ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا بەهۆی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر سێ رۆژ ماتەمینی لە پارێزگای هەولێر راگەیاند.
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند بەداخەوە ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە کە هەڤاڵ و هاوڕێ و هاوپیشەیەکمان لەدەستدا، ئەو هاوپیشەیەی کە پێش ساڵێک و دوو مانگ لێرە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەدەستهێنا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر قسەی بەشێکی ناسیاو و کەسانی نزیکی فرسەت سۆفیی دووپات کردەوە و گوتی: د. فرسەت ژیانی خۆی کردە قوربانیی پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و کوردستان.
شەونخوونی و ماندووبوونی هۆکار بوون لەوەی ببێتە بەرکەوتەی ئەو ڤایرۆسە، کە لە ئەنجامدا ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
سکرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش بڕیاری ئەنجوومەنەکەی خوێندەوە و رایگەیاند: ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەبۆنەی خەمناکی گیانلەدەستدانی فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، سێ رۆژ ماتەمینی رادەگەیەنێت لە سنووری پارێزگای هەولێر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.