Erbil 38°C دووشەممە 07 تشرینی یەکەم 21:20

پەیامێک لە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: بە پێویستی دەزانم سوپاسى گشت فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامە بەڕێزەکانیان بکەم بۆ ئەو هەوڵ و خەمخۆری و شەونخوونییەی کە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئەنجامیان دا بۆ ئەوەی هەمووان پێکەوە بتوانین لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بگەینە رێککەوتن لەسەر یاسای قەرز کە درەنگای شەوی رابردوو دەنگی لەسەر درا.

ڕاشیگه‌یاند: پێویستە ئەو راستیە بڵێم کە تێکڕای پەرلەمانتارانی کورد لەسەر ئەو یاسایە هاوهەڵوێست و یەکڕیز بوون چ لە کاتی بایکۆت کردن و چ لە کاتی چوونە ژوورەوە بۆ ناو هۆڵی پەرلەمان، ئەوەش ئەوپەڕی خەمخۆری دڵسۆزی هەموویان بوو بۆ موچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان .

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاشیگه‌یاندووه‌ بەڕای ئێمە ئەگەر چی تێپەڕکردنی ئەو یاسایە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان نەبوو و لایەنەکانی شیعە و بەشێك له سوننەکان لەسەر بنەمای کەمینە و زۆرینە بەبێ لەبەرچاوگرتنی خواستەکانی کورد تێپەڕاند، بەڵام لە هەمان کاتدا لایەنێکی ئەرێنی هەبوو کە فراکسیۆن و پەرلەمانتارە کوردەکان لەسەر بەرگری کردن لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان یەکهەڵوێست بوون.

ده‌شڵێت: پێویستە ئەوە راستییە دووپات بکەمەوە کە ئەگەر بمانەوێت زیانەکانی ئەو یاسایە کەم بکەینەوە و رێگەچارەیەکى بۆ بدۆزینەوە، ئەوە پێویستە لەسەر ئەو هەڵوێستەى یەکڕیزییە، بەردەوام بین و ئەرکی میدیای کوردییشە کە ئەوانیش لە هەوڵی بەهێز کردنی ئەو رۆحیەتی یەکڕێزی و یەکهەڵوێستییە بن ، نەک کاربکەن بە ئاراستەی قوڵکردنەوەی ناکۆکی و جیاوازییەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان.

به‌شیر حه‌داد ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت:  داواش لە هەموو لایەک دەکەم بەرژوەندی خەڵک و گەلی کوردستان پێش بەرژەوەندی کەسی بخەن و خۆیان بە دوور بگرن لە موزایەدەی سیاسی و خۆدەرخستن لە راگەیاندنەکان، با خەمی خەڵک و مووچە و مافە ڕەواکانیان پێش هەموو شت بخەین.

دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێنجشەممە ٢٠٢٠/١١/١٢

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.