Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 23:32

فاوچی: کۆتایی به‌ کۆرۆنا ده‌هێنین و لە کانوونی یەکەم ڤاکسینه‌که‌ دابه‌ش ده‌کرێت

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەری سەنتەری رێگریکردن لە نەخۆشییە هەستیاری و گوازراوەکانی ئەمریکا  رایگه‌یاند: كۆرۆنا کۆتایی دێت، دەبێت دەست بخەینە نێو دەستی یەکدی.

د. ئەنتۆنی فاوچی، بەڕێوەبەری سەنتەری رێگریکردن لە نەخۆشییە هەستیاری و گوازراوەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی ئۆنلایندا لەگەڵ مارک زوکەربێرگ، دامەزرێنەری فەیسبووک رایگەیاند: دەبێت سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی ئەو پسپۆڕ و لیژنانە بکەن کە توانییان بەخێرایی دوو ڤاکسینی کۆرۆنا دروستبکەن بەبێ ئەوەی کات بەفیڕۆ بدەن، یاخود توێژینەوەیەک بەفیڕۆ بچێت، ئەو دوو ڤاکسینەش بریتین له‌ ڤاکسینی مۆدێرنا و ڤاکسینی هاوبەشی فایزەر و بایۆنتێکە.

فاوچی خەڵکی ئاگاداردەکاتەوە کە دۆزینەوەی ڤاکسین لە ئەنجامی کارێکی شەفافی سەربەخۆیانەی ژمارەیەک زاناوە بەدیهاتووە، دەڵێت ئەگەر ئەوان نەبووانایە کۆمپانیاکان نەیاندەتوانی بەتەنیا ڤاکسین بەرهەمبێنن.

ئەو پسپۆڕە باڵایەی کۆشکی سپی باس لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای (ئێم ئار ئێن ئه‌ی) دەکات کە بەکاردەهات بۆ دابینكردنی کۆپییەکی هاوشێوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەم تەکنەلۆژیایه‌، شریتی (ئێم ئار ئێن ئه‌ی) بەکاردەهێنرێت کە شریتێکی ناوکییە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی ( دی ئێن ئه‌ی ) بۆ رایبۆسۆم و دروستکردنی پرۆتین.

زاناکان ئەو شریتە بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی پرۆتینێکی هاوشێوەی پرۆتینەکانی سەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، و پرۆتینەکە سیستەمی بەرگریی مرۆڤ چالاکی دەکات. بۆ ئەوەی لە ئەگەری تووشبوونی کەسەکە بۆ جاری دووەم سیستەمی بەرگری بەخێرایی ڤایرۆسەکە بناسێتەوە و چالاک ببێت. پێشتر ئەو تەکنەلۆژیایە بۆ دروستکردنی دەرمان بەکارهاتووە، بەڵام ئەوە یەکەمجارە کە لە دروستکردنی ڤاکسین بەکاردێت.

لەبارەی کاتی دابەشکردنی ڤاکسین، ئەنتۆنی فاوچی دەڵێت، ئەو دەردە کۆتایی دێت، دەبێت دەست بخەینە نێو دەستی یەکدی و ئاگاداری یەکدی بین، دابەشکردنی ڤاکسین نزیکە و دەستپێکی دابەشکردنەکە لە مانگی کانوونی یەکەم دەبینین و لە شوبات و ئاداریش بەردەوام دەبێت. لە کۆتایی قسەکانیدا فاوچی جەختی لە رێکارەکانی خۆپارێزی کردەوە و ئاماژەی بە پێنج رێنمایی کرد، ئەوانەش بەستنی ماسک، دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی، دوورکەوتنەوە لە قەرەباڵخی، پاکوخاوێنی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی داخراو بوون.

دارشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ: كامه‌ران عومه‌ر

كوردستان TV

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.