بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین سهبارهت به خۆپیشاندانهكانی ئهم دواییه و سوتاندن و شکاندنی ترافیک لایت برینداربوونی كارمهندانی هێزهكانی ناوخۆ، پهیامێكی بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین بڵاوكردهوه ئهمه دهقهكهیهتی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، لەو چەند ڕۆژەدا خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتیانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین دەستی پێکردووە بەمەبەستی داوای چاکسازی لە حکومەت بۆ باشترکردنی ژیانی هاوڵاتیان و پێدانی موچەی تەواوی فەرمانبەران بۆ هەموو مانگێک. ئەگەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بەشێوەی هێمنانە ئەنجام بدرێت، ئێمەش وەک هەمووتان پشتیوانی داواکاریەکان دەکەین کە لەکاتێکدا بنەبڕکردنی قەیرانەکان داوای ڕەوای هەمووانە و ئێمەش وەک هێزی ئەمنی سنورەکە بێبەش نەبووین لەم قەیرانە بەتایبەت بە بڕینی موچە و پێنەدانی لەکاتی خۆیدا.
لە هەمان کاتدا، زیان گەیاندن بە شوێنە گشتیەکان و تایبەتەکان، وە سوتاندن و شکاندنی ترافیک لایت و هێماکانی هاتوچۆ و کابینەی پۆلیسی هاتوچۆ کارێکە زیان بە موڵکی گشتی دەگەیەنێت کە لە کاتێکدا ئەمانە بۆ خزمەتی گشتی بەکار دێن و موڵکی هەمووانە.
بۆ ئەو مەبەستە داوا لەسەرجەم هاوڵاتیانی سنورەکەمان دەکەین بۆ داواکردنی مافەکان تکایە بە شێوەی هێمنانە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن تاکو دوور لە ئاژاوە و تێکدانی باری ئارامی و ئاسایشی سنورەکە داواکاریەکان بگات بە شوێنی خۆی.
داواکارین خۆپیشاندەران زیاتر ئارام بگرن و ڕێز لە هێزە ئەمنیەکان بگرن، چونکە ئێمە کوڕ و کەس و کاری ئێوەین و ئێوەش کەس و کاری ئێمەن وە بۆ خزمەتی ئێوە شەو و ڕۆژمان خستوەتە سەریەک تاکو خوێن لە ڕۆڵەی هیچ لایەکمان نەڕژێت و هەموو لایەکمان سەلامەت بین، هەرچەندە 98 ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانمان بریندار بوون، بەڵام هەر چاوتان ماچ دەکەین.
داواکارین لەسەرجەم هێزە ئەمنیەکان کە هەر وەک چۆن خۆنەویستانە پارێزگاریتان لە سەقام گیری کۆمەڵگا و پاراستنی یاسا کردووە زیاتریش ئارام بگرن بۆ سەرخستنی یاسا و پێداگیری لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنورەکەمان، سەرەڕای ئەوەی کە تاکو ئێستا هێزەکانمان بەردەوام لە ئەرک دابوون بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنورەکە، جێگای شانازیە بۆ هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەرانی سنورەکەمان کە تاکو ئێستا هیچ کەسێک بە چەک بریندار نەبوو و هیچ فەرمانگەیەک نەسوتێنراوە، کە ئەمەش بەهەوڵی هەموو لایەکمان و بە ئارامی ئێوە و هێزە ئەمنیەکان بووە.
دووبارە داواکارین سەروەری یاسا پارێزراو بێت و داوا لە خۆپیشاندەرانی بەڕێز دەکەین بۆ داواکردنی مافەکان، تکایە بە شێوەی هێمنانە خۆپیشاندانەکان ئەنجام بدەن و موڵکی گشتی و تایبەت بپارێزن تاکو زیان بەهیچ لایەکمان نەگات و هەموو لایەکمان سەلامەت بین. وە لە کۆتایدا داواکارین کۆتایی بە گردبوونەوکان و خۆپیشاندانەکان بهێنن چونکە پەیامەکان گەیشتۆتە شوێنی خۆی.
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین
ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکان
12-12-2020
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.