لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، پێنج لیژنە بۆ پێداچوونەوە بە رەوشی پێشمەرگە پێك ھاتوون، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدهگهێنێت ھەنگاوی باش بۆ چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە نراون.
رێڤینگ ھرووری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، ھەندێ لە خاڵەكانی نێو یاسای چاكسازی، وەزارەتی پێشمەرگەش دەگرێتەوە و چەند ھەنگاوێك بۆ چاكسازی لەنێو ھێزی پێشمەرگەدا نراون، یەكەی ژمێریاریی ھەردوو یەكەی حەفتا و ھەشتا چوونەتە سەر وەزارەتی دارایی و چەند بەڕێوەبەرایەتییەكی خانەنشینی ھەبووە، كە ھەموویان یەك دەخرێن، هەروەها پێنج لیژنەش بۆ پێداچوونەوە بە رەوشی پێشمەرگە پێك ھاتوون.
سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە دهشڵێت ئەو لیژنانەی پێك ھاتوون دەستیان بە كار كردوە بۆ پێداچوونەوە بە فایلی ھەموو پێشمەرگەیەك و ئەوانەی دەمێكە پێشمەرگەن و لە شۆڕش بەشدار بوون و وەك پێویست مافیان پێ نەدراوە، مافەكانیان بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
رێڤینگ ھرووری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات كه بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دامەزراوە و، بە ھاوكاری و ھەماھەنگیی ھاوپەیمانان چەندین ھەنگاوی باش نراون و خەریكە بەرەو سیستم دەچن، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی ھاوپەیمانان بۆ ھاوكاریكردنی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنجامدانی چاكسازی و یەكخستنی ھێزەكانی پێشمەرگەیە، ئێمەیش وەك پەرلەمان چاودێریی رەوشەكە دەكەین لە یەكگرتنی ھێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاكسازی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.