Erbil 38°C دووشەممە 07 تشرینی یەکەم 15:30

پارتی دیموکراتی کوردستان 102 مین ساڵڕۆژی سەربەخۆیی کۆماری پۆڵۆنیا پیرۆز دەکات

کوردستان TV
100%


مه‌كته‌بی پەیوەندییەکانی دەرەوەی  پارتی دیموكراتی كوردستان بە ناوی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پیرۆزباییی ١٠٢مین ساڵیادی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییی کۆماری پۆڵۆنیا لە باڵوێزخانەی کۆماری پۆڵۆنیا لە عێراق و کۆنسوڵگەریی گشتیی ئەم وڵاتە لە هەرێمی کوردستان و گەل و حکوومەتی پۆڵۆنیا دەکات و هیوای بەختەوەری و پێشکەوتن و خۆشگوزەرانیی بۆ گەل و کۆماری پۆڵۆنیا دەخوازێت لە بیرەوەری یادکردنەوەی ڕۆژی سەربەخۆییی وڵاتەکەیاندا.

لە پەیامی پیرۆزباییەکەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک)دا بۆ باڵوێز و کۆنسووڵی گشتیی کۆماری پۆڵۆنیادا هاتووە کە "گەلی کورد بە هەمان شێوەی گەلی پۆڵۆنیا و بە درێژاییی سەد ساڵی ڕابردوو بە مێتۆدی ئاشتییانە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێ کۆشاوە و قوربانی و بەهایەکی مەزنی بەخشێوە. ئەمڕۆ ئێمە و ئێوە جەژنی سەربەخۆییی کۆماری پۆڵۆنیا پیرۆز دەکەین، هیوادارین ڕۆژێک بێت، ئەمڕۆی ئێوە ببێتە سبەی گەلی کورد و ئەو ڕۆژە ببینین ئێوەش بەشداریمان لەگەڵدا بکەن لە یادکردنەوەی ڕۆژی سەربەخۆییی کوردستاندا".

لە لایەکی تریشەوە پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) لە یادی سەربەخۆییی کۆماری پۆڵۆنیادا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هەوڵی هاوبەشی هەردوو لا دەکاتەوە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەکان و ئاڵوگۆڕی شاند و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری پۆڵۆنیا لە بواری گەشەپێدانی دیمۆکراسی و پەیوەندیی سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری، کەلتووری، زانستی و هەموو بوارەکانی جێی بایەخی نێوان هەردوو گەلی کورد و گەلی پۆلۆنی دۆستدا. هەروەها لە گۆشەیەکی تری پیرۆزبایی نامەکەی (پ.د.ک)دا، سوپاس و ستایشی پشتگیری و هاوکارییە سیاسی، سەربازی و مرۆییەکانی کۆماری پۆڵۆنیا کراوە بۆ هەرێم و ئەزموونی دیموکراسی لە کوردستان .

گەلی پۆڵۆنیا خاوەن مێژوویەکی خوێناوییە لە قوربانیدان و هەڵگیرساندنی شۆڕش و ڕاپەڕین بۆ ئازادی و سەربەخۆییی وڵاتەکەیان، کە بۆ ماوەی  ١٢٣ ساڵ داگیرکاری و ژێردەستەیی و دابەشبوونی پۆڵۆنیا بەسەر ٣ زڵهێزی گەورە و بەهێزی ئەو سەردەمەی ئەورووپا (رووسیا، پرۆس، نەمسا-مەجەر) بەهۆی لێکەوتە و کاریگەرییەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم لەسەر ئاستی ئەورووپا و جیهان و کۆتاییهاتنی جەنگ لە بەرژەوەندیی گەلانی ژێردەستە بۆ هێنانەدیی ئازادی و بڕیاردانی مافی چارەنووسیان لە ١١/١١/١٩١٨دا کۆماری پۆڵۆنیا و چیکوسلۆڤاکیا و ڕۆمانیا و هەنگاریا و چەندین گەل و وڵاتی تری ئەورووپای ڕۆژهەڵات دەرفەتیان بۆ ڕەخسا و کۆتایییان بە ژێردەستەیی هێنا و سەربەخۆییی خۆیان ڕاگەیاند.

پۆڵۆنییەکان و گەلانی ژێردەستەی تر کە لە مێژوویاندا بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەهایەکی گەورەیان بەخشیوە، لە خەباتی خوێناوی و قوربانییەکانی گەلی کورد لەپێناوی مانەوە و شۆڕش و نەبەردییەکانی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێ دەگەن و هەستی پێ دەکەن کە وڵاتەکەمان لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەبێ ئارەزووی خۆمان بەسەر چەندین وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناویندا دابەش کراوە و سیاسەتی شۆڤینی و ڕەگەزپەرستی و قڕکردن و پاکتاوی ڕەگەزی و ئەنفاڵ و ڕاگواستن و چەکی کۆمەڵکوژی یاساغکراوی نێودەوڵەتیمان بەرامبەر بەکار هاتووە و لە بۆنەی جیاجیادا بە ئاشکرا پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆیان دەردەبڕن. هەربۆیە  گەلی کوردستان کە لە ڕابردوودا تەنیا شاخەکانیان بە پشت و پەنا و دۆستی خۆیان زانیوە، لە سەردەمی گڵۆباڵیزەیشن و گۆڕانکاری و پەرەسەندنە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا گەلانی ئازادیخواز و جیهانی ئازاد و شارستانی و وڵاتان ئازاد بە دۆست دەزانێت کە ئەو وڵاتانە ئەمڕۆ باشتر لە ڕەوایی دۆزی کورد و لە گەورەیی و تێکۆشانی ئازادیخوازانە و کەلتووری بەرزی لێبووردەیی و پێکەوەژیان و پێگەی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان تێ دەگەن، لە خەباتی بەرگریکردنی گەلی کورد لە ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ و خاک و نیشتمانیان و ئەو ناوبانگە جیهانییەی بەدەستیان هیناوە لە بەرگریکردن لە بەها پیرۆزەکان و جیهانی ئازاد و شارستانی و لە تێکشکاندنی (داعش)، گەورەترین و مەترسیدارترین ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیهانی لە کوردستان و ناوچەکەدا کە مەترسیی بووە بۆ سەر مرۆڤایەتی و کۆمەڵگای جیهانی و، بە دەربڕینی هەستی ئازادیخوازی و دەنگی سەربەخۆییخوازانەی گەلی کورد دوور لە توندوتیژی و بە ئەنجامدانی ئاشتییانەی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی و هێنانەدیی ئاشتی و سەقامگیری و ئاساییش و پێشکەوتن بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەرز دەنرخێنن و هەرێمی کوردستان بە هاوبەشێکی گرنگ و هاوپەیمانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پڕ لە کیشە دەزانن و گرنگی بە پێشکەوتنی سیاسی و دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەدەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.