لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی، پەرلەمانتاری کوردستان رایدهگهێنێت: ئه‌وانه‌ى كه رێگری ده‌كه‌ن له چاكسازی له خاڵه سنوورییه‌كان ته‌نیا مه‌به‌ستی گیرفان پڕكردنیان نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستی سیاسیشیان هه‌یه و ئامانجیان لێدانه له حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.
لیزا فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی و فراکسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانى كوردستان، رایدهگهێنێت: ئه‌و گه‌نده‌ڵی و قاچاخ و بێسه‌روبه‌رییه‌ی كه لە بەشێک لە ده‌روازه سنوورییه‌كاندا ئه‌نجام ده‌درێت هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق چه‌ندین ڕێكکار بۆ كه‌لوپه‌لی هاورده‌كراو بگرێتە بەر تا بگاته ئاستێك وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق بڵێ کە مریشكی به‌ستوو و ماوه‌به‌سه‌رچوو له خاڵه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن و له‌وێوه بۆ پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ده‌هێنرێن ! له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا ده‌ڵێت له‌مه‌ودوا ئیتر بازگه‌ی تایبه‌ت داده‌نێین تاوه‌كو ڕێگری لە هاتنی ئه‌و خۆراکە به‌سه‌رچووانه بکەین.
ده‌شڵێت: ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مه‌ترسییه ئەو هەنگاوەی حکوومەتی عێراق ده‌بێته پاساوێك بۆ رێگریكردن له ته‌واوی ئه‌و كه‌لوپه‌ل و خۆراکەی كه به یاسایی له خاڵه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی کوردستانەوە هاورده ده‌كرێن و دواتر ڕه‌وانه‌ی پارێزگاکانی عێراق دەکرێن، ته‌نیا له خاڵی سنووریی په‌روێزخان ڕۆژانه 750 بارهه‌ڵگر به‌ره‌و پارێزگاكانی عێراق ده‌ڕوات، دانانی بازگه و ڕێگریكردن له هه‌ندێك خواردنی هاورده‌كراو به بیانووی خراپی و ماوەبەسەرچوونیان له داهاتوودا زیانی گه‌وره له داهاتی هه‌رێمی کوردستان ده‌دات كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتی خاڵه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی کوردستان.
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: لە چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا حكوومەتی عێراق له ڕێگه‌ی به‌رپرسی ده‌روازه سنوورییهكانهوه نووسراوێكی ده‌ركرد كه خاڵه سنووریه‌كانی هه‌رێمی کوردستان به‌ده‌ر بكرێن له كاری تڕانزێت ئه‌مه‌ش به هۆی كاری قاچاخ و پابه‌ندنه‌بوون به ڕیسا گومرگییه‌كانه‌وه كه ئه‌مه‌ش واده‌كات 50%ی داهاتی خاڵه سنوورییه‌كان كه‌م بكات.
لیزا کاکەیی راشیدهگهێنێت:ئه‌گه‌ر پرسی قاچاخ و جوڵه‌ی بازرگانیی نایاسایی به‌مشێوه مه‌ترسیداره به‌رده‌وام بێت له پاڵ ئه‌وه‌ی زیانێكی زۆر له داهاتی هه‌رێمی کوردستان ده‌درێت هۆکارێکیش دەبێت تاوه‌كو بیانوو بدرێته ده‌ست حكوومەتی عێراق كه هه‌نگاوی ناڕه‌وا به‌رامبه‌ر خاڵه سنووریه‌كانی هه‌رێمی کوردستان بهاوێ و وشك و ته‌ڕ پێكه‌وه بسووتێ.
هه‌روه‌ها رایدهگهێنێت: ئه‌وانه‌ى كه رێگری ده‌كه‌ن له چاكسازی له خاڵه سنوورییه‌كان ته‌نیا مه‌به‌ستی گیرفان پڕكردنیان نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستی سیاسیشیان هه‌یه و ئامانجیان لێدانه له حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌وه‌ی خاڵی لاواز بده‌نه ده‌ست نه‌یارانی قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان له به‌غدا تاوه‌كو رێگایان بۆ خۆشبێ کە دەستوەربدەنە سەرچاوەی داهاتی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.