سەفین دزەیی له وێبینارێکدا له‌گه‌ڵ ئەندامانی په‌رله‌مانی بەریتانیا و ئەنجومەنی لۆردانی به‌ریتانیا کۆبووه‌وە، که لەلایەن نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەی کوردیش پڕۆگرێس ڕێکخرابوو
لە وێبینارەکەدا کە ژمارەیەك ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا و ئەندامانی ئەنجومەنی لۆردانی بەریتانیا ئاماده‌بوون، سەفین دزەیی به‌رپرسی پەیوەندییەکانی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌وردی تیشکی خسته سه‌ر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە و په‌یوه‌ندییه دولایهنهکانی نێوان هه‌رێمی کوردستان و شانشینی یه‌کگرتوو.
له ویبینارهکهدا که دابان شەدەڵە جێگری به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ئاماده‌بوو، سەفین دزەیی پوختەیەکی لەسەر ڕوداوه مێژوویه‌کان و بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان پێشکه‌ش کرد ، هاوکات ئاماژەی بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ و هەڕەشەکان لەسەر ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچەکە کرد.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کاتێك ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغداد بە پشت بەستن بە دەستوری هەمیشەیی ووڵات چارەسەر بکات، لە نێویشیاندا پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناوچە جێناکۆکەکان.
بەڕێزیان ئاماژەی بە ڕێکەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا دا بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی شنگال و ووتی: "سەقامگیرکردنی بارودۆخی ئەمنی زۆر گرینگە بەمەبەستی ڕێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و دووبارە بنیادنانەوەی ژیان کە بەهۆی شەڕی داعش دووچاری وێرانکردن بووە.
هه‌روه‌ها ووتی که پێکهێنانی هێزی پۆلیسی خۆجێی متمانه‌ی هاووڵاتیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و هانده‌رده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وای ئاواره‌کان"، لە لایەکی ترەوە هیوای خواست کە ئەو ڕێکەوتنە ببێتە دەستپێکی ئاسایکردنەوەی تەواوی ناوچەکانی تر.
سەبارەت بە گرژییەکان له ناوچە سنوریەکان لەگەڵ تورکیا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دانپیانراوی دەستورییە له چوارچێوه‌ی ووڵاتی عیراقی فیدڕاڵ، وە بەرپرسیارییەتی هەرێمی کوردستانە کە گەرەنتی سنورەکانی بکات لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ بۆ ئەوەی خاکی هەرێم لە دژی هیچ ووڵاتێك بەکارنەهێندرێت، لەو سۆنگۆیەشەوە ووتی: "بە پێی یاسا نێودەوڵەتیەکان و نه‌رێته کارپێکراوهكان ناکرێت خاکی هەرێم بەکاربهێندرێت بۆ دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ووڵاتانی دراوسێ هاوکات ووڵاتانی دراوسێش پێویسته ڕێز له سەروەری عێراقی فیدڕاڵ بگرن.
سه‌فین دزه‌یی ڕایگه‌یاند که هه‌رێمی کوردستان و هاووڵاتیانی لەگەڵ ئەوەین که خوشک و برایانمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان به مافی ڕه‌وای خۆیان بگه‌ن و پارێزراوبن، بۆ ئه‌وه‌ش هەرێمی کوردستان له ڕابوردودا هه‌وڵی ئاشته‌وایی و پرۆسه‌ی ئاشتی داوه وه به‌رده‌وام ده‌بێت و ئامادەیە ئه‌و ڕۆڵه ببینێت." هه‌روه‌ها جەختیشی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە لە ڕێگەنەدان بە دروستبوونی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەکە و چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کان به ئاشتیانه.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی به‌ریتانیا و سەردانی جەیمس کلێڤەرلی وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەیمەس هیپی وەزیری هێزە چەکدارەکانی بەریتانیادا بۆ هەرێمی کوردستان و کرد‌و بە سەردانێکی سەرکەوتووی وەسفکرد.
له‌و ڕووه‌وه به‌ڕێزیان ووتی "گفتوگۆی کراوە لەگەڵ شاندی وه‌زاری شانشینی به‌ریتانیا کراو و ڕۆڵی بەریتانیای لە هاوکاریکردنی هەرێم و سەقامگیری ئاشتی ناوچەکە بەرز نرخاند و ئاماژه‌ی به گرینگى پەیوەندى لەمێژینەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەریتانیا کرد‌و و سوپاسى گەل و حکومەتى بەریتانیا و کۆمەلگەى نێودەوڵەتى کرد بۆ یارمەتى و هاوکارى بەردەوامی هەرێمی کوردستان. ".
دواتر کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سوپاسی پەرلەمانتاران و لۆردە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکەی کرد، ووتیشی ڕۆڵی دۆستانی کورد لە بەریتانیا هەموو کاتێك گرینگ بووە لە بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان و پەرەدان بە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا.
لە درێژەی ووتەکەیدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کەوا ساڵی ٢٠٢٠ سه‌ره‌تایه‌کی ئاڵۆز و پڕ له گرفت بوون بۆ هه‌رێمی کوردستان و عێراق، ئه‌ویش به هه‌ڵکشانی گرژییه سیاسیه‌کانی ناوچه‌که‌و لە ناوەخۆی عیراق و هه‌رێمیش خۆپێشاندانەکان و پاشانیش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا کە هەموویان کاریگەری ڕاستەوخۆیان کردۆتە سەر هەرێمی کوردستان و ئابوری هەرێمیان سست و لاواز کردووە.
کاروان جمال تاهیر هەروەها ووتی: "کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کاریگەری نه‌رێنیان دروست کردووه له‌سه‌ر ئاستی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هه‌روه‌ها له ئاستی ئارامی کۆمه‌ڵایه‌تی، که ئه‌وانه‌ش پرسی بنەڕەتین بە مەبەستی زاڵ بوون بەسەر کێشە و گرفتەکان و بنیادنانی ووڵاتێکی خاوەن سەروەری کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەبێت لەگەڵ کێشە و گرفتەکان کە ڕوو لە ووڵات دەکەن."
هاوکات نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، که هیچ نه‌بێت به هه‌ندێک خاڵی ئه‌رێنی کۆتایی به‌ساڵی ٢٠٢٠ دێنین، له‌وانه‌ش به‌رهێمهێنانی ڤاکسین و ڕزگارکردنی مرۆڤایه‌تی، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی کۆڕبه‌ندێکی سه‌رکه‌وتووی ئابووری کوردستانی کە هەفتەی ڕابردوودا لە ڕێگای وێبینارەوە لە لەندەن ئەنجامدرا بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و هاوکات سه‌ردانه پڕ بایه‌خه‌که‌ی شاندی وه‌زاری شانشینی به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمی کوردستان.
پەرلەمانتاران و لۆردە بەشداربووەکان ژمارەیەك پرسیار‌و تێبینیان تایبه‌ت بە بارودۆخی ناوەخۆیی و هه‌رێمی و گرژییەکانی ئەم دواییانە لە ناوچە سنورییەکان لەگەڵ تورکیا خسته ڕوو که گفتووۆی چڕیان له‌سه‌ر کرا و له‌لایه‌ن به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ڕونکردنه‌وه و زانیاری پێویستی پێشکه‌ش کردن، هاوکات په‌رله‌مانتاران و لۆرده‌کان جەختیان لەسەر گرینگی دایاڵۆگ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێگە نەدان بە تەشەنەکردنی ئەو گرژیانە که ببنه هۆی هەڕەشە دروست بوون لەسەر گه‌لی کورد و ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌که.
شایانی باسە پەرلەمانتاران لۆید ڕەسڵ، خلیل محمود، فریال کلارك، ستیڤ رید، بێڵ ڕیبێریۆ ئادی، کریس ستیڤنس، بامبۆس چارالامبۆس، ماری فۆی، جۆن ماکدۆنێڵ، کارڵ تێرنەر، ئەنگەس مەکنێڵ و لۆرد مۆریس گلاسمان و لۆرد دەیڤد واتس، هەروەها سایمەن دەبینس بەڕێوەبەری بەشی نێودەوڵەتی و توێژینەوە لە سەندیکای کریکاران Unite the Union و گاری کێنت سکرتێری گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا APPG و سیهام جه‌بلی ڕاوێژکاری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا لەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا بەشداری مێزگردەکەیان کرد.
شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.