مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان سهرهخۆشی له خانەوادەی مستەفا نێروەیی دەكات
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، پرسەنامەیەكی ئاراستەی خانەوادەی هەڤاڵی تێكۆشەر (مستەفا نێروەیی) كرد، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بەڕێزان خانەوادەی هەڤاڵی تێكۆشەر(مستەفا نێروەیی)
بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی هەڤاڵی تێكۆشەر و ھەڵگری میدالیای بارزانیی نەمر، خوالێخۆشبوو (مستەفا نێروەیی)مان پێگەیشت، بەو بۆنە خەمناكەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەسوكار و بنەماڵە تێكۆشەرەكەتان دەكەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمتان دەزانین.
هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (مستەفا نێروەیی) لە ساڵی (1961) شانبەشانی باوكی، پەیوەندی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە دەكات و، وەك كەسایەتییەكی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەر و پێشمەرگەیەكی قارەمان، رۆڵی خۆی لە زۆربەی چالاكی و داستانەكانی شۆڕشدا بینیوە.
خوالێخۆشبوو كادیرێكی دێرین و دڵسۆز و وەفاداری رێبازی بارزانی بوو، جگە لەوەی بەشداری لە هەردوو شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز كردووە، لە راپەڕینە شكۆدارەكەی گەلەكەشماندا رۆڵی بەرچاوی هەبووە و، دواجار بەر لەوەی بكەوێتە بەر دلۆڤانیی خودا، بەرپرسی دەزگای ئەیلوول بوو لە پارێزگای دهۆك.
هیوادارین هاوخەمیی هەڤاڵانی و دۆستانی ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووریی خانەوادە تێكۆشەرەكەتان و لە خەم و خەفەتتان كەم بكاتەوە.
دووبارە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان دووپات دەكەینەوە و لە خوای گەورە داواكارین لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و جێگای هەڤاڵی كۆچكردوویشمان بەهەشتی بەرین بێت...
انا للە وانا الیە راجعون
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.