بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش رایگهیاند: ژمارەیەک پڕۆژەی ڕێگەوبان لە واری جێبەجێکردندان و پلانی حکوومەت ئەوەیە ڕێگە سەرەکییەکان تەواو بکرێن و جێبەجێکردنی سەدان پڕۆژەی دیکەش لە پلانی حکوومەتدان.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، ڕایگەیاند: کارکردن لە ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ڕێگاوبان بەردەوامە و کار بۆ تەواوکردنیان دەکرێت، لەوانەش ڕێگەی سەرەکیی ھەولێر- گوپال و ڕێگەی سەرەکیی کەلار- دەربەندیخان و ڕێگەی ڕانیە-دەربەندیخان، ئەوانە ھەموویان کاریان تێدا دەکرێت و بڕیارە تەواو بکرێن، چونکە ڕێگەی سەرەکین و پڕۆژەی ستراتیژین.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت: سەدان پڕۆژەی دیکەی بواری ڕێگاوبان لە واری جێبەجێکردندان و لە ھەوڵداین پارە پەیدا بکەین بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و بخرێنە خزمەت ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانەوە.
ئاگرین عەبدوڵڵا ڕوونیکردەوە: وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پلانی ھەیە ھەموو ڕێگە سەرەکی و تۆنێلەکان تەواو بکرێن و ئەولەویەت بۆ ڕێگە سەرەکییەکانە، ئینجا ڕێگە لاوەکییەکان، بەرەوپێشەوەچوونی ھەندێ پڕۆژە پەیوەستە بە ڕەوشی کەشوھەوا، لەبەر ئەوەی دروستکردنی ڕێگە پێویستی بەوەیە کەش لەبار بێت بۆ کارکردن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.