Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 07:41

(شینە_ لە شیندام)...چیرۆکی نمایشێک

دەڕۆم نمایش دەبینم
کوردستان TV
100%

حەمەسوار عەزیز

بەشی یەکەم:
پاش ئەوەی بەنیاز بووم رۆژی دواتر بچم بۆ ھەڵەبجە بۆ بینینی نمایشی شانۆیی (شینە_ لە شیندام)، ئێوارەکەی کۆمەڵە ھاوڕێیەکی  ئازیز لەشاری بەغداوە ھاتبوون و شەویش میوانی من بوون لەسەندیکای ھونەرمەندان، دانیشتنەکەش درێژەی کێشا تا سەعاتە بەراییەکانی بەرەبەیان، شەویش جگە لە دووتا سێ سەعات زیاتر نەخەوتم، بەیانی لەخەو ھەڵسام و بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتم و لەوێش کۆمەڵێک برادەر لەبارەگای کۆمەڵەی ھونەرەجوانەکانی کورد لەسلێمانی چاوەڕێم بوون تا بەیەکەوە بچین بۆ نمایشەکەی ھەڵەبجە، لەرێگەدا ھەستم بەسەرئێشەیەکی زۆر تووند کرد، منێک کە چەندین ساڵەنەخۆشی شەقیقەم  وەک میرات بۆ ماوەتەوە، تا دەھات سەرئێشەکەم تووندتر دەبوو، تا گەیشتمە سلێمانی لەوێوەش بۆ ھەڵەبجە چوار دەنک حەبی پەنادۆڵم بەکارھێنا بەڵام بەھۆی تووندی سەرئێشەکەوە ھیچ سوودی نەبوو، منیش بۆ ئەوەی جەوی برادەران تێک نەچێت باسی ھیچ شتێکم نەکردو ئاسایی خۆم نیشاندەدا، ھەرچەندەسەرئێشەکەم لەقۆناغێکدا بوو ئازارێکی زۆر چاوەکانمی ھەراسان کردبوو خەریک بوو ھەمووشتێک بە تارمایی ببینم، بەوحاڵەوەش بۆ پاسەکە سەرکەوتین و رۆیشتین بۆ ھۆڵی نمایشەکە، لەنێوپاسەکەدا (شنیا_ئەکتەرێکی نمایشەکە) ھەندێ قسەی کرد، بەڵام من ھیچی لێتنەگەیشتم، ترسی ئەوەشم ھەبوو سەرئێشەکەم زیاتر بکات ولەنێو ھۆڵەکە بچێتە قۆناغی رشانەوە، بۆیە پێشتر ھەندێ کلێنسم خستبووە گیرفانی چاکەتەکەمەوە، گەیشتینە نێو ھۆڵەکەو بەھەردوو دیوی نمایشەکە دابەشکراین، نمایش دەستیپێکرد، سات بە سات ھەستم دەکرد لەنێو ئاپۆرایەکی زۆر قەرەباڵغ و ناخۆش و پڕ لە دەنگەدەنگم، تا دەنگەکان زیاتر گویچکەکانیان ئازار دەدام، جولەی ئەکتەرەکان مەودای بینینان ئالۆزتر دەکردم، ھەستم دەکرد ئەم نمایشە بۆ ئازاردانی من داھێنراوە، ئاواتەخوازبووم تەواو بێت و تەواویش نەدەبوو، زۆر ھەوڵم دەدا کۆنتاکم لەگەل نمایشەکە نەپچڕێت وتەرکیزم لەسەری پەرت نەبێت، بەڵام ئەمە ھەمووی بێ سوود بوو، وامدەبینی لەبەردەم نمایشێکم  کەدەیەوێت  ھەموو کیانم ھەڵبوەشێنیتەوە، ھەمیشەش ئەو رستەیەی ئاڕتۆم بیر دەکەوتەوە کە دەڵێت" بینینی نمایشی شانۆیی وەک ئەوەیە بچیتە ژووری نەشتەرگەری، زۆر ترسناک و بە ئازارە"، تۆ بڵێی  ئەم ئازارەی من کاردانەوەی ھەست ونەست وھزری من بێت ونمایشەکە بەشێوەیەک  داگیریکردوووم کەھەست دەکەم لەسەر ئەم کەونە نیم و وێنەکان بەتەڵخی دەبینم و دەنگەکان جگە لەغەڵبەغەڵبێکی ئازاربەخش ناتوانن ھیچ ماناو فۆرمێکم پێببەخشن، کێشە لە منە یا لەنمایشەکەیە؟
نمایش تەواو بوو، برادەران پرسیاری نمایشەکەیان لێکردم، منیش تەنھا بەو رستەیە وەڵامم دایەوە کەنمایشەکە زۆر ئازاری دام، لەڕاستیشدا ھەر وابوو, ئیتر برادەران تۆزێک باسی نمایشەکەیان کرد من ھیچی ترم لەسەر نەوت.

ktv
لەم چەند رۆژە کەنمایشەکەجارێکی تر لەسلێمانی نمایش کرایەوە، بڕیارمدا جارێکی تریش بیبینمەوە، دیسان لەگەل ھاوڕێکانم رۆیشتین بۆ نمایش ولەڕێگاش بەھۆی تڕافیکەوە کێشەی گەیشتنمان ھەبوو لەکاتی خۆی، بۆیە پەیوەندیم بە راڤیار نەوزادی دەرھێنەوەوە کرد بۆ ئەوەی نمایشەکەمان لە دەست نەچێت، ئەویش ھەرچەندە لە سلێمانی نەبوو، بەڵام ووتی ئێستا پەیوەندییان پێوە دەکەم کەنمایشەکە بۆ چەنددەقەیەک دوابخەن تا ئێوەش فریای بکەون، ھەر ئەوەشی کرد، ئێمەش چوارو پێنج دەقە گەیشتینە ھۆڵەکەو بلیتمان بڕی و چووینە ژوورەوە، نمایشەکە لەسەر پلیکانەکانی ھۆڵی رۆشنبیری دەستیپێکرد، وەکو جاری ناوپاسەکە شەنیا دەستی بەقسەکردن کرد، بەڵام ئەمجارە ھەموو شتێکی بەڕوونی تێگەیشتم، زانیم ئەو ھاوڕێیەتیمان دەکات بۆ گەشتێک بۆ سەرەوە، ئەوجیھانە گریمانەکراوەی کەنمایشەکە دەیەوێت وەک پانتایی تیاییدا بەرجەستە بێت، ھەموومانی بردە سەر تەختەی شانۆکەوپێش ئەوەی بمبانباتە ئەودیووی پەردەکەوە، ئەوەی پێگوتین کە مانای (ز_ بۆ شانۆ) کەناوی ئەوگرووپە جوانەی ھەڵەبجەیە، پەیوەست نییە بە چەمکی زیندووێتی، ئەو چەمکەی کە لەشانۆی ئەمریکی ئەوروپیدا مامەڵەی لەگەل کراوە.

ktv
ئیتر رۆیشتینە ئەودیوو پەردەکەوەو وەکوجاران لەسەر تەختەی شانۆکە بینەران بەھەردوو دیووی نمایشەکە دابەش کرابوون ونمایش دەستیپێکرد، ئەمجارە نمایشەکەم چۆن بینی و چیم بینی و ئایا ھەمان ئەونمایشە بوو کەلەھەڵەبجە بینم؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە دەکەوێتە بەشەکانی داھاتووی ئەم نوسینەو ڕەنگە بتوانن ئەو دیدگا ڕەخنەییەی من بونیاد بنین کە دوای بینیی نمایشەکە و وەک بونیادگەرەکانیش دەڵێن دوور لەمەبەستی  نووسەر بەرم کەوتوون.(ماویەتی)

كوردستان TV

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.