان لە پێكهاتەكان بوون، بۆ نموونە (٣٥٤٠) رفێندراو ئازادكراون لەوانە (١٢٠٣) ئافرەت، (٣٣٩) پیاو، (١٠٤٣) كچ (٩٥٥) كوڕ، ئەوانەی ئازادنەكراون (٢٨٧٧) لەوانە (١٣٠٢) ئافرەت و (١٥٧٥) پیاو. هەروها تاوەكو ئێستا تەنھا ٦ لە منداڵانی ئێزدی لە ھەرێمی كوردستان دەستنیشان كراون باوكەكانیان ئەندامانی سەر بە داعشن و نەناسراون، تا ئێستا (٢٦٠٠) كەیسی رفێندراوانی ئێزدی، كریستیان، شەبەك و توركمان تەواو بووە و زیاتر لە (٣٠٠٠) كەیسیش لە لێكۆڵینەوەدایە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.