لە چەند ھەفتەی رابردوودا چه‌ند کۆمپانیاو ناوەندێكی زانستی ئەنجامی دوا قۆناغی لێکۆلینەوەکانیان ده‌رباره‌ی دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسینی كۆڕۆنا راگەیاند، ئاماژه‌یان به‌وه كرد، كه ڤاکسینەکانیان به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆرباش سەرکەوتوو بووە بۆ درووست کردنی بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەکە . بڕیار وایه لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوو بەشێک لە وولاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ئه‌و ڤاکسینانە به‌كاربهێنن و ژماریه‌ك له هاوڵاتیانیان بكوتن. لەو نەخۆشخانەی کاری تێدادەکەم ھەفتەی ڕابردوو بە شێوەیەکی فەرمی ئاگادار کراینەوه، كه پێویسته ئێمه‌ش خۆمان ئاماده بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌مان وه‌ك بنكه‌یه‌كی كوتان به‌كاربێنین، لەو باوەڕەدام پێش کۆتایی هاتنی ئەمسال، هه‌ندێك خەلک ئەو ڤاکسینە وەرده‌گرن . وا چاوەران دەکرێت لە سەرەتای سالی داهاتوو بە رێژەیەکی یەکجار زۆر ئه‌و ڤاكسینه به‌كاربهێنرێت.
لەو ماوەیەیەدا کۆمەلێک پرسیار ده‌رباره‌ی ئه‌و ڤاكسینه وروژێنراوه، لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌م وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه به چه‌ند خاڵێك روونبكه‌مه‌وه:
1-ئایا ڤاکسینی کۆرۆنا سەلامەتە ؟
کۆمەلێک ھەوال و ڤیدیۆی نازانستی لە سۆشیال میدیاكاندا بلاوبۆتەوە ، کە باس له مەترسیەکانی ئەو ڤاکسینانە دەکه‌ن ، ھەندیک لەو ھەوالانە باسی ئەوە دەکەن، کە ئەو ڤاکسینە کاریگەری لەسەر جینەکانی مرۆڤ دەبێت و مەترسی دەکەوێتە ژیانی ئەو کەسانەی کە ڤاکسینەکە وەردەگرن! ئێمە دەزانین ئەو ڤاکسینانەی تاکو ئێستا ئەنجامی لئکۆلینەوەکانیان وه‌ك سەرکەوتوو راگەیانراوە، بە کۆمەلێک قۆناغ تێپەریون و لە دوا قۆناغیاندا ، کە قۆناغی سێیەمە لەسەر ھەزاران خەلک تاقیکراونەتەوە. هاوكات ئەم ڤاکسینانە لە ژێر چاودێریەکی ووردی زانستی بەرھەم ھێنراون و ھەموو ئەو رێکارانەی پەیوەستە بە سەلامەتی ئه‌و ڤاكسینه له‌لایه‌ن ناوەندە زانستیهكانەوه په‌یڕه‌و كراوه، كه بە ھیچ شێوەیەک ناكه‌ونه ژێر كاریگه‌ری سیاسیه‌وه. راستە به بەراورد بە ڤاکسینەکانی رابردوو ئەم ڤاکسینە زۆر بە خێرایی بەرھەم ھێنراوە ، دیارە زۆر ھۆکاریش بۆ ئه‌مه هه‌یه، بەشێكی په‌یوه‌ندی به پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاو زانسته‌وه هه‌یه، بەشه‌كه‌ی تریشی ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ پێویستیە خێراكانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی بۆ ئەو ڤاکسینە ، چونکە مرۆڤایەتی رووبەڕووی پەتایەکی زۆر کوشندە بۆتەوە و ژیانی لە سەرانسەری جیھان خستۆته مه‌ترسیه‌وه .
دیاره ئه‌م ڤاكسینه وەک ھەر ڤاکسینێکی تر بۆی ھەیە ھەندێک نیشانەی لاوەکی لێبكه‌وێته‌وه ، وەک ئازار‌و سووكه تایه‌ك ، بەلام ئەوە شتێکی کاتیه‌و ھیچ مەترسیەکی لەسەر ژیانی نه‌خۆش نابێت . ژماریه‌كی زۆر له‌وانه‌ی ئه‌و ڤاکسینەیان له‌سه‌ر تاقیكراوه‌ته‌وه تا ئێستا ھیچ کێشەیەکیان بۆ درووست نەبووه . ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ملوێنان كه‌سیش تاقیبكرێته‌وه پڕۆسه‌ی چاودێریكردن و به‌دواداچوون بۆ ده‌رهاویشته‌كانی ئه‌و ڤاکسینە هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆیه بڕوامان وایه له ئاینده‌یدا هیچ كێشه‌كی جدی دروست ناكات.
2- ئایا ئەو ڤاکسینە بۆ کێ زۆر پێویستە ؟
ئەم ڤاکسینە بۆ ھەموو ئەو کەسانە پێویسته، کە ئەگەرێكی زۆریان هه‌یه تووشی ئه‌و په‌تایه بن و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان دروست بكات، بۆ نموونە ئه‌گه‌ر ھەر کەسێک لە سه‌رووی ٦٥ ساڵیه‌وه بێت، تەنانەت ئەگەر ھیچ نەخۆشیهكیشی نەبێت، پێویستە ئه‌و ڤاکسینه وەرگرێت، ھەروەھا هه‌ندێك كه‌س ته‌مه‌نیشیان كه‌مه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك نه‌خۆشیان هه‌یه ده‌بێت ڤاكسینه‌كه وه‌ربگرن وه‌ك تووشبووانی نه‌خۆشی شه‌كره، نه‌خۆشیه‌كانی دڵ و ئه‌وانه‌ی په‌ستانی خوێنیان به‌رزه، ئه‌وانه‌ی بۆڕیه‌كانی هه‌ناسه‌و سیه‌كانیان دووچاری هه‌وكردنی درێژخایه‌ن بووه، ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یان هه‌یه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ژێر چاره‌سه‌ری كیمیاویدان، به‌شێك له تووشبووانی رۆماتیزم، كه هه‌ندێك جۆری ده‌رمانی تایبه‌ت به‌كارده‌هێنن، كه به‌رگری له‌ش كه‌مده‌كاته‌وه، هاوكات ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌رێژه‌یه‌كی به‌رچاو قه‌ڵه‌ون. جگه له‌وانه‌ی باسمان كرد هه‌موو كه‌سێك بۆ پاراستنی خۆی ده‌توانێت ئه‌و ڤاكسینه وه‌رگرێت، به‌ڵام سه‌ره‌تا به‌گوێره‌ی پێویستیه‌كان، واته بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی مه‌ترسی مردنیان به‌و نه‌خۆشیه زیاتره دابه‌ش ده‌كرێت. ھەروەھا ئەو ڤاکسینە گرنگە بۆ ئەو کەسانەی کە ئەگەری تووشبونیان زیاترە لە خەلکانی تر وەک کارمەندانی تەندروستی و ھەندێک پیشەی تر .
3- ئه‌و ڤاكسینانه تا چه‌ند كاریگه‌ریان هه‌یه‌و بۆ ماوه‌ی چه‌ند توانای به‌رگری ئه‌و په‌تایه به له‌شی مرۆڤ ده‌ده‌ن؟
ئەو ڤاکسینانە بۆ ماوەی چەند مانگێک و ئه‌گه‌ر هه‌یه بۆ ماوەیەکی زیاتریش توانای به‌رگری دروست بكات، وه‌ڵامی وردی ئه‌و پرسیاره پێویستی به چاوه‌ڕوانیكردنی زیاتر هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا ڤاكسینه‌كه نوێیه‌و ته‌نیا چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر تاقیكردنه‌وه‌ی له جه‌سته‌ی مرۆڤدا تێپه‌ڕیوه، دوای سالێکی تر كاریگه‌ری ئه‌و ڤاکسینانە به‌شێوه‌یه‌كی وردتر دەزانرێت و ئەو کاتە بۆمان دەردەکەوێت ئەگەر کاریگەریەکەی بۆ سالێک زیاتر بەردەوام بێت . هه‌ر ئه‌و ماوه‌یه بۆمان روونده‌كاته‌وه، كه ئایا ڤایرۆسه‌كه وه‌ك ئهنفلوەنزا ده‌بێت به شتێكی وه‌رزی ساڵانه و ئه‌و ڤاكسینه ده‌بیت بە شێوەیەکی وەرزی به‌كاربهێنرێت یاخود نا.
4- ئایا کەسێکی تووشبوو بەو پەتایە پێویستی به وه‌رگرتنی ئه‌و ڤاكسینه هه‌یه ؟
هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ری تووشبوونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی چاكبوونه‌ته‌وه بۆ جاری دووه‌م ئێجگار كه‌مە لە کاتی ئێستادا بە تایبەت لە چەند مانگی یەکەمی پاش تێپەڕاندنی پەتاکە ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه نه‌خۆشی تریان هه‌بێت، یا له ته‌مه‌ن رۆچووبن، واباشتره ئه‌و ڤاكسینه وه‌ربگرن چونکە دەزانین کە دژە تەن لە کەسانی تووشبوو دوای چەند مانگێک کەم دەبێتەوە و بەتەواوی دیارنیە لە ماوەی دوور خایەن ئەگەری دووبارە تووشبونەوە بەو پەتایە چەندە.
5- ئایا پێویسته ھەموو خەلک ڤاکسینەکە وەرگرن بۆ ئەوەی پەتاکە بنبڕ بكرێت؟
نەخێر ، مەرج نیە، چونكه ھەر کاتێک لەسەدا شەستی خەلک تووشی ئەو پەتایە بوون یان ڤاکسینیان وەرگرت ، جۆرێک لە بەرگری بە کۆمەل دروست دەبێت و ڤایرۆسەکە توانای گواستنەوەی زۆر کەم دەبێتەوە.بەلام زۆر گرنگە کە ئەو کەسانەی بە تەمەنن یاخود نەخۆشیان ھەیە لە زووترین دەرفەت ڤاکسینەکە وەرگرن .
6- ئایا ئه‌و ڤاكسینه به ئاسانی ده‌گاته ده‌ست هه‌موو كه‌سێك ؟
ئێستا زۆر وولات خه‌ریكن راستەوخۆ ئه‌و ڤاکسینه بۆ ھاولاتیانی خۆیان ده‌كڕن، بەشێک لەو ڤاکسینانە لەوانه‌یه له رووی لۆژستیەوە گواستنه‌وه‌ی بۆ هه‌موو شوینێك کارێکی ئاسان نەبێت، بۆ نموونه ڤاکسینی فایزەر، کە پیویستە لە پلەیه‌كی گەرمی زۆر نزمدا ھەڵبگیرێت بۆ ئەوەی کاریگەری خۆی لە دەست نەدات.ھەروەھا لەرووی نرخەوە ڤاکسینەکی ئۆکسفۆرد — ئەسترازێنیکا لە ڤاکسینەکەی مۆدێرنا زۆر ھەرزانترە و لەسەر بنەمای نەویستنی قازانج ڤاکسینەکەیان بەرھەم ھێناوەو دابەش دەکەن .
بۆ ئەوەی پەتاکە دووبارە بلاونەبێتەوە لە بەرژەوەندی ھەموو وولاتاندایە ئەو ڤاکسینە بگاتە دەست ھەموو کەسێک، رێکخراوی تەندروستی جیھانی و یەکێتی ئەوروپاو رێکخراوە خێرخوازەکان و گەلێک رێکخراوی بواری تەندرووستی ھەر لە سەرەتای سەرھەلدانی ئەو پەتایەوە، لە بیری ئەوەدا بووینە کاتێک ڤاکسینەکە بەرھەم دێت چۆن بتوانن بە شێوەیەکی دادپەروەرانەو بە یەکسانی بگەیەننە ھەموو جیھان ، وەک دەرھاوێشتەیەکیش بۆ ئەو خەمخۆریە کۆڤاکس درووست بوو ، بۆ ئەوەی دلنیابن لەوەی ڤاکسینەکە دەگاتە دەست ھەموو ئەو وولاتانەی بەشدارن لە دەستپێشخەریەکە، بە بێ ئەوەی ڕەچاوی دۆخی ئابووری ولاتەکان بکرێت. شایانی باسە لە ئێستادا دوو لەسەر سێی جیھان بەشدارن لەو دەستپێشخەریە و کۆڤاکس لەو باوەرەدایە تاکو کۆتایی ٢٠٢١ بتوانن بڕی دوو بلیۆن ڤاکسین دابەش بکەن .
7- كه‌ی ئه‌و په‌تایه بنبڕ ده‌كرێت و به‌كۆتا دێت؟
پێشبینی ئه‌وه ده‌كرێت دوای دەستپێکردنی به‌كارهێنانی ئه‌و ڤاکسینه رێژەی تووشبون بەو پەتایە روو لە کەمی بکات . بە گوێرەی لێکدانەوەکان لە ناوەڕاستی سالی داھاتوو ئەو پەتایە بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە و لە کۆتایی سالی داھاتوو ئەگەری ئەوە ھەیە نیمچە کۆنترۆل بکرێت ، ھەرچەندە بەشێک لە پسپۆران لەو باوەڕەدان، کە ئەو ڤایرۆسە بۆ ماوەیەکی درێژتر لە گەلمان ده‌مێنێتەوە و وەک ئەنفلونزا گۆڕانکاری بەسەر ڤایرۆسەکە دادێت و ده‌بێته ڤایرۆسێکی وەرزی. بەلام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئەگەر ڤایرۆسەكه گۆرانکاریشی بەسەردابێت، گۆڕینی ڤاکسینەکە کارێکی سه‌خت نیه ، وەک ئەوەی لە ئەنفلوێنزا دەبینرێت .
.
دکتۆر عارف گۆران
پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناو
لەندەن
یٔایا به‌کارهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا ھیچ مەترسیهکی ھەیە و کێن ئەوانەی دەبێت ڤاکسینەکە لە نزیکترین دەرفەت وەرگرن ؟
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.