Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 22:33

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کۆبوونەوە

کوردستان TV
100%

 لە مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لایەن بەرپرسی مەكتەب و ژمارەیەك لە هەڤاڵانی دێسكەكانی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، پێشوازی لە شاندیكی باڵای سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كرا، شاندەكە پێك هاتبوو لە دكتۆرە ڤیان سلێمان، سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان و خاتوو ناسك سەعید، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان و خاتوو زیبا سەعید، بەرپرسی پلاندانان و بەدواداچوون لە سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان.

سیوەیلی، وێڕای بەخێرهێنانی سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، بە گرنگییەوە باسی ڕۆڵ و پێگە و خەباتی ئافرەتانی تێكۆشەری كوردستانی كرد لە نێو ڕیزەكانی  بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانیی كوردستان و یەكێتیی ئافرەتانی كوردستاندا، كە لە ماوەی خەباتی پڕشنگداری (٦٧)  ساڵی ڕابردووی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، لە ڕێكخراوێكی جەماوەری و پیشەیی تایبەت بە خۆیان لە قۆناغە سەختەكانی خەباتیاندا خاوەن ئەزموونێكی دەوڵەمەند و بارگاوین و بە كۆنترین و پڕ ئەزموونترین  و پڕ جەماوەرترین ڕێكخراوی ئافرەتانی كوردستان هەژمار دەكرێن، كە بەردەوامن  لە گەشەپێدان و نوێبوونەوە و فراوانبوون. لەسەر ئاستی  خەباتی مەدەنی و پیشەییشدا، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان توانیویەتی ڕۆڵێكی گرنگ ببینێت لە بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی سیاسی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی ئافرەتی كوردستاندا، كە داكۆكی لە مافە ڕەواكانیان بكەن و لە هەمان كاتیشدا خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەكەیان بكەن و قوربانییەكی زۆریشیان لەم پێناوەدا بەخشیوە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی و پێشكەوتنی كۆمەڵگای كوردستان، كە جێپەنجەیان دیارە لە سەرجەم كایەكانی ژیان و خەباتی سیاسی و شۆڕشگێڕی و ڕێكخراوەیی  و كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و پێشكەوتنەكانی كۆمەڵگای كوردستانی وەك كۆڵەكەی سەرەكی و گرنگی كۆمەڵگا. هەر بۆیە لە دیدگا و ستراتیژی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لەبەر ڕۆشنایی ڕێباز و جیهانبینیی بارزانیی نەمر، پارتی گرنگیی تایبەتی داوە بە پیرۆزی و پێگەی ڕۆڵی ئافرەتانی كوردستان و لەسەر ئاستی  ئۆرگانە گرنگەكانی سەركردایەتی و لق و ناوچەكانی و بەشداریپێكردنی كارایان لە پەرلەمان  و دامەزراوەكانی حكوومی و ئیداریدا بە بێ جیاكاریی ڕەگەزی لە بواری ماف و ئازادی و رێزگرتن لە كەرامەتیان و باشتركردنی گوزەرانی ژیانیان و بەرزكردنەوەی ئاستی تواناسازی و پێشكەوتنیان لە هەموو بوارەكاندا و، گرنگی بە بەشداریی كارای ئافرەتانی كوردستان داوە لە سەرجەم جومگەكانی كاری سیاسی، ئیداری و حكوومی  و بەڕێوەبردن، كە دەیان پۆستی گرنگی نێو پارتی و حكوومەتی هەرێمی  بەخشیوە بە ئافرەتانی تێكۆشەر كە هەوڵ دەدەرێت بەردەوام رێژەی بەشداریی ئافرەتان لە هەموو دامەزراوەكانیدا بەرز بكاتەوە بۆ ئاستێكی شایستەی پێگەی ئافرەتانی كوردستان. لەم ڕۆژانەشدا كە كوردستان و جیهان لە سەروبەندی هوشیاریی نیشتیمانیی بەڕێوەبردنی هەڵمەتێكی جیهانین بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و نەهێشتنی جیاكاریی ڕەگەزی و نەهێشتنی پێشیلكارییەكان بەرامبەر بە مافەكانی ئافرەتان، پابەندبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان لە داكۆكیكردن لە ماف و ئازادییەكانی ئافرەتانی كوردستان دووپات دەكەینەوە بۆ هێنانەدیی ژیان و گوزەرانێكی شایستەی پیرۆزی ناوی ئافرەت بێت لە بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاری كۆمەڵایەتی و هێنانەدی مافە ڕەواكانیان لە سایەی پێشكەوتنەكانی ئەزموونی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستاندا و لە نێو سەرجەم دامەزراوەكانی پارتیدا بە تایبەتی.

لە تەوەریكی تری دیدارەكەشدا، سەبارەت بە گرنگیی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بە بەشداریی كارای ئافرەتان لە چالاكییەكانی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەدا و هەوڵدان بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پارتە سیاسییەكانی پێشكەوتووی جیهان كە پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) لەگەڵیاندا باشترین پەیوەندیی دۆستانە و سیاسیی دامەزراندووە، بە هەمان شێوەش یەكێتیی ئافرەتان، لاوان و قوتابیانی كوردستانیش بتوانن پەیوەندی و تیكەڵاوییەكی باش بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوانیاندا بنیاد بنێین بۆ ئاشناكردنیان بە ڕەوایی دۆزی گەلی كورد و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان  و برەودان  بە پەیوەندییەكانیان  لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و جەماوەری و پیشەیی لە كوردستان، هەر بۆیە  پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ یەكێتیی ئافرەتانی كوردستاندا دەكاتەوە لە بەشداریی كارای ئافرەتان لە چالاكی و دیدار و سەردانەكانی دەرەوەی وڵاتی شاندەكانی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەسەر ئاستی چاڵاكییەكانی سیاسی و دیپلۆماسیدا لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لەگەڵ دنیای دەرەوەدا.

دكتۆرە ڤیان سلێمان، سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، سوپاسی پێشوازیی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)ی كرد لە شاندی سكرتاریەتی یەكێتییەكەیان و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوانیان لە هەموو بوارەكانی جێی بایەخی نێوان هەردوو لا بەردەوام بن و بە تایبەتیش لە بەشداریپێكردنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لە چالاكییەكانی ناوخۆیی و دەرەوە و پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)، هەروەك لە ڕابردووشدا چەندین جار یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بە هاوكاریی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د،ك) بەشدارییان لە كۆنگرە و چالاكییەكانی سیاسیی ئافرەتان و دامەزراوەكانی سیاسیی بیانی لە دەرەوەی وڵاتدا كردووە.

لە لایەكی دیكەشەوە، بە فراوانی باسی دۆخی ئافرەتانی كوردستانیان كرد، كە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو سەرەڕای دۆخی سەختی ژیان، ڕێزگرتن لە ماف و بەشداریی ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەكانی پارتی و حكوومەتی هەرێم باشتر بووە و پێشێلكارییەكان و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان هەروا كەمی كردووە كە پێویستە لە لایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانەوە چاودێریی بەردەوامی گوزەران و ئەو  پێشێلكارییە نامرۆڤانە بكرێت كە بۆ سەر ماف و ئازادییەكانی ئافرەتان لە كوردستان دەكرێت و بۆ رێگریكردن لە م پێشێلكاریانە حكوومەتی هەرێم بە توندترین شێوە سزای تاوانباران بدات و هەموو ئەو یاسایانەش لە پەرلەمان و دادگا و دامەزراوەكانی هەرێم هەموار بكاتەوە كە بۆ پێشكەوتنی كۆمەڵگا و باشتركردنی گوزەران و دابینكردنی ماف و ئازادییەكانی تاك و بە تایبەتی  ئافرەتان پێویستن.

هەروەها جەختیش كرایەوە، كە زۆر گرنگە بۆ گەشەكردن و نوێبوونەوە و بەردەوامبوونی یەكێتییەكەیان، سوود لە تواناكانی رێكخراوەكانی هاوشێوەی ئافرەتانی جیهان و دامەزراوەكانیان وەربگرن و ئافرەتانی كوردستانیش بەشداریی كارایان هەبێت لە چالاكییەكانی دەرەوەی وڵات دا.                                                                                                                                              

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.