سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدهگهێنێت بڕیارە کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی شاندی دانوستانکاری حکوومەت بەڕێوە بچێت و تێیدا باسی مووچە دەکرێت و شاندی حکوومەتیش ڕوونکردنەوەی تەواو بە پەرلەمان دەدات.
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگهیاند کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەی پەرلەمان چاوەڕوانکراو بوو، چونکە ئێمە پێشتر بڕیارمان دابوو ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بە مووچە بکەین و نوێنەرانی حکوومەت بێنە پەرلەمان و ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە کە چۆن ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەداخەوە لەبری ئەوەی ھەڵوێستی نیشتمانیمان ھەبێت بەرامبەر بەغدا چەند پەرلەمانتارێک سێ سەعات تەشەنوجاتیان لەناو پەرلەمان دروست کرد و بە تەپڵلێدان دەستیان بە سێلفیگرتن کرد.
ئومێد خۆشناو دهشڵێت ئێمە لەگەڵ ئەوەی ھەر کۆبوونەوەیەکی دیکە بکرێت پێویستە مووچە باسی گەرمی کۆبوونەوە بێت نەک یاری بە ھەست و سۆزی خەڵکی کوردستان بکرێت، بۆیە لەگەڵ ھەڵوێستی خەڵکی کوردستانین و سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەین .
ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژه بۆ ئهوهش دهكات كه کۆبوونەوەی داھاتوو شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدایان کردووە کە پێشوەچوونی ھەبووە بە فایلی دەوڵەمەند بێنە پەرلەمان و باسی مووچە بکرێت کە لە بەغدا چ عەقڵیەتێک ھەیە، بۆیە کۆبوونەوەی داھاتوو بە ئامادەبوونی حکوومەت دەکرێت.
ههروهها ڕاشیگهیاندووه كه ىخەڵک تەحمولی زۆری کردووە و یادداشتێک ئاراستەی بەغدا دەکەین کە چەند ستەم لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و داواش لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەین کە کۆبوونەوەی داھاتوو بە ئامادەبوونی حکوومەت باسی مووچە بکرێت و داواش لە ئۆپۆزسیۆن دەکەین بە تەپڵلێدان کێشەکان چارەسەر نابێت .
ڕوونیشی کردەوە كه پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکاندا بکرێت، ئەوەی کرا قبووڵکراو بوو لەمەودوا قبووڵی ناکەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.