مەلا عهبدولـڵا شێرکاوەیی مامۆستای ئاینی، له لێدوانێكدا بۆ كوردستان تیڤی ڕایگهیاند: خۆپیشاندان مافی هەر هاووڵاتییهەکە لە پێناو گەیاندنی پەیام و داواکردنی مافەکانی خۆی ئەنجامی بدات و لە چوارچێوەی هەنگاوی مەدەنی و پاراستنی سەقامگیری و ئاشتی خۆی ببینێتەوە.
ڕاشیگهیاند: بەڵام کاتێک ئاراستەو ئامانجی خۆپیشاندان دەگۆڕدرێت بۆ نمایشی نائاسایی و وێرانکاری و سوتاندنی قورئان و تاڵان و شەڕو ئاژاوەو سوکایەتی و سوتاندنی موڵک و ماڵی شەخسی و گشتی، لەجیاتی چارەسەر لەوانەیە دەرەنجامی خراپتری لێ بکەوێتەوە.
ههروهها ڕاشیگهیاند: داواکردنی ماف کارێکی ڕەوایەو ئەرکی لایەنی پەیوەنداریشە وێڕای بەکارنەهێنانی هیچ جۆرە توندیەک، خواستی هاووڵاتییان جێبەجێ بکات، بەڵام پێشێلکردنی مافی بەرامبەر بەناوی خۆپیشاندان و لەژێر پەردەو دروشمی تێکدان و کاوڵکاری و خوێن ڕشتن و ئازاردانی خەڵک و راگرتنی کارو گوزەران و بەکوشتدانی هەرزەکارو سوکایەتی بەرامبەر موقەدەساتی ئایینی و فڕێدانی قوڕئانی پیرۆز بۆ سەر شەقامەکان، کارێکی پێچەوانەیە لەگەڵ ڕێنمایی ئایینی و بنەمای شارستانیەت یەک ناگرێتەوە.
مامۆستا عهبدولـڵا شێركاوهیی ڕاشیگهیاند: بۆیە ئەرکی هەموو لایەنەکان و حکومەتە لەم دۆخە هەستیارەدا شان بدەنە بەر هەنگاوی ئانی و چارەسەری کێشەو تێپەڕاندنی قەیرانەکان و باشکردنی گوزەران و بژێوی خەڵک و سەختی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە کەم بکەنەوە. گرنگە هاوڵاتیانیش لەهەموو حاڵەتێک بەرژەوەندی گشتی و ئارامی کۆمەڵگەو بەهای نیشتمان لەبەر چاوو بگرن و بەرێکاری گونجاو داوای مافەکانیان بکەن.
ئا/فەرمان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.