نوسینی د. چنار سەعد عبداللە
لە دامێنی چیای هەڵگورد ، لەڕەحمی خوشکەشەهیدێک، لە خێزانێکی ئاشنا بە نیشتیمانپەروەری کوڕێک لەدایک دەبێت .
دەنگی سامناکی گرمەی تۆپ و تەیارەی بەعسی کە بەردەوام ئەو دۆڵ و شاخانەیان دەپێکا ، دیمەنی پێشمەرگە ، خەبات و کوردایەتی ، تێکدانی گوند و ڕەز وباخەکان ، هەژاری و بێڕەحمی سەرما و سۆڵەی زستان ، ئەو وانانە بوون کە ئەو کوڕە جوتیارە کوێستانی یە، زۆر بە منداڵی لەیەکەم قوتابخانەی ژیاندا فێری دەبێت .
کورە بچکۆلەکەی کوردان ، زۆر زوو درک بەو ڕاستییە دەکات کە وەک بێکەسی شاعیر دەڵێت :
مەکتەبە دەرمانی ئێمە
خوێندنە ڕەهبەری ڕەستگاری
بۆیە ڕوو دەکاتە فێربوونی زانست و خۆ پەروەردە کردن .
لەو بوارەشدا هەر وەک گزنگی بەیانی پێدەشتە جوان و دڵڕفێنەکانی کوردستان ، هەر دەدرەوشێتەوە .
دیارە قەدەری منداڵی کورد وابووە ، بەناچاری دەبێ هەر زوو زوو گەورە ببێت و خەمی خاک و نیشتیمان لەئەستۆ بگرێ .
لەهەڕەتی گەنجی ، دەخزێتە ناو کاری سیاسی ، خۆشەویستی کوردستان لەناو شادەمارەکانی جۆشی دەدا ،
بۆیە هەمیشە بۆ ئاشتی ، بۆ تەبایی ، بۆ دادپەروەری هەوڵی دەدا .
ئەو لە بەهاری تەمەنی دا لەپێناو تەبایی گەلەکەی ، ناوەندگیری سەرکردە و هێزەسیاسییەکانی دەکرد، چونکە ئەو
کوڕی تەبایی بوو .
دڵ و هەستی پاک و بێگەردی ، لە بریسکە و زوڵاڵی کانیاوی هەڵقوڵاوی ژێر تاشەبەردەکانی دۆڵی ڕۆست دەچوو، تەنانەت بەفری سپی سەرقژەکانیشی ، ڕەنگدانەوەی ئەو ناخە پاک وجوانەی ئەویان دەکرد.
ڕاستگۆیی ، بوێری و چاوتێری تایبەتمەندی بەکەسایەتی ئەو بەخشی بوو ،
وێڕای هەستیاری و سەختییەکان ، چاونەترسانە بەگژ لادەر وگەندەڵکاران دادەچۆوە .
دکتۆر فەرسەت ، براو ، هاوڕێ و هەڤاڵی زێدە ئازیزم ، خۆ جارێ زۆر کار و پرۆگرام مابوون ئەنجامی بدەیت ،
مخابن کوردستان و هەلێر زوو لێت بێبەش بوون .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.