وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بۆنه‌ی 1 ی دیسێمبه‌ر ڕۆژی جیهانی ئایدز به‌یاننامه‌یه‌كی راگه‌یاند و ده‌ڵێت: ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌یكات بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كان ،ڕێژه‌ی تووشبوون و گیان له‌ده‌ستدان به نه‌خۆشی ئایدز له‌هه‌رێمی كوردستان به‌راورد به زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان زۆر كه‌مه .
ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ..
1 ی دیسێمبه‌ری هه‌موو ساڵ یادی رۆژی جیهانی ئایدزه، له‌م رۆژه‌دا له سه‌رتاسه‌ری جیهان به ئامانجی هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا له مه‌ترسی ئه‌م نه‌خۆشییه، كاروچالاكی تایبه‌ت به‌م نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه ئه‌نجام ده‌درێت.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو هه‌موو ساڵێك له ڕێگه‌ی ده‌زگا ته‌ندروستیه‌كانه‌وه و به‌هاوكاری ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، چه‌ندین هه‌ڵمه‌تی هۆشیاری جۆراوجۆر به‌م ڤایرۆسه بڵاوده‌كاته‌وه و ئامۆژگاری هاوڵاتیان ده‌كات كه خۆیان له هۆكاری توشبوون به‌و ڤایرۆسه به‌دووربگرن.
ئایدز كه به دواقۆناغی نه‌خۆشی لاوازبوونی درێژخایه‌نی به‌رگری جه‌سته‌ی له‌ش ناسراوه به‌هۆی ڤایرۆسی (HIV) كه ترسناكترین په‌تای ڤایرۆسیه له سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانیه‌وه تائێستا به‌به‌رده‌وامی به‌هۆی كاریگه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی هه‌ڕه‌شه له‌ژیان و مرۆڤایه‌تی ده‌كات، ترسناكی ئه‌م ڤایرۆسه له‌وه‌دایه كه كه‌سی تووشبوو چه‌ندین ساڵ هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه ده‌بێت بێ ئه‌وه‌ی نیشانه‌ی هه‌بێت و هۆكاری گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ش ده‌بێت.
له سه‌رتاسه‌ری جیهان نزیكه‌ی ٤٠ ملیۆن كه‌س هه‌ڵگری ڤایرۆسی HIVین، زیاتر له ٦٠٠ هه‌زار كه‌سیش ساڵانه گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی كه‌لتوره جیاوازه‌كانی كه هه‌یه و ئه‌و ڕێكارانه‌ی كه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌یكات بۆ گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كان، ڕێژه‌ی توشبوون و گیان له‌ده‌ستدان به‌م نه‌خۆشییه زۆر كه‌مه به به‌راورد به زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان.
له هه‌رێمی كوردستان له‌م ساڵدا زیاتر له 194 هه‌زار پشكنین بۆ ڤایرۆسی (HIV) كراوه. له‌م ژماره‌یه ته‌نها 20 حاڵه‌تی هه‌ڵگری ڤایرۆسی نه‌خۆشی ئایدز تۆمار كراوه، كه 17 له‌وان بیانین.
به‌كوی گشتی له هه‌رێمی كوردستان له ساڵانی ڕابردووی زووه‌وه تا ئێستا 305 حاڵه‌تی ده‌ستنیشانكردنی هه‌ڵگری ڤایرۆسی ئایدز تۆماركراوه، له‌و ژماره‌یه‌ش كه ته‌نها 52 تووشبوو له هه‌رێمی كوردستان بوونه و 253 حاڵه‌تیش بیانی بووه، وه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كاری پێویست ئه‌نجامدراوه.
هه‌ربۆیه له‌م ڕۆژه‌دا داوا له هاووڵاتیانی خۆشه‌ویست به تایبه‌ت چینی گه‌نجان ده‌كه‌ین كه به‌هۆی كرانه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به ڕووی ووڵاتانی دونیادا، خۆیان به‌دووربگرن له هۆكاره‌كانی توشبوون به‌م نه‌خۆشیه و ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی جێبه‌جێ بكه‌ن. كه بریتییه له دووركه‌وتنه‌وه له سێكسی لابه‌لا و ناشه‌رعی و به‌كارنه‌هێنانی هه‌موو ئهوكهرهستانهی پیسن كه ده‌بێته هۆی بریندار بوونی پێست به‌م هۆیه‌وه ڤایرۆسه‌كه ده‌گوازرێته‌وه.
لێره‌وه بۆ هاووڵاتیانی خۆشه‌ویستی هه‌رێمی كوردستان ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه كه وه‌زاره‌تمان به‌رده‌وامه له ڕێگری سه‌رچاوه‌ی بڵاووبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه و له ڕێگه‌ی پشكنینی پێشوه‌خته‌وه كاری به‌رده‌وام ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشییه له هه‌رێمی كوردستان به‌ربڵاو نه‌بێت بۆ ئه‌ومه‌به‌سته‌ش پشكنین بۆ پزیشكان و پزیشكانی ددان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ماوه به ماوه ئه‌نجامده‌درێت. هاوكات ( بۆ وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی نیشینگه بۆ بیانیه‌كان و له‌كاتی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان و به‌خشینی خوێن و پێش پڕۆسه‌ی هاوسه‌رگیری و زیندانیكردن و داواكردنی مۆڵه‌تی ته‌ندروستی بۆ هه‌ندێك پیشه‌ی وه‌ك (سه‌رتاشخانه، مه‌ساج، شوێنی گه‌شتیاری....هتد)و داواكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی ته‌ندروستی نێوده‌وڵه‌تی. پشكنینی ڤایرۆسی ئایدز (HIV) بۆیان ئه‌نجام ده‌درێت.
به‌هیوای سلامه‌تی بۆ هه‌موو كوردستانیانی خۆشه‌ویست.
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
1 دیسێمبه‌ری 2020
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.