Erbil 38°C دووشەممە 27 کانوونی دووەم 19:56

به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریکا به‌نیازن ده‌ست به‌سه‌ر که‌شتیه‌کی نه‌وتی ئێراندا بگرن

کوردستان TV
#11
100%

 
ئاژانسی هه‌واڵی بلۆمبێرگ بڵاوی كرده‌وه‌ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا به‌نیازن ده‌ست به‌سه‌ر كه‌شتیه‌كی ئێرانیدا بگرن كه‌ نه‌وتی هه‌ڵگرتووه‌ .

به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا به‌نیازن ده‌ست به‌سه‌ر كه‌شتیه‌كی نه‌وت هه‌ڵگردا بگرن كه‌  دوو ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی ئێرانی پێیه‌‌ و گومان ده‌كرێت له‌ ئاوه‌كانی كه‌نداو بار كرابێت، ئه‌م ڕێژه‌ نه‌وته‌ كه‌ له‌ لایه‌ن  كه‌شتی نه‌وت هه‌ڵگری ئه‌گیلێس، سه‌ر به‌ كۆمپانیایایه‌كی یۆنانی به‌ ئالای لیبریا ڕێی ده‌ریای به‌ مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ گرتووته‌ به‌ر، ده‌بێت له‌ ئاوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌رباز بێت تا بگاته‌ شوێنی مه‌به‌ست.  

بڕیاری وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مه‌ریكا بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئه‌م كه‌شتییه‌ پێش ده‌سه‌ڵاتی جۆ بایدن و له‌ هه‌فته‌كانی كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ده‌رچووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌شتی نه‌وت هه‌ڵگری یونانی به‌ به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكای ڕاگه‌یاندووه‌ گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی خاوی ئێران ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ به‌ هه‌ڵه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیاكه‌یانه‌وه‌ گواسترابێته‌وه‌ و ستافی كاری كه‌شتی دلنیا بوون كه‌ نه‌وتی بار كراو له‌ عێراق هاتووه‌ نه‌ك ئێران.  

به‌ پێی به‌ڵگه‌كانی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن، ئه‌و كه‌شتیه‌ له‌ مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی ڕابردوو له‌ كه‌نداو نه‌وتی له‌ كه‌شتیه‌كی تره‌وه‌ به‌تاڵ كردوه‌ و ستافی كاری كه‌شتی سیسته‌می ڕاداری كه‌شتیه‌كه‌یان له‌ یه‌كی مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ تاكو سێنزده‌ی هه‌مان مانگ، هاوكات له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ بۆ ئاوه‌كانی ئه‌فریقای باشوور، كوژاندووته‌وه‌.

ئه‌و كه‌شتیه‌ له‌ ئێستادا له‌ زه‌ریای ئه‌تله‌سی، نزیك ئاوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ ڕێ ‌دایه‌، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌شتیانه‌ی هه‌ڵگری نه‌وت و كه‌ره‌سته‌ی ئێرانین، سیسته‌می ڕاداریان ده‌كوژێندرێته‌وه‌ و ئامێره‌كانی جی پی ئێسی به‌رده‌وام ده‌ستكاری ده‌كرێن و به‌م هۆیه‌شه‌وه‌، داتا و زانیارییان ئه‌سته‌مه‌.

له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌لاتی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا سزای زۆری ئابوری به‌سه‌ر كه‌رته‌ جیاوازه‌كانی ئێران به‌ تایبه‌ت نه‌وت سه‌پێندران. دوای ئه‌و بڕیارانه‌ی واشنتۆن، تاران به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه‌ به‌ رێگه‌ی قاچاخ نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ بكات، به‌ پێی ئاژانسی هه‌واڵی بلۆمبێرگ، ئێران له‌ مانگی دیسه‌مبه‌ری ساڵی رابردوو تا كو ئێستا توانیویه‌تی ڕۆژانه‌ دوو ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ڕه‌وانه‌ی بازاڕه‌كانی جیهان بكات.

كوردستان TV

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.