یه‌كێتی تۆپی پێی نێوده‌وڵه‌تی فیفا دوایین لیستی پاڵێوراوانی خه‌ڵاتی باشترینه‌كانی تۆپی پێی جیهانی بۆ ئه‌مساڵ بڵاوكرده‌وه.
لیستی كاندیدانی باشترین یاریزان له ئاستی پیاوان هه‌رسێ یاریزان كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پۆرتوگالی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی یوڤێنتوس و لیۆنێل مێسی ئه‌رژه‌نتینی و ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی بارسێلۆناو ڕۆبێرت لیڤاندۆڤسكی پۆڵه‌ندی و ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی بایرن میونشن به‌خۆوه ده‌گرێت.
له وه‌رزی ڕابردوودا، كریستیانۆ رابه‌رایه‌تی یوڤێی كرد له بردنه‌وه‌ی نازناوی كالچیۆ و مێسیش بۆ چواره‌م جاری له‌سه‌ریه‌ك نازناوی گۆڵكاری لالیگای برده‌وه.
لای خۆشیه‌وه لیڤاندۆڤسكی هه‌رچوار نازناوی مێژوویی خول و جامی ئه‌ڵمانیاو خولی یانه پاڵه‌وانه‌كان و جامی سوپه‌ری ئه‌وروپای له‌گه‌ڵ بایرن به‌ده‌ستهێناو نازناوی گۆڵكاری بۆندسلیگاو چامپیۆنس لیگی برده‌وه.
له ئاستی ڕاهێنه‌رانیش لیستی كاندیدانی فیفا بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین ڕاهێنه‌ری پیاو پێك دێت له هانز فلیكی ئه‌ڵمانی ڕاهێنه‌ری بایرن میونشن كه سه‌رجه‌م نازناوه‌كانی برده‌وه .
یۆرگن كلۆپی ئه‌ڵمانیش ڕاهێنه‌ری لیڤه‌رپول كه پاله‌وانی پرێمه‌ر لیگه‌و مارسیلۆ بیلسای ئه‌رژه‌نتینی ڕاهێنه‌ری لیدز یونایتد كه تیپه‌كه‌ی سه‌رخست بۆ پرێمه‌رلیگ.
له حه‌ڤده‌ی ئه‌م مانگه‌دا فیفا ڕێوڕه‌سمی دابه‌شكردنی خه‌ڵاتی باشترینه‌كانی ساڵ به شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی له ڕێگای ڤیدیۆ ئۆنڵاین سازده‌كات .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.