پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووك -گەرمیان لە سی و چوارەمین ساڵیادی کۆچی دڵتەزێنی پێشمەرگە و برا و سەرکردەی لێھاتوو کاکە ئیدریس بارزانیی ھەمیشە لە یاد.
ئەمرۆ سی و چوار ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كارەساتێکی دڵ تەزێن و خەمێکی گران کە کوردستانی داپۆشی، بە ونبوونی تێکۆشەرێك و ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی کوردایەتی، کە لە دامێنی چیای شیرینی سەرکەش لە ناوچەی بارزان هاتبووە ژیانەوە، لە گوندی بارزان لانکەی شۆڕش و بەرخودان و دوژمن شکێن، ئەویش کاکە ئیدریس مستەفا بارزانییە، ئەو سەرکردە خۆشەویست و دڵسۆز و دووربینەی هەموو ژیانی لەپێناو کورد و کوردستان و پێکەوەژیانی ئاشتییانە تەرخان کردبوو.
ئیدریس بارزانی لەتەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ خانەوادە تێکۆشەر و فیداکارەکەیدا ئاوارەی باشووری عێراق دەبن پاش ئەوەی بارزانیی نەمر و هەڤاڵانی ڕوو لە یەکێتیی سۆڤێتی جاران دەکەن بۆ ماوەی یانزە ساڵ لە شارەکانی بەسڕا و بەغدا و موسڵ، لە ژیانێکی پر لە کێشە و دژواردا دەژیان. بەڵام هەردەم متمانە و باوەڕیان بەهێز بوو چونکە خاوەنی پەیام و دۆزی ڕەوا بوون و، بۆ گەل و خاکێکی داگیرکراو تێدەکۆشان، دوای گەڕانەوەی بارزانیی نەمر لە یەکێتیی سۆڤێت لە ساڵی ١٩٥٨ کاکە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد، لەگەڵ خانەوادەکەیان دەگەڕێنەوە بارزان و، لەگەل یەکەم چرکەساتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن ئیدریس بارزانی وەکو لاوێکی خوێنگەرم و ژیر و چاونەترسی کوردستان، دەبێتە پێشمەرگە و، لەبەر لێهاتویی و قارەمانێتی و ئاستی بەرزی ڕۆشنیری هەر زوو وەکو سەرکردەیەکی قارمان و لێزان و دیپلۆماتێكی سەرکەوتوو دەردەکەوێت و دەبێتە جێگای متمانەی شۆڕش و بارزانیی نەمر و ڕۆڵی گرینگ و کارای لە شۆڕشدا دەگێڕا لەپەیوەندی کردن لەگەڵ وڵاتە ئەقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بۆ ناساندنی شۆڕش و ئامانجەکانی و گەیاندنی دەنگی ڕەوای گەلەکەمان بەجیهان. کاکە ئیدریسی سەرکردە لە گفتوگۆکانی نێوان سەرکردایەتیی شۆڕش و ڕژێمی بەعەس ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لەگەل بارزانیی نەمر و کاك مسعود بارزانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتننامەی مێژوویی یانزەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠.
پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥، ئیدریس بارزانی ڕۆڵی گرینگی هەبووە لە سەرپەرشتیی ئاوارەکان لە ئێران و خەمخۆری ڕاستەقینەی پەنابەران بوو و، لە هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنحوازدا لە ساڵی ١٩٧٦ ئیدریس بارزانی لەگەڵ ڕێزدار جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی و ژمارەیەك کادری گیان لەسەر دەست لە ژێر ئامۆژگاریی بارزانیی نەمر ئومید و هیوا و متمانەیان بۆ خەڵکی سەربەرزی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی گەڕاندەوە.
ئیدریس بارزانی هەمیشە باوەڕی بە گەل و مافە ڕەواکانی ھەبوو و ھەمیشە دەیووت هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەبێت لە پێناوی سەرخستنی پرسی ڕەوای گەلەکەمان و تێکشکاندنی داگیرکەرانی خاك و خەڵکی کوردستان بن، هەر بۆیە بەبدەسپێشخەری بەڕێزیان پاش هەوڵ و کۆششێکی زۆر بەرەی کوردستانی لە ساڵی ١٩٨٦ لەدایك بوو.
ئەم سەرکردە مەزنە ڕۆڵی گرینگی لە کۆنگرەی تاران لە ساڵی ١٩٨٧ بینی و، پێشنیاری یەکخستنی سەرجەم لایەنە عێراقیەکانی کرد بە کورد و عارەب، بە سوننە و شیعەوە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس.
مخابن بەرەبەیانی ڕۆژی ١٩٨٧/١/٣١ لە شارۆچەکەی سلیڤانای سەربە شاری ورمێ لە کوردستانی ڕۆژھەڵات لە ئێران دڵە گەورەکەی لە لێدان وەستا و بەدیمەن لەبەر چاو ون بوو. وەکو ئەستێرەیەکی گەش و پرشنگداری بەرز و پیرۆز لە ئاسمانی کوردایەتی و کوردستان و مرۆڤایەتی بۆ ھەمیشە دەدرەوشێتەوە.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەم سەرکردە مەزنە کە هەمیشە لە ویژدانی تێکۆشەرانی گەلەکەمان بەزیندوویی دەمێنێتەوە
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان
سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدە سەربەرزەکانی کوردستان
دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.