Erbil 38°C یەکشەممە 17 تشرینی دووەم 02:57

دانیشتوانی گوندی په‌لکانه‌: خیانه‌تی 16ی ئۆکتۆبه‌ر وایکرد عه‌ره‌بی هاورده‌ له‌سه‌ر زێدی خۆمان ده‌رمان بکه‌ن و زه‌وییه‌کانمان داگیربکه‌ن

کوردستان TV
#7
100%

دانیشتوانی گوندی په‌لكانه‌ رایانگه‌یاند: پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك له‌ پشت ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ دێنمه‌ سه‌رمان داوای چۆڵكردنی گونده‌كه‌مان ده‌كه‌ن.

دانیشتوانی گوندی په‌لكانه‌ سه‌رجه‌میان كوردن و تاپۆی ره‌شی زه‌وی كشتوكاڵی و خانوویان هه‌یه‌، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه‌ پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ژماره‌یه‌كی زۆر عه‌ره‌بی هاورده‌یان له‌ قه‌زاو ناحییه‌كانی ده‌ورووبه‌ری كه‌ركووك هێناوه‌ته‌ گوندی په‌لكانه‌ و داوا له‌ كورده‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌كه‌ن زێدی خۆیان جێ بێڵن.

دانیشتوانی كوردی گونده‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش ده‌ڵێن: مه‌گه‌ر خوێنمان بڕژێنن و به‌سه‌ر جه‌نازه‌كانماندا تێپه‌ڕن، ده‌نا چۆڵ كردنی گوند مه‌حاڵه‌.

رۆسته‌م عه‌زیز دانیشتوانی گوندی په‌لكانه‌ به‌ كوردستان تیڤی رایگه‌یاند:  خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ری وایكرد، عه‌ره‌بی هاورده‌ بێنه‌ سه‌رمان له‌ سه‌ر زێدی خۆمان ده‌رمان بكه‌ن و زه‌ویه‌كانمان داگیربكه‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌ی خیانه‌تیان كرد ئێستاش كه‌سیش نایه‌ت له‌سه‌رمان بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ خوێنی خۆمان مافی خۆمان وه‌رده‌گرینه‌وه‌.

عه‌لی ئه‌حمه‌دی جوتیارێكی دیكه‌ی دانیشتوانی گوندی په‌له‌كانه‌ به‌ كوردستان تیڤی رایگه‌یاند: راكان سه‌عید جبووری پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك له‌ پشت ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ دێنمه‌ سه‌رمان داوای چۆڵكردنی گونده‌كه‌مان ده‌كه‌ن، رۆژ نییه‌ حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق داوای چۆڵكردنی زه‌وییه‌كانمان لێ نه‌كه‌ن و ئه‌و چه‌كدارانه‌ ناهێڵن له‌سه‌ر زه‌ویه‌كانی خۆمان كار بكه‌ین.

گوتیشی لێره‌وه‌ داوا له‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه‌یان راده‌ستی ئه‌و میلیشیانه‌ كرد بێن به‌ چاوی خۆیان ئه‌و بارودۆخه‌ ببینن، كه‌ چۆن زوڵم له‌ دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌كرێت هه‌ر ئه‌و كاسانه‌ش له‌ شاشه‌ی تیڤییه‌كان قسه‌ی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن.

داڕشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ/ سامان زاهیر

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.