دوای بڕینی مینحەی ئەو زیندانییانەی ماوەی یاسایی تەواو کردووە، بڕیارە مینحە بۆ ئەو زیندانییانە بگەڕێتەوە کە ھیچ مووچەیەکیان نییە و جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، دوای پێداچوونەوە مینحەیان بۆ دەگەڕێتەوە.
ژیان تاھر، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی ڕاگەیاند: پێشتر بەھۆی تەواوبوونی ماوەی یاساییەوە مینحەی ئەو زیندانییە سیاسییانە ڕاگیراوە، کە ماوەی 10 ساڵە سوودمەندن لە مینحەی حکوومەت و بەگوێرەی یاسا کاتەکەیان کۆتایی ھاتووە، بەڵام لەو پێنج ھەزار زیندانییە سیاسییە زیاتر لە یەک ھەزار زیندانی ھیچ مووچەیەک لە حکوومەت وەرناگرن.
جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و زیندانییانی سیاسی دەشڵێت: دوای ھەوڵێکی زۆر توانیومانە مینحە بۆ ئەو زیندانییانە بگەڕێنینەوە کە مووچە وەرناگرن و لیژنەیەکی باڵا بۆ پێداچوونەوە لە لیستی زیندانییان پێک ھاتووە.
ژیان تاھر ڕوونی کردەوە: چاوەڕێی فەرمانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانین تا بڕیار لەسەر خەرجکردنی مینحەی ئەو زیندانییانە بدات و بڕیارە ھەر زیندانییەکی سیاسی بێمووچە بێت مینحەی زیندانیی سیاسیی بۆ خەرج بکرێت و سوودمەند بێت لەو مینحەیە، بەڵام ئەوانەی ماوەیان تەواو بووە و مووچەیان ھەیە نایانگرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.