بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ھەموارکردنی یاسای دەرمانسازی، ئەمڕۆ سێشەممە ١٦/٢/٢٠٢١ لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر، بەسەرپەرشتی د.سەباح زێباری سەرۆکی لیژنە و بەئامادەبوونی جێگر و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە کۆبونەوی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر ئامادەکاری بۆ ھەمواری یاسای پیادەکردنی پیشەی دەرمانسازی ژمارە ٤٠ ی ساڵی ١٩٧٠ ی عێراق کە لەھەرێمی کوردستانیش کاری پێ دەکرێت، ئامادەبووان سەرنج و ڕای خۆیان لەسەر سێکتەری دەرمان و دەرمانسازی خستە ڕوو، و بڕیاردرا لیژنەیەکی لاوەکی پێکبھێندرێت بەھاوبەشی لەگەڵ نوێنەری لیژنەی یاسای و نوێنەری سەندیکای دەرمانسازان بەسود وەرگرتن لەو یاسایەی کەکاری پێ دەکرێت، ڕەشنوسێکی تازە ئامادەبکرێت و یاسایەکی نوێ دەربکرێت تایبەت بە ھەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر بەردەوامبوونی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆڕۆنا، بەتایبەت کە لەئێستادا لەبەشێک لە وڵاتانی جیھان زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بڵاوبووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیانی کردووەتە قوربانی، بۆ ئەم مەبەستە بڕیار درا وەک لیژنە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لەھەماھەنگی بەردەوام دەبن و چ ھەنگاوێکی گرنگ ھەبێت کە خزمەت بەکەرتی تەندروستی و سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیان بکات بیگرنەبەر، ھەروەھا گفتوگۆ کرا لەسەر گرانی نرخی پشکنینی کۆڕۆنا لە سنورەکان و گرفتەکانی ئەم پرۆسەیە،و بڕیاردرا نوسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی بکرێت بۆ چارەسەر کردنی ئەم گرفتە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.