ھەوڵەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بەردەوامن بۆ بەزیندو ھێشتنەوەی سیمای شار و رێگری کردن لە تێکدان و لەناوبردنی خانووە دێرینەکانی سلێمانی، قائیمقامی سلێمانیش دەڵێت: تێکدان و شێواندنی مێژوو ی شارستانی سلێمانی ھێڵی سورە و رێگە بە ھیچ کەس و لایەنێک نادرێت زیان بە مێژووی شارستانی ئەم شارە بگەیەنێت
ئەمڕۆ چوار شەممە ١٨-١١-٢٠٢٠، لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لێپرسراوانی شوێنەوار و شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانووبەرەی سلێمانی کۆبوەوە ، لە کۆبوونەوەکەدا کە لیژنەی شوێنەواری سەربە لیژنە ھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئامادەبوون دواین ھەوڵ و ھەنگاوەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی شارەکە بۆ رێگریکردن لە رووخاندن و زیان گەیاندن بە خانوو شوێنە کلتوری و دێرینەکانی سلێمانی خرایەڕوو
لەبارەی پاراستن و بەزیندوو ھێشتنەوەی گەڕەک و خانووە دێرینەکانی شارەکە قائیمقامی سلێمانی ووتی: شوێنە کلتوری و کەلەپورییەکان بەشێکی ھەرە گرنگی مێژووی شارستانی سلێمانین و بەھەموو شێوەیەک رێگری لە تێکدان و زیان گەیاندن بەو سەرماییە نیشتیمانییە دەکەین و لەم رووەشەوە کاری پێویست کراوە، قائیمقامی سلێمانی دەشڵێت ھەر خانوویەکی کۆن نۆژەن بکرێتەوە مەرجە لەسەر شێوە دێرینەکەی نۆژەنبکرێتەوە و سیما مێژوویەکەی لەدەست نەدات ، دەستخۆشی لە لێژنەی شوێنەوار و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کرد لە چەند ساڵی رابردوودا ھەنگاوی گرنگیان ناوە و چەندین خانوو شوێنی مێژوویان لە ناوچوون و رووخان پاراستووە
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی راشیگەیاند: تێکدان و شێواندنی مێژووی شارستانی سلێمانی ھێڵی سورە و رێگە بە ھیچ کەس و لایەنێک نادرێت زیان بە مێژووی شارستانی ئەم شارە بگەیەنێت، ووتیشی بەدواداچون و ھەوڵەکانیشیان بۆ بەزیندوو ھێشتنەوەی ھەموو گەڕەک و شوێنە کلتووری و مێژووییەکانی سلێمانی بەردەوام دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.