دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه له شه‌قامی سه‌ره‌كى ئاكرێ هاووڵاتییه‌كی ئاكرێ كه خۆبه‌خشانه شه‌قام و بازاڕ و گه‌ڕه‌كه‌كانی شاره‌كه‌ی پاك ده‌كرده‌وه به‌هۆی ڕووداوێكی هاتووچۆوه گیانی له‌ده‌ستدا.
ڕه‌نجبه‌ر ئاكره‌یی، په‌یامنێری كوردستان تیڤی له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه‌وه ڕایگه‌یاند: ئه‌و هاووڵاتییه ناوی " عهبدوجبار " بووه و له ناو هاووڵاتییانی ئاكرێ به "عه‌دۆ "ناسراوه و له ڕووی ئه‌قڵییه‌وه ناته‌واو بووه و سه‌رباری ئه‌و گرفته ته‌ندروستییه‌ی، به به‌رده‌وامی خه‌ریكی پاككردنه‌وه‌ی شه‌قام و بازاڕ‌و گه‌ڕه‌كه‌كانی ئاكرێ بووه و ئه‌مڕۆش له‌كاتی پاككردنه‌وه‌ی شه‌قامی سه‌ره‌كی ئاكرێ ئۆتۆمبیلێك به خێراییه‌كی زۆره‌وه له شه‌قامه‌كه ده‌ڕوات و خۆی ده‌كێشێت به عدۆدا و به‌هۆیه‌وه به‌سه‌ختی بریندار ده‌بێت.
ڕاشیگه‌یاند: پاش ڕووداوه‌كه به‌ڕێده‌كرێت بۆ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ئاكرێ و به‌ڵام به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانییه‌وه له ڕێگای نه‌خۆشخانه گیان له‌ده‌ستده‌دات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: شۆفێری ئۆتۆمبیله‌كه ده‌ستبه‌جێ له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و له ئێستادا به‌فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه و په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌ش بۆ ڕووداوه‌كه كراوه‌ته‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌كان بهردهوانمن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.