Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 05:56

شینە لە شیندام

ئەکتەرو یەکانگیری جەستەی نمایش
کوردستان TV
100%

بەشی پێنجەم:

حەمەسوار عەزیز

یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی شانۆی مۆدێرن وپۆست مۆدێرن، تەوزیفکردنی ئەکتەرو رووبەری ئامادەیی ئەکتەرە لە نێو نمایش، ئەکتەر وەک جەستەو جولەو دەنگ و ئاماژە جەستەییەکانی، رەگەزێکی بنەڕەتی دروستکردنی نمایشەو بایەخی تایبەتی ھەیە، لەبەر ئەوەی ڕوانینی شانۆی تازە بۆ ئەکتەرو جەستەی ئەکتەر وەک یەیەکی سیمۆلۆژی کە لە تواناییدایە زۆرترین ئایکۆن و ئاماژەو سیمبوڵی تیا بەرجەستەبکرێت و زۆرترین مەدلول و مانای جیاواز و تەئویلی جیاواز دروستبکات، ئەمە جگە لەوەی خودی کەرەستەکانی تری دەرھێنەر وەک روناکی و ڕەنگ و دەنگ و جلوبەرگ و فەزاو دیکۆڕو پێکھاتە بیستراو و بینراوەکان لە ئەکتەرەوە ماناو فۆرمی جیاواز بەرھەم دێنن و ئەکتەر دەبێتە ئەو ڕەگەزەی کە دەتوانێت تەوزیفی جیاوازییان پێ ببەخشێت و بەبێ بوونی ئەکتەر، وەک ئایکۆنی رووت و یا ئاماژەی تاکمانا دەردەکەون، بۆیە بونیادی سەرەکی جەستەی نمایش ئەکتەرەو ھیچ کەرەستەو ڕەگەزێکی تر ناتوانێت ھاوشانی ئەکتەر بێت و لەپێگەی ئەکتەر نزیک بێتەوە.

لەم نمایشەش ڕوون بوو کە ئەکتەر چ جۆرە بارستاییەکی بەسەر نمایشەوە ھەیەو ھەموو مەسج و دەرھاوێشتەکانی نمایش لەئەکتەرەوە سەرچاوەدەگرن و بۆ ئەویش دەگەڕێنەوە، ھەرچەندە دەرھێنەر ئەو کەسەیە کە وێنای جەستەی نمایش دەکات و فۆرمە بینراو و بیستراوەکان دادەڕێژێت، بەڵام ئەکتەرو توانای جەستەیی و زەینی ئەکتەر ڕەگەزی یەکلاکەرەوەن لەم بوارەو دەرھێنەر ئەگەر ئەکتەری گونجاوی نەبێت بۆ ئەوفۆرمە شانۆییەی کە بەرھەمی دەھێنێت، ئەوە بێگومان تووشی نوشستی گەورە دەبێت، بۆیە ئاگایی دەرھێنەر لە توانای جەستەیی و ھەستی وھزری ئەکتەرەکانی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانێت بەو شێوەیە تەوزیفیان بکات کە ناتەبا نەبێت لەگەل ئەو بونیادەی کە تایبەتمەندی ئەکتەرەکانی جیادەکاتەوە، ھەرچەندەخودی ئەکتەر پێویستە توانای ئەوەی تیا بێت گۆڕانکاری گەورە لە فۆرم و ستایلی ئەداکردنی دروست بکات و بتوانێت فۆرم و شێوازە جیاوازەکانی ئەداکردن بەرجەستە بکات، بەڵام لەکوردستاندا ئەم پرسە تا ڕادەیەکی زۆر کارێکی نەکراوە، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە ئەکتەرە بە ئەزموون گەنجەکانیش لەپێشووتردا بەشێوەی تاکفۆرمی بەکاربراون و لە جەستەو کڵێشەیەکی نەرێتگەرایی قەتیس کراون و ناتوانن بەسەریدا باز بدەن، ئەم کڵیشەیەش تەنھا فۆرمی جەستەو بونیادی ئەو کارەکتەرە لێکچووانەی نەگرتۆتەوە کەپێشتر ئەدایانکردووە، بەڵکو پەڕێوەتەوە بۆ دەستەمۆکردنی کردنی کۆمەڵێک کەرەستەی تری ئەکتەر وەک جولەو ھەناسەدان و دەنگ و تۆنی دەنگ و ریتمی جولەو وشەو کارو کاردانەوە ھەستییەکان و بەکاربردنی زاکیرەی ئینفیعالی و مامەڵەکردن لەگەل ئەکتەری بەرامبەرو سینۆگرافیاو گوتاربێژی و فۆرمی گێڕانەوەو بەرکەوتنی بینەر.

ktv

بوونی کۆمەڵە ئەکتەرێکی ناوازەی وەک ئەوگروپەی ھەڵەبجە، مایەی خۆشحاڵیی وخۆش بەختییە بۆ ھەر دەرھێنەرێک کە کاریان لەگەل بکات، بۆیە راڤیار وەک دەرھێنەر چانسێکی زۆر باشی ھەیە کە کۆمەڵێک ئەکتەری کوڕو کچی ھەیە کە دەتوانن وەڵامدانەوەیان ھەبێت بۆ ئەوتەرزە شانۆییەی کە پێشکەشیدەکات، ھەر بۆیە یەکێک لە ڕەگەزەبنەڕەتییەکانی جوانی و جیاوازی ئەم نمایشە بوونی ئەو ئەکتەرە تایبەتانەیە، گرنگە ئەکتەر توانای تێگەیشتنی ھەبێت بۆ ئەو فۆرمە شانۆییەی کە کاری تیا دەکات، ئەمەش وایلێدەکات کە بەباشی کەرەستەکانی بەکارببات، ئەم مەعریفەیەی ئەکتەر بە کەرەستەکانی خۆی وشێوازی نمایش، وایلێدەکات جۆرێک لە تایبەتمەندی بدۆزێتەوە کە تیاییدا تواناو کەرەستە بەرجەستەییەکانی بەگوێرەی فەزاو ڕیتم و گوتاری نمایش دابەشبکات، لەو شوێنەی پێویستی بەئەدایەکی سایکۆلۆژی ناوەکی ھەیە، ئەوە بکات، لەوشوێنەی کەپێویستە ئەداکەی جیاواز بێت و لەسەر بونیادی دەرەکی کار بکات.

لەم نمایشە زۆرینەی ئەکتەرەکان تێگەیشتنی زۆر باشیان ھەیە بۆ فۆرمی نمایش و دەتوانن وەک ئەکتەریش ئیزافەی جەستەیی و بونیادی خۆیان ھەبێت، یەکانگیربوونی ئەکتەر لەگەل فۆرمی نمایش کردەیەکی زۆر سەخت و ئالۆزو گرنگە، ھەرچەندە لە ھەندێک کاتتدا ھەستدەکەین جۆرێک لە ناتەبایی لە نێوان فۆرم و جەستەی نمایش لەگەل ئەدای ئەکتەر دروست دەبێت، ئەمەش بەھۆی لاوازی تێکست و ئەوبونیادە نزیک واقیعییەی تێکستە کە ئەکتەر رادەکێشێتە نێو ئەو رووبەرە ئەدایە کە ناتەبایە لەگەل جەستەی نمایش، ئەم حاڵەتە بەشێوەیەکی بەرچاو بە ئەدای (خەلات نەوزاد_بەھۆی ئەم دیالۆگە ھەستی وناوەکییە) و بەشێوەیەکی کەمتر بە ئەدای (زریان حەکیم) و سۆزە حامیدەوە دەبینرا، ئەدای راویەر ھۆشیاریش کەوتۆتە نێو جۆرێک لە دووبارە بوونەوە کە ھەستدەکەین ئەو فۆرمەی کە دەرھێنەر بۆی داڕشتووە زۆر کۆنکریتییەو توانای تێپەڕاندنی نییە، بۆیە ھەرچەندە ئەداکەی یەکانگیرو تەباش بێت بە تەرزی نمایش، بەڵام دووبارە بوونەوەو خوڵانەوە لەنێو ئەو بازنەیە وایکرد جۆرێک لە کڵیشەبەندی کاتی بە راویەرەوە دیاربێت.

خاڵی جیاوازی ئەداکردن لەم نمایشە ئەدای ھەریەک لە شنیا ھۆشیار و ئاسۆ رەفیق بوو، شنیا وەک ئەکتەرێک دەزانێت چۆن کەرەستە تایبەتییەکانی بخاتە خزمەت ئەو کارەکتەرە جیاوازانەی کە ئەدایان دەکات، لەم نمایشە فۆرمە جیاوازەکانی ئەدا کردن و یەکانگیری لەگەل تەرزی نمایش، بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئەدای ھەردوو ئەکتەری داھێنەر (شنیا و ئاسۆ) دەبینران، ئەم دوو ئەکتەرە توانیان بەشێک لەو ئەدا سایکۆلۆژییە ناوەکییە پارسەنگ بکەنەوە کەھەندێ جار نمایش لە نێو شیرازەی ھەندێ لەو دیالۆگە دروشمئامێزانە رایاندەکێشاین، بەڵام ئەوەی بۆ من جیاواز بوو، تەنانەت لە کاتی ئەداکردنی ھەمان ئەو دیالۆگە ڕاستەوخۆیانە لە لایەن ئەو دووئەکتەرەوە، جۆرێک لە بەرەنگاری و تەسلیم نەبوون ھەبوو بۆ ئەو گوتارە ناوەکییەی کە دیالۆگەکان ھەڵیانگرتبوو، ئەمەش بەشێوەیەکی گرنگ ئاگایی ئەکتەرە بە جەستەی نمایش و فۆرمی کارکردنی دەرھێنەر و ئەو گوتارە ھزری و ئێستاتیکییەی کەنمایش دەیەوێت لەجەستەیەکی تایبەتتدا پێشکەشی بکات. (ماویەتی).

كوردستان TV

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.