لەگەل کەمبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە بەریتانیا ، ژمارەی تووشبوان لە کوردستان ھەلکشا ، بە درێژایی ئەو چەند مانگەی رابردوو، جگە لە ئیش و کاری خۆم لە یەکێک لە نەخۆسخانەکانی لەندەن ، بەشێکی زۆری کاتەکان لەسەر ھێلم لە گەل تووشبوانی په‌تای كۆڕۆنا له کوردستان . لەو ماوەیە ٢٥ کەس ته‌نیا لە خێزانی خۆم و پتر لە چوار سەد كه‌س لە خزم و ھاوڕێکانم و به سەدان نەخۆشی تر کە پێشتر نەمناسیون، پەیوەندیان پێوەکردووم، له‌سه‌ر خه‌ت بوویمه و رێنمایم پێداون و چارەسەرم کردوون . خۆشبه‌ختانه بەشی ھەرە زۆری ئه‌و تووشبووانه کێشەی ھەوکردنی سیەکان وتەنگەنەفەسیان نەبوو ، بەلام رێژەیەکی بەرچاو لەوانەی پێویستیان بە ئۆکسجین و چارەسەری تر ھەبوو، رۆژانه لە ماڵەوە لە گەلیان لە سەر ھێل بووم و تا ئێستاش له‌گه‌ڵ هه‌ندێكیان بەردەوامم. له ئەنجامی مامه‌ڵه‌كردنم له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌خۆشانه کۆمەلێک سەرنج و تێبینیم لا درووست بوو، کە حەز دەکەم لێرە باسی بکەم بەو ھیوایەی ببێتە ھۆکارێک بۆ زیاتر ھۆشیارکردنەوەی خەڵک .
1- بۆ ھیچ یەکێک لە خوشک وبرا و برازا و ئەندامانی تری خێزانەکەمان ھیچ پشکنینیکی خوێن یا تیشکم نەکرد ، تەنیا یەکێک لە براکانم نەبێت، کە بە توندی تووشی ھەوکردنی سیەکان بوو پێویستی بە ھەندێک چارەسەری ھەبوو ، سەرجەم ئەوانی تر جگە لە پاراسیتامۆل و ڤیاتامین دی و ھەندێک رێکاری گشتی و چاودێری دۆخی تەندرووسیان پێویستیان بە ھیچی تر نەبوو.
2- لە رێگای نیشانەکانی ئەو پەتایە نەخۆشیەکەمان دەست نیشان ده‌کردو پشکنینی (PCR) مان بۆ ژماره‌یه‌كی كه‌میان کرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئەوانەی پشکنینەکەشیان نیگەتڤ ده‌رده‌چوو، ئێمه ھەر وەک تووشبوەکی ئەو پەتایە مامەلەمان لە گەل ده‌کرد. لێره‌دا ده‌مه‌وێت بڵێم بهبێئنجامدانی هیچ پشكنینێك ده‌توانرێت ته‌نیا له‌رێگای نیشانه‌كانه‌وه نه‌خۆشیه‌كه ده‌ستنیشان بكرێت و له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا زۆر بایه‌خ به ئه‌نجامی پشكنینه‌كانیش نه‌درێت!.
3- بەشێکی زۆری تووشبوان ده‌ترسن و له‌رووی ده‌روونیه‌وه ده‌شله‌ژێن و نایانه‌وێت بڕوا بكه‌ن تووشی ئەو پەتایە بووینە ، ھەر بۆیە سه‌ردانی چه‌ندین دكتۆر ده‌كه‌ن و پەنا بۆ جۆرەھا پشکنین دەبەن . له‌وانه چەندان جۆری پشکنینی خوێن و لە ھەندێک حالەتیشدا په‌نا بۆ سی تی سکانیش دەبەن ، ئه‌گه‌رچی ھەر لە سەرەتای بلاوبوونەوەی ئەو پەتایە هووشیاری ئەوەماندا، کە دۆخی بەشی ھەرەزۆری تووشبوان پێویست بە پشکنینی تیشک و سکان ناکات. هاوكات سه‌ردانیكردنی چه‌ند دكتۆرێك له‌لایه‌ك ده‌بێته هۆی تێكه‌ڵكردنی چاره‌سه‌ریه‌كان و له‌لایه‌كی تر سه‌ر له نه‌خۆشه‌كه ده‌شێوێنێت و زیانی پێدەگەیەنێت.
4- لە کاتێکدا لە زۆربەی وولاتانی ئەوروپا و جیھان بەشی ھەرەزۆری خەلک بڕوای تەواویان بە ئامۆژگاریەکان و رێکارەکانی خۆپاراستن ھەیە، بەشێکی بەرچاو لە تاکی کورد تا ئێستاش متمانەیان بە ئەو ئامۆژگاریانە زۆر كه‌مه، کە وەزارەتی تەندرووستی و كه‌سانی پسپۆڕ ده‌یكه‌ن!.
5- ھەر کاتێک تاکی کورد گەیشتە ئەو باوەرەی بە شێوەیەکی ئاسایی مامەلە لە گەل نەخۆشیەکە بکات ، ئەوە خۆی بەشێکی گرنگی چارەسەریەکە بۆ خۆی ده‌كات. له ئه‌وروپا خەلکی پەیرەوی ئامۆژکاریەکانی تەندرووستی ده‌بوون و ته‌نیا لە کاتی پێویست سەردانی دکتۆر یان نەخۆشخانەیان ده‌کرد ، سه‌دان ھەزار تووشبووی كۆڕۆنا ته‌نیا به خۆ كره‌نتینه كردن و مانه‌وه له ماڵه‌وه پەتاکەیان تێپه‌ڕاند.
6- وەک ھەمیشە باسمان کردوە نزیکەی ٪١٥ ی تووشبوانی ئەو پەتایە تووشی ھەوکردنی سیەکان دەبن و پێویستیان بە ئۆکسجین و کۆمەلێک چارەسەری تر دەبێت و لەوکاتەدا کۆمەلێک پشکنینی خوێن و تیشک پێویستە بکرێت ، بۆیە پێویسته نه‌خۆش له‌ماڵه‌وه بە ووردی چاودێری دۆخی تەندروستی خۆیان بكه‌ن و لە کاتی پێویستدا سەردانی نەخۆشخانە و دکتۆر بکه‌ن و چاره‌سه‌ری وه‌رگرن. به‌ڵام جێگای داخه له كوردستان له‌بەر زۆر ھۆکار ھەندێک زەحمەتە بڕوا به بەشێک لە نه‌خۆشەکان بهێنیت، كه سه‌ردانی نه‌خۆشخانه بكەن ،ژماره‌یه‌ك لەو نەخۆشانە دۆخیان زۆر خراپ ده‌بێت و ئازارێكی زۆر ده‌چێژن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و هۆكارانه‌ی وایكردووه رێژه‌ی مردن به‌و په‌تایه له كوردستان له هه‌ندێك شوینی تری جیهان به‌رزتر بێت چونکە بەشێک لەو نەخۆشانەی کاتێک دەگەنە نەخۆشانە لە بارێکی زۆر خراپن.
7- یه‌كێك له كێشه‌كانی كوردستان ئه‌وه‌یه، كه به‌هۆی كه‌م ده‌رامه‌تی یاخود کەمی هووشیاری ته‌ندروستی پێویسته‌وه، به‌شێك له نه‌خۆشه‌كان سەردانی کلینیکی گەڕەکەکان دەکەن و لەلایەن پەرستیار یاخود یاریدەدەری پزیشکیه‌وه هه‌ندێك چاره‌سه‌ری وه‌رده‌گرن، کە بە ھیچ شێوەیەک نه‌ك به ته‌نیا پێویست نیە بەڵکو زیانی زۆریشی هه‌یه، له‌كاتێكدا ئەو کلینیکانەی دەتوانن رۆڵێكی گه‌وره ببینن، به تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی به‌سووكی په‌تاكه‌یان گرتووه، بۆ نموونه ده‌توانن ده‌رمانی ئازار شكێنیان پێبده‌ن و چاره‌سه‌ره سهتاییهكانیان بۆ بكه‌ن، بەلام ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی دۆخیان خراپه بە ھیچ شێوەیەک ناکرێت پشت بەو کلینیکانە ببەستن و پێوسته روو لەو نه‌خۆشخانانه بكه‌ن ، كه له‌شارو شارۆچه‌كه‌كانی كوردستان بۆ نه‌خۆشی كۆڕۆنا ته‌رخانكراون.
له كۆتایدا ده‌مه‌وێت به كورتی به‌و كه‌سانه رابگه‌یه‌نم، كه له كوردستان دووچاری په‌تای كۆڕۆنا هاتوون، به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و وه‌ك هه‌ر نه‌خۆشیه‌كی تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كۆڕۆنا بكه‌ن، به‌ترس و دڵه‌ڕاوكێ باره‌كه‌ی خۆیان گران نه‌كه‌ن و سه‌ر له‌خۆیان و ده‌وروبه‌ریان نه‌شێوێنن، ئه‌و په‌تایه په‌تایه‌كی جیهانیه‌و له وڵاتانی تر خه‌ڵك به ئاسانی وه‌ریده‌گرن و تا پێویست نه‌كات نه سه‌ردانی دكتۆر‌و نه‌خۆشخانه‌كان ده‌كه‌ن، نه داوو ده‌رمان به‌كاردێنن ، جگه له هه‌ندێك ئازارشكێنی سه‌ره‌تایی، بۆیه هیوادارم له كوردستانیش به هوشیاریه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌تایه بكرێت، ئه‌و نه‌خۆشیه‌ش وه‌ك هه‌ر نه‌خۆشیه‌كی تر ماوه‌یه‌ك ده‌خایه‌نێت، ته‌نیا به‌رگه گرتن و دان به‌خۆداگرتن و پشوو درێژی، له زۆربه‌ی كاتدا به‌سه بۆئه‌وه‌ی وه‌ك به‌شێك له رابردوو باسی ئه‌و نه‌خۆشیه بۆ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ت بكه‌یت!
دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن
چی لە تووشبوانی پەتای کۆڕۆنای کوردستان فێربووم؟
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.