Erbil 38°C شەممە 25 کانوونی دووەم 02:44

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا: نیگه‌رانین له‌وه‌ی ئێران به‌ ئاراسته‌یه‌کی هه‌ڵه‌دا ده‌ڕوات

کوردستان TV
100%

نێد پرایس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا باسی له‌ پرسه‌ گرنگه‌كانی رۆژه‌ڤ كرد و ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ ئێران به‌رده‌وامه‌ له‌ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و سنووره‌ی كه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ی پلانی هاوبه‌شدا بۆسنوورداركردنی پیتاندنی یۆرانیۆم داندرابوون.

نێد پرایس ئه‌وه‌یشی وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌كانی رابردوودا، حكوومه‌تی تاران چه‌ند هه‌نگاوێكی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆم گرتووه‌ته‌به‌ر و گوتی: "ئێمه‌ ئه‌وه‌مان دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ نیگه‌رانین له‌وه‌ی ئێران به‌ ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌دا ده‌ڕوات و له‌ ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی به‌رامبه‌ر پرۆگرامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌. ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێران و ئه‌مریكا هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانیان له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی پلانی هاوبه‌شدا جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌گیرێنه‌به‌ر به‌ ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌دا ده‌ڕۆن".

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، باسی له‌وه‌شكرد كه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئێران ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆم بكات.

دوێنێ نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی ئێران له‌ ریكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ڤیه‌ننا، كازم غه‌ریب ئابادی هه‌ڵپه‌ساردنی ته‌واوی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی راگه‌یاندبوو كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی یاسای پلانی ستراتیجیی بۆ هه‌ڵگرتنی سزاكانی سه‌ر ئێران، درابوون به‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆم.

كازم غه‌ریب ئابادی گوتی: "له‌مه‌ودوا جگه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی هیچ به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی دیكه‌یان له‌ ئه‌ستۆدا نییه‌ و فه‌رمانی پێویستیش دراوه‌ به‌ ناوه‌نده‌ ئه‌تۆمییه‌كان".

به‌گوێره‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌ له‌ئێستادا هه‌ڵپه‌سێردراون، چاودێره‌كانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی وزه‌ی ئه‌تۆم مۆڵه‌تی ئه‌وه‌یان پێده‌درا له‌ هه‌ر كاتێكدا بیانه‌وێت سه‌ردانی له‌ناكاو بۆ ناوه‌نده‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران ئه‌نجامبده‌ن.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.