Erbil 38°C ھەینی 27 ئەیلوول 05:22

یەکێتی قوتابیانی کوردستان بەبۆنەی 18ـی شوبات په‌یامێکی بڵاوکرده‌وه‌

کوردستان TV
#7
100%

یەکێتی قوتابیانی کوردستان بە بۆنەی 18ـی شوبات، 68ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) و ڕۆژی قوتابیانی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: یه‌كێتیه‌كه‌یان، له‌ ساڵیادی دامه‌زراندنیدا، به‌رده‌وام و پێداگر ده‌بێت له‌سه‌ر ڕێبازی كوردبوون و كوردایه‌تیی و داواكردنی مافه‌ به‌ده‌ستنه‌هاتووه‌كان.

سڵاوی زانست و خەبات....

کاتێک کە دوژمن تەنگی بەگەلەکەمان هەڵچنی بوو، کە داگیرکەران بە سەد چاو، تەماعی داگیرکاریان لە خاک و نیشتمانمان بوو. دروست 68 ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، لەسەر راسپاردەی رابەر و باوکی ڕۆحی نەتەوەییمان، (بارزانی نەمر) لە 18ـی شوباتی 1953 (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) دامەزرا.

(یەکێتی قوتابیانی کوردستان) لەنێو زەرورییەتێکی مێژوویی و نەتەوەیی دادەمەزرا و خۆشی خستە ژێر باری بەرپرسیارییەتییەکی قوڕس و گرنگ. (ی.ق.ک) تەریب لەگەڵ خەباتی مەدەنیی و پیشەییانەی خۆی کە خزمەتە بە توێژی قوتابیان و برەودانە بە خوێندنەوە و خوێندەواری، هاوسەنگەر و دەستبارگری پێشمەرگە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بووە. لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکان، بەپێی پێویستی قۆناغەکە لە خەبات دابووە. لەو پێناوەشدا دەیان شەهیدی داوە.

قوتابیانی سەرە ڕم....

لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕونا، لە سۆنگەی بەگرنگتر زانینی گیان و ژیانی قوتابیان و مامۆستایان لە هەرێمی کوردستان، پرۆسەی خوێندن ڕاگیرا.

لەو دەمەوە (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) بە بەرنامە کەوتە کار، بۆ گەڕاندنەوەی ئەو قوتابییە کوردانەی لە دەرەوە دەیانخوێند و بەهۆی داخستنی سنوور و فڕۆکەخانەکانەوە نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە بۆ کوردستان. هەروەها لە ڕێگەی لق و نووسینگە و ناوچە و سۆشیال میدیاکانییەوە، بەردەوام خەریکی بڵاوکردنەوەی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بووە.

لە هەرێمی کوردستانیش وەکو زۆربەی وڵاتانی جیھان، دوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی زیاتری تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، بۆ ساڵی نوێی خوێندنی (٢٠٢٠-٢٠٢١)یش دەرگەی قوتابخانەکان داخران و وەزارەتی پەروەردە خوێندنی ئەلیکترۆنیی و وەزارەتی خوێندنی باڵا خوێندنی ئاوێتەیی ڕاگەیاند. (یەکێتی قوتابیان کوردستان) بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی بەردەوامیدان بە خوێندن بووە، ئینجا بەهەر ڕێگەیەک کە بۆ قۆناغەکە گونجاوە. هەروەها لەگەڵ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانە و زانکۆکان بووە بەڕووی قوتابیان، لە چوارچێوەی ڕێنماییە تەندروستییەکان.

چونکە قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان پایەی پێگەیاندنی قوتابیی و نەوەی داهاتوون، لەکارکەوتنی ئەم ناوەندە زانستییانە و داخرانیان کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر پرۆسەی فێربوون و زانستخوازیی و پەروەردە.

قوتابیانی هێژا....

ئێستا کە جیهان بەگشتیی و ناوچەکە و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بە دۆخێکی ناهەمواری ئابووریی و داراییدا تێدەپەڕێت. چەند هێندەی پێشتر دوژمنان و ناحەزانی گەلەکەمان لە ڕێگەی تێکدانی نێوماڵ و یەکڕیزی نەتەوەییمان، ویستیانە پێگەی کورد لە هاوکێشەکان و کوردستان لە ناوچەکە لاواز بکەن. بۆ ئەمەش هەموو ڕێگە و هۆیەکیان گرتووەتە بەر.

لە ساڵانی ڕابڕدوودا کە پەلاماری دڕندەیی داعش شاڵاوی هێنا، گەلەکەمان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە یەکڕیزیی و بە سەرکردایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی، ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، لە کاتێکدا کە داگیرکەران و ناحەزان بە چاوی تەماعەوە، چاویان لە کەوتنی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بوو.

(یەکێتی قوتابیانی کوردستان)، لە یادی 68 ساڵه‌ی دامه‌زراندنیدا، به‌رده‌وام و پێداگر ده‌بێت له‌سه‌ر ڕێبازی كوردبوون و كوردایه‌تیی و داواكردنی مافه‌ به‌ده‌ستنه‌هاتووه‌كان و پاراستنی ده‌ستكه‌وت و مافه‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان و ئارامیی و سه‌قامگیری كوردستان. ئامانجی (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) کەشێکی لەبار و ئازاد و تەندروستە بۆ تەواوی قوتابیان بێ جیاوازی نەتەوەیی و بیروباوەڕی ئاینیی و مەزهەبیی و سیاسی، لەم پێناوەشدا پشتیوانی ھەموو ھەوڵ و بەرەوپێشچوونێک دەبێت، لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بۆ بەرەوپێشچوونی بواری  پەروەردە و خوێندن.

قوتابیانی خۆشەویست.
لە کۆتاییدا بەبۆنەی 68ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و ڕۆژی قوتابیانی کوردستان، بەناوی سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان پیرۆزبایی لە تەواوی کادیر و ئەندامانی یەکێتییەکەمان و سەرجەم قوتابیانی کوردستان دەکەین.

سەری رێز و نەوازش دادەنەوێنین بۆ شەھیدانی سەربەرزی کوردستان و شەھیدانی یەکێتییەکەمان و شەھید (فەرەنسۆ ھەریری)، کە لە ڕۆژی قوتابیان تیرۆرکرا.
لەم یادە مەزنەدا سڵاو لە رابەری نەتەوەیی و باوکی رۆحی گەلەکەمان (بارزانی نەمر) و کاکە ئیدریسی ھەمیشە لە یاد...

یەکێتی قوتابیانی کوردستان
مەکتەبی سکرتاریەت
 17ـی شوباتی 2021

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.