Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 11:47

خەڵاتی (CAP Herzberg)ی ساڵی ٢٠٢٠ بەخشرایە پڕۆفیسۆرێکی فیزیازانی کورد

لەلایەن ( کۆمەڵگەی شاهانەی کەنەدی) خەڵاتکراوە
کوردستان TV
100%

 زانای کورد لە بواری فیزیا پرۆفیسۆر د. ئیبراهیم کەریمی لە زانکۆی ئۆتاوای کەنەدا لە لایەن کۆمەڵەی فیزیازانی کەنەدی CAP ) ) میدالیای CAP Herzberg ی ساڵی 2020 پێبەخشرا. 
ئەم هەواڵە خۆشە وزەیەکی زیاتر دەبەخشێتە زانا و لێکۆڵەرانی کورد لە ناو زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی دونیا کە هەر یەکەیان لە بوارێکی دیاریکراوی زانستدا خەریکی توێژینەوەن. ئەو ڕووداوە ئەوەمان بیردێنێتەوە کە ئەگەر دەرفەت و زەمینەی گونجاو هەبێت، لێکۆڵەرانی کورد هیچیان لە زانا و توێژەرانی گەلانی دیکە کەمتر نیە و دەتوانن لە بوارەکانی خۆیاندا پێشەنگێتی بسەلمێنن و بەشداری کارا لە بەرهەمهێنانی مەعریفەی نوێدا بکەن.
پرۆفیسۆر کەریمی لە زانکۆی ئۆتاوا بۆتە فیگەر و وزەیەکی پێشەنگ لە بواری فۆتۆنی و ئەلیکترۆنی، و ئەنجامی توێژینەوەکانی له ناودارترین گۆڤارەکانی بواری فیزیا و زانستەکانی دیکە بڵاودەبنەوە. بەشدارییە بەرچاوەکانی پرۆفیسۆر کەریمی بۆ فیزیا چەندین خەڵات و ناسینەوەی بەپێز و پایەداری بۆ پەیدا کردووە.

لە ناو ئەوانەدا، خەڵاتی سەرۆکی توێژینەوەی کەنەدا لە پێکهاتەی ڕووناکی، خەڵاتی توێژەری ئۆنتاریۆ، خەڵاتی توێژەری ساڵی ٢٠١٩ی زانکۆی ئۆتاوا بۆ توێژەری تازە دەستبەکاربوو، ئەندامێتی لە کۆلێژی توێژەرە نوێیەکان لە کۆمەڵگای شاهانەی کەنەدا و ئەکادیمیای جیهانی یۆنگ، هاوەڵێتی لە کۆمەڵگەی ڕووناکی. هەروەها پڕۆفیسۆر کەریمی ڕۆڵێکی سەرکردایەتی سەرەکی بینی لە دامەزراندنی سەنتەرێکی نوێی توێژینەوەدا، کە تایبەتە بە پێشڕەویی بینایی کوانتەمی لە کەنەدا.
ئەو میدالیایەی ئەمساڵ بەخشرایە پڕۆفیسۆری کورد ئیبراهیم کەریمی بە هۆی سەرکردایەتیە داهێنەرەکەی بوو لە بواری پەرەپێدانی شەپۆلی کوانتەمیی بۆ پەیوەندی کوانتەمی و کۆمپیتەیشن و مایکرۆسکۆپ و زانستی ماددەکان. مەدالیای CAP Herzberg ساڵانە لە هەر بوارێکی توێژینەوە لە فیزیا، دەبەخشرێتە فیزیازانە دیار و پێشەنگەکانی کەنەدا. لە ساڵی 1970 ەوە یەکەم مەدالیای لەم جۆرە بەخشرا و تا پێش ساڵی 2011 ئەو مەدالیایە دەبەخشرایە فیزیازانانی کەنەدی خوار تەمەن 40 ساڵە کە خاوەن دەستکەوتی دیارن لە بواری فیزیا. ئەم خەڵاتە لە لایەن کۆمەڵەی فیزیاناسانی کەنەدی دابەش دەکرێت کە لە ساڵی 1945 دامەزراوە.

ئەو کۆمەڵەیە دامەزراوەیەکی پڕۆفیشناڵی فیزیاییە کە نوێنەرایەتی زیاتر لە 1600 خوێندکاری فیزیا و فیزیاناسەکان دەکات لە کەنەدا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە، هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمپانیا و دامەزراوە زانستییەکان ئەندامی ئەو کۆمەڵەیەن.
بە گوێرەی سایتی زانکۆی ئۆتاوا، پرۆفیسیۆر کەریمی لە ساڵی 1997 دیپلۆمای لە بیرکاری و فیزیا لە ئیغباڵ لاهۆری لە شارۆچکەی سەقز وەرگرتووە. لە ساڵی 2001 دا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری فیزیادا لە زانکۆی کرمان بەدەست هێناوە و لە زانکۆی کوردستان لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ وانەبێژی کردووە. دواتر لە ساڵی 2007 دا چۆتە ئیتالیا بۆ کارکردن لەسەر دکتۆراکەی کە دوو ساڵ دواتر لە زانکۆی ناپلس بەدەستی هێناوە و پاشان وەک هاوەڵی دکتۆرا کاری کردووە. ساڵی 2012 بۆ فێرکردن و ئەنجامدانی توێژینەوە چۆتە کەنەدا و دوای سێ ساڵ نازناوی سەرۆکی توێژینەوەی کەنەدای وەرگرت و لە ئەیلولی 2020 دا لەلایەن ( کۆمەڵگەی شاهانەی کەنەدی) خەڵاتکراوە.
بە ناوی خۆم و ئەنجومەنی زانکۆی سۆرانەوە پیرۆزبایی لە پرۆفیسۆر ئیبراهیم کەریمی و هەموو لێکۆڵەر و زانستخوازانی کوردستان دەکەم. ئەو خەڵاتەی بە جەنابیان بەخشراوە وەڵامێکی کرداری ئەو خەڵکانەیە کە نایانەوێ بە چاوی باڵاوە لە میللەتی ئێمە بڕوانن.
https://www.facebook.com/ebi.karimi

د. موسڵح مسته‌فا سه‌رۆكی زانكۆی سۆران

ktv

زانست و تەکنۆلۆژیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.