ئەمڕۆ یەكشەممە 22-11-2020، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر و لەسەر گۆڕی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر، نەمامی وەفا چێنرا.
خانزاد مام وسوو، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ ميدياكان گووتی" لەو ماوەیەی كە د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بوو، هەموو هەوڵێكی بۆ پاككردنەوەی ژینگەی هەولێر و كوردستاندا، زۆر پڕۆژەی ژینگەیی و هەڵمەتی دارچاندنیشی لە هەولێر دەست پێكرد، بۆیە ئەمڕۆ ئێمە هاتووین بەڵێنی بەردەوامی لەسەر گۆڕی د. فرسەت سۆفی دووپات بكەینەوە و بەڵێن دەدەین هەر كارێك ئەو تەواوی نەكردبێت ئێمە تەواوی دەكەین".
زیاتر گووتی" دارێكشیمان وەك وەفادارییەك بۆ كارەكانی فرسەت سۆفی لەسەر گڵكۆی دەنێژین و داواش لە هەموو خەڵكی هەولێر و كوردستان دەكەین بۆ هەر بۆنەیەك داری وەفا بنێژن".
د. فرسەت سۆفی رۆژی ١٨ی ١١ی ٢٠٢٠ و پاش تێپەڕبوونی سی ڕۆژ لەسەر تووشبوونی بە پەتای كۆرۆنا، لە نەخۆشخانەیەكی ئەنقەرە كۆچی دوایی كرد و ڕۆژی پێنجشەممە لە مەراسیمێكی شكۆداردا لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە، تەرمەكەی هێندرایەوە شاری هەولێر و لە نێو ئاپۆرای خەڵكی شارەكەدا، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر بەخاك سپێردرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.